پارێزگاری هه‌ولێر داوا دەکات 22 رۆژی دیکە هاوڵاتیان كه‌ره‌نتینه‌ بکرێن


وێستگه‌ نیوزـ

پارێزگاری هەولێر شەش رۆژی پێشوی قەدەغەی هاتوچۆی تەواوەتی له‌ شاره‌كه‌ به‌ سەرکەوتوو ده‌زانێت و داوا لە هاوڵاتیان ده‌كات 22 رۆژی دیكه‌ لە ماڵەوە خۆیان کەرەنتین بکەن و نه‌یه‌نه‌ ده‌ره‌وه‌، وتیشی ئه‌مڕۆ سه‌ركه‌وتنی قه‌ده‌غه‌ی هاتوچۆ راده‌گه‌یه‌نین، چونكه‌ به‌و قه‌ده‌غه‌یه‌ بۆ ماوه‌ی یه‌ك ساڵ ئابوریی هه‌ولێریان پاراستووه‌.
 
ئێواره‌ی ئه‌مڕۆ شه‌ممه‌ د.فرسەت سۆفی، پارێزگاری هەولێر چه‌ند بڕیارێكی نوێی بۆ خۆپارێزی له‌ ڤایرۆسی كۆرۆنا ده‌ركرد و سەبارەت بە ماوەی شەش رۆژی رابردوی قەدەغەی هاتوچۆ لە هەولێریش رایگه‌یاند: خەڵکی هەولێر پابەندبوونی باشیان هەبووە بۆ رێنماییەکانی ژوری ئۆپەراسیۆنی پارێزگاری هەولێر و وتی "سوپاسی خەڵکەکە دەکەین، ئێمە ئەمڕۆ سەرکەوتنی قەدەغەی هاتوچۆ لە شارەکە رادەگەیه‌نین".
 
وتیشی کە دوێنێ 39 توشبوی کۆرۆنا هەبووە، بەڵام ئەمڕۆ تەنیا 25 توشبوی کۆرۆنامان هەیە و دەڵێت " ئەگەر لەو خۆپارێزییە بەردەوام بین، بەدڵنیاییەوە ئەو ژمارەیە کەمتریش دەبێتەوە".
 
د.فرسه‌ت سۆفی راشیگه‌یاند كه‌ پێویستیان بەوەبوو 28 رۆژ قەدەغەی هاوچۆی تەواوەتی رابگەیه‌نن، بەڵام دەیانزانی کە ئەوە زۆر قورس دەبێت. 

دەشلێت"راستە شەش رۆژ ژیان و کار و کاسبیمان راگرت، بەڵام بۆ ماوەی یەک ساڵ ئابوری هەولێرمان پاراست، داواش لە خەڵک دەکەین تا 22 رۆژی دیکە لە ماڵەوە بمێننەوە و خۆیان کەرەنتینه‌ بکەن. "


PM:07:27:04/07/2020




ئه‌م بابه‌ته 2432 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو