ته‌ندروستی عیراق له‌ باره‌ی هێنانی چاره‌سه‌ره‌ رووسیه‌كه‌ی كۆرۆنا روونكردنه‌وه‌ ده‌دات

‌فۆتۆ: گێتی

وێستگه‌ نیوز ـ
وەزارەتی تەندروستیی عیراق رایگەیاند، تا ئێستا هیچ چارەسەرێکی کۆرۆنایان لە روسیاوە هاوردە نەکردووە و لە ئێستادا حکومەت توێژینەوەی ورد لەسەر کوالێتی و نرخی دەرمانە رووسییەکە دەکات.


حازم جەمیلی، بریکاری وەزارەتی تەندروستی و ژینگەی عیراق رایگەیاند، "تا ئێستا هیچ چارەسەرێکمان بۆ رووبەڕووبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە رووسیاوە هاوردەنەکردووە، چونکە چارەسەرەکەی رووسیا تایبەتمەند نییە بە چارەسەرکردنی ڤایرۆسی کۆرۆنا".

دەشڵێت: "پێشتر ئەو چارەسەرە بۆ جۆرەکانی دیکەی ڤایرۆس بەکارهاتووە و ئێستاش لە رووبەڕووبوونەوەی کۆرۆنادا بەکاردەهێنرێت". 

ئەوەشی خستووەتەڕوو، تیمە تەکنیکییەکانی حکومەت توێژینەوەی ورد لەسەر کوالێتی و نرخی چارەسەرە روسییەکە دەکەن، ئەوەش هاتووە: "لە چەندین وڵاتی جیاوازەوە چارەسەری کۆرۆنامان پێگەیشتووە، کە لەوانەیە لە چارەسەرەکەی روسیا کاریگەرتربن".

ئاماژەی بەوەشکرد، لە روسیا چارەسەرەکە بۆ توشبووانی کۆرۆنا بەکارهێنراوە و ئەنجامەکان دڵخۆشکەر بوون، بەڵام تا ئێستا زانایان نەگەیشتون بە ئەنجامی کۆتای.

لە مانگی رابردوودا، بەرپرسانی تەندروستی روسیا ئەوەیان ئاشکراکرد، دەرمانی "ئاڤاڤیر"ی وڵاتەکەیان کە پێشتر بۆ جۆرەکانی دیکەی ڤایرۆس بەکارهاتووە بە رێژەی 90% لە چارەسەرکردنی توشبووانی کۆرۆنا سەرکەوتوبووە. 


PM:12:02:02/07/2020


ئه‌م بابه‌ته 1540 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت