سبه‌ینێ مووچه‌ی ئه‌م شوێنانه‌ دابه‌ش ده‌كرێت


وێستگه‌ نیوز ـ
وەزارەتی دارایی حکومەتی هەرێمی كوردستان رایگەیاند، سبەینێ پێنجشەممە 2ی ته‌مموزی 2020، مووچەی وەزارەتی دارایی و بەڕێوەبەرایەتی گشتی رەگەزنامە و لیوای نەوت دابەشدەکرێت.

وەزارەتی دارایی حکومەتی هەرێمی كوردستان بڵاویكرده‌وه‌: رۆژی پێنجشەممە، مووچەی وەزارەتی دارایی و بەڕێوەبەرایەتی گشتی رەگەزنامە و لیوای نەوت دابەشدەکرێت.

راشیگەیاند، ئەمڕۆ بەهۆی رێکخستنی میزانیەی نیوەی ساڵ لەلایەن بانکەکان مووچە دابەشناکرێت، بەڵام سبەینێ دەست بە دابەشکردنی مووچە دەکرێتەوە.

ئەو مووچەیەی کە حکومەتی هەرێم لە ئێستادا دابەشی دەکات، مووچەی مانگی شوباتی ئەمساڵە و هاوکات بەشێکیشی لێبڕاوە و مووچەی تەواو نییە.

دابەشکردنی مووچە لەکاتێکدایە، رۆژی 21ی ئەم مانگە، حکومەتی هەرێم چەند بڕیارێکی نوێی بۆ کەمکردنەوەی مووچە و دەرماڵەی فەرمانبەران دەرکرد و بەپێی بڕیارەکان بە رێژەی 21٪ مووچەی زۆرینەی فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێم کەمکرایەوە.

نزیکەی 50 رۆژە مووچە دابەشنەکراوە، سەرباری ئەوەی بەغدا لە مانگی رابردوودا بڕی 400 ملیار دیناری رەوانەی هەرێم کرد، دواتر حکومەتی هەرێم رایگەیاند، بۆ دابەشکردنی مووچەی مانگی یەک قەرزی لە کۆمپانیاکان کردووە و بڕێکی زۆری پارەکەی بەغدای بۆ دانەوەی ئەو قەرزانە تەرخان کردووە، بەو هۆیەوە دابەشکردنی مووچە دواکەوتووە.


PM:01:27:01/07/2020


ئه‌م بابه‌ته 18252 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت