ئه‌مریكا بۆ عیراق: یان پشتیوانی و پاڵپشتی، یان جیابونه‌وه‌ و سزا


وێستگه‌ نیوزـ

ئیداره‌ی ئه‌مریكا دوو بژارده‌ی خستوه‌ته‌ به‌رده‌م به‌رپرسانی عیراق بۆ گفتوگۆی ستراتیژیی نێوانیان و پێیان ده‌ڵێت "یان پشتیوانی و پاڵپشتی، یان جیابونه‌وه‌ و سزا".

ده‌یڤد شنیكه‌ر، یارده‌یده‌ری وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مریكا بۆ كاروباری خۆرهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست رایگه‌یاند كه‌ له‌میانی به‌ڕێوه‌چونی گفتوگۆی ستراتیژی له‌نێوان به‌غدا و واشنتن، پێویسته‌ سه‌ركرده‌كانی عیراق وه‌ك سه‌ركرده‌یه‌ك ره‌فتار بكه‌ن كه‌ وڵاتێكی خاوه‌ن سه‌روه‌رییان هه‌یه‌.

شنیكه‌ر ئه‌م قسانه‌ی له‌ سیمینارێك له‌ په‌یمانگه‌ی خۆرهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست كردوه‌ و وتویه‌تی "گفتوگۆی ستراتیژی ئایینده‌ی بوونی هێزه‌كانی ئه‌مریكا له‌ عیراق دیاری ده‌كات و وامان لێ ده‌كات به‌ بژارده‌یه‌كی توند روبه‌ڕوی سه‌ركرده‌كانی عیراق ببینه‌وه‌".

ده‌شڵێت "گفتوگۆی ستراتیژی وامان لێ ده‌كات به‌ بژارده‌ی توند روبه‌ڕوی سه‌ركرده‌كانی عیراق ببینه‌و، ئه‌گه‌ر عیراییه‌كان وه‌ك ده‌وڵه‌تێكی خاوه‌ن سه‌روه‌ری ره‌فتاریان كرد، ئه‌وا سودی گه‌وره‌ی بۆیان ده‌بێت، ئه‌گه‌ر واش نه‌بوون، ئه‌وا ئه‌مریكا ناتوانێت پابه‌ندبێت به‌ به‌ڵێنه‌كانی و مانه‌وه‌ی خۆی له‌ عیراق".

شینكه‌ر رونی كردوه‌ته‌وه‌ كه‌ ده‌بێت عیراق وه‌ك وڵاتێكی خاوه‌ن سه‌روه‌ری له‌ پرسی هێزه‌ ده‌ره‌كییه‌كاندا ره‌فتار بكات و رێگه‌ نه‌دات بریكاره‌كانی ئێران هه‌ڕه‌شه‌ له‌ سه‌لامه‌تیی دیپلۆماتكاران و هێزه‌كانی ئه‌مریكا و هێزی هاوپه‌یمانان بكه‌ن.

بڕیاره‌ له‌ 10ی ئه‌م مانگه‌دا گفتوگۆی ستراتیژیی نێوان عیراق و ئه‌مریكا ده‌ستپێبكات و له‌و گفتوگۆیه‌دا چاره‌نوسی مانه‌وه‌ی هێزه‌كانی ئه‌مریكا له‌سه‌ر خاكی عیراق یه‌كلایی بكرێته‌وه‌.


PM:01:09:06/06/2020


ئه‌م بابه‌ته 1508 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت