شاسوار عەبدولواحید پەیامێكی نوێی بڵاوكردەوە

‌شاسوار عەبدولواحید

وێستگە نیوز-

شاسوار عەبدولواحید، سەرۆكی جوڵانەوەی نەوەی نوێ پەیامێكی نوێی لەسەر دۆخی ئێستا بڵاوكردەوە و دەڵێت "ئاخر جەند ساڵە ئەم حیزبانە سیاسەت دەكەن، بۆیە حاڵی وڵاتمان و گوزەرانی میلەتەكەمان چەندە باش و جوانە!!".

شاسوار عەبدولواحید، سەرۆكی جوڵانەوەی نەوەی نوێ لەو پەیامەیدا رایگەیاندووە "بۆچی لە كاتی بانگەشەی هەڵبژاردن هەرچی حیزبە وەك ئۆپۆزسیۆن مامەڵە دەكات و خۆی وەك خزمەتكاری میللەت دەردەخات، كەچی لە دۆخێكی وەك ئێستا و چەند رۆژی رابردوو كە حكومەت ویستی میللەتێك زیندانی بكات، یان كاتێك میللەت خۆپیشاندان ئەنجام دەدات، یەك حیزب هەڵوێستی نەبوو، هەمووی خۆیان بێ دەنگ كردووە و تەنانەت میدیاكانیشیان روماڵی خۆپیشاندان ناكەن".

ناوبراو ئاماژەی بەوەكردووە "ئەوەی سەیریشە هەندێكیان لەبری ئەوەی ڕوی تیرەكانیان بكەنە زوڵم و ناحەقی دەسەڵات، كەچی پشتیوانی و پەیامی برایەتی ئاراستەی دەسەڵات دەكەن و تیرەكانیشیان ئاراستەی ئێمە دەكەن".

شاسوار عەبدولواحید دەڵێت "ئاخر جەند ساڵە ئەم حیزبانە سیاسەت دەكەن، بۆیە حاڵی وڵاتمان و گوزەرانی میلەتەكەمان چەندە باش و جوانە!! كاتێك خەڵك پێویستی بەو حیزبانەیە هەموی سەری خۆی كز كردوە و خەریكی كۆبوونەوە و پارە و پۆست دابەشكردن".

هەروەها وتویەتی "هیوادارم هیچ ئەندامێكی حیزب وەك كۆیلەی حیزب مامەڵە نەكات و وەڵام نەداتەوە، بەڵكو وەك مرۆڤی ئازاد بدوێت، چی حەقە بیڵێت، چونكە ئێوە بە ئازادی لە دایك بوون، چونكە ئەوەی لەسەر ئێمە و نەوەی نوێیە ئەوەیە كە پشتی خەڵك دەگرین و ئامادەین باجەكەیشی بدەین".

شاسوار عەبدولواحید، سەرۆكی جوڵانەوەی نەوەی نوێ رۆژی سێشەممەی رابردوو لەكاتی خۆپیشاندانی ژمارەیەك دوكانداری شاری سلێمانی بۆ شكاندنی قەدەغەی هاتووچۆ چووە نێو خۆپیشاندەران و پشتگیری كردن.


AM:12:28:05/06/2020


ئه‌م بابه‌ته 10960 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو