ده‌رباز كۆسره‌ت ره‌سوڵ: له‌ سه‌رده‌می حوكمڕانی باوكم هیچ مووچه‌یه‌كی فه‌رمانبه‌ران نه‌فه‌وتا

‌دەرباز كۆسرەت رەسوڵ

وێستگه‌ نیوز ـ
دەرباز كۆسرەت رەسوڵ، كارگێڕی مەكتەبی سیاسی یەكێتی نیشتمانی كوردستان، رایدەگەیەنێت، تائێستا شەراكەت لە ئیدارەی خۆجێیەتی هەولێر نییە و یەكێتیش هاوبەش نییە لەو شارە، دەشڵێت: "لەسەردەمی حوكمڕانی كۆسرەت رەسوڵ سەرباری بوونی چەندین ئابڵوقە لەسەر هەرێم و دروستبوونی شەڕی ناوخۆ، بەڵام مووچەی فەرمانبەران نەفەوتا".


دەرباز كۆسرەت ره‌سوڵ، لە دیمانەیەكی تەلەفزیۆنیدا لەگەڵ میدیاكانی یەكێتی، ئاماژه‌ی به‌وه‌دا: "لەدوای یەكگرتنەوەی ئیدارەی حكومەتی هەرێم، نەمانتوانیوە بەپێی پێویست خزمەتی یەكێتییەكانی هەولێر بكەین، ئەوان مافی خۆیانە گلەیی بكەن و نازیان بەسەر یەكێتییەوە هەیە".

وتیشی: "ئێمە بڕوامان بە تەبایی و یەكڕیزیی حكومەتی هەرێم و لایەنە سیاسییەكان هەیە، لەسەر ئەو بنەمایەش هەوڵ دەدەین بتوانین لە رێگەی حكومەتی هەرێمی كوردستانەوە، بە بیركردنەوەو شێوازێكی جیاوازەوە، شەراكەتێك لەسەر ئەساسی حكومەتی خۆجێیەتی هەولێر دروستبكەین، كە بەداخەوە ئەو شەراكەتە لەئێستادا نییە".

دەرباز كۆسرەت رەسوڵ، ئاماژەی بەوەشكرد: "ئێمه‌ وەك یەكێتی تائێستاش هاوبەش نین لە حكومەتی خۆجێیەتی هەولێر، ئومێد دەكەین ئەگەر دەرفەت هاتە پێشەوە و پەیوەندییەكان باشتر بوون، ئەو پرسەش بكەینە پرسێكی گەرمی گفتوگۆكانمان".

كارگێڕه‌كه‌ی مەكتەبی سیاسی یەكێتی راشیگەیاند: "شانازییە بۆ ئێمە كە باسی سەردەمی حكومڕانیی كاك كۆسرەت دەكرێت، بەڕاستی ئەوكات حكومەت حكومەتی خانووە قوڕەكان بوو، خەڵك دەیزانی كە توانای دارایی حكومەت چەندەو بەراوردی لەنێوان سەردەمی پێش راپەڕین و دوای راپەڕین دەكرد، بۆیە بە حكومەتی خۆیان دەزانی".

ئاماژەی بەوەشكرد كە لەو سەردەمەدا سەرباری بوونی چەندین ئابڵوقە لەسەر هەرێمی كوردستان و دروستبوونی شەڕی ناوخۆیی، بەڵام رۆژێك مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم نەفەوتا.

لەبەشێكی تری گفتوگۆی ئەودیدارەدا لەگەڵ كارگێڕی مەكتەبی سیاسیی یەكێتی تیشكی خستەسەر پەیوەندییەكانی ئێستای نێوان پارتی و یەكێتی گرفتەكانی بۆ "نەمانی متمانە" گەڕاندەوە.

هەروەها دەرباز كۆسرەت رەسوڵ باسلە قۆناغەكانی دوای كۆنگرەی چوارەمی یەكێتی دەكات و باسلەو هەماهەنگییە دەكات كەلەنێوان ئەنجومەنی باڵای سیاسی یەكێتی و مەكتەبی سیاسی حزبەكەدا هەیە.

هــ. ر

 

 


PM:06:13:03/06/2020


ئه‌م بابه‌ته 5420 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو