لە خۆپیشاندانەکانی دوێنێ چی رویدا؟

‌خۆپیشاندانی‌ شاری‌ سلێمانی‌ رۆژی‌ 2/6/2020 دژی‌ داخستنی‌ دوكانی‌ كاسپكاران به‌هۆكاری‌ بوونی‌ په‌تای‌ كۆرۆنا: زمناكۆ ئیسماعیل


وێستگه‌ نیوز- زمناكۆ ئیسماعیل

دەمژمێر یەکی پاش نیوەڕۆی رۆژی سێ شەممە دووی یۆنیۆی ٢٠٢٠ گەیشتمە بەردەم باخی گشتی سلێمانی، ووێنە گشتییەکە کە وەرمگرت بەم جۆرە بوو.

یەکەم: خەڵکێکی دوکاندار هاتبون بۆ داواکاری کردنەوەی دوکان و شوێنی کارکردنیان.

دوهەم: خەڵکێکی هەژاری تینوی گۆڕانکاری لە دەسەڵات و شێوازی بەڕیوەبەرێتی حوکمی ئەم هەرێمە لەوێ بون و گەرەکیان بوو لە نزیکەوە ئاگاداری ئەو دۆخەبن.

سێهەم: خەڵکێکی حیزبی هاتبون بۆ چەسپاندنی مەرامی حیزبی خۆیان.

چوارهەم : هێزێکی مەدەنی سەر بە هێزە ئەمنییەکان لەوێ بون بۆ دۆخی لەناکاو وەک لەکۆتایدا بینیمان و ئەمانە بون بەهۆکاری دەستگیر کردنی کۆمەڵێک خەڵک.

پێنجهەم: هێزی ئاڕ ئاڕ لەوێ بون بۆ وەشاندنی گورزی دزی و تاڵانی، ئەمانە چەند کەسێکبون، کە پێشینەی خراپیان هەیەو لەنێو هەموو شوێنەکاندا دەناسرێنەوەو منیش لەلای خۆمەوە ئەمانەم هەر زوو ناسییەوە.

تێکەڵ بە خۆپیشندانەکان بوم و یەکڕاست هەمان خۆپیشاندانی ٨ ی ئۆگەستی ٢٠٠٦ م بیرکەوتەوە، کە لەبەردەم پاڵاسدا کراو ئەو رۆژە زیاتر لە ١٩٤ کەس دەستگیر کران و بران بۆ گرتوخانەی کانی گۆمە ناسراوبوو بە (گوانتانامۆی کوردی)، لەنێو خۆپیشاندانەکان خەڵکانێکی زۆرم دەبینی کە چەندین ساڵە لەریزی خۆپیشاندانن و دێن بۆ داواکاری و مافی خۆیان و هاونیشتیمانیان، لەگەڵ ئەوەشدا داواکارییەکانیان رەوا بوو، هەر لەبەر رەوایەتی داواکارییەکانیان بەرپرسانی ئیداری سلێمانی، چونە ژێر باری و بڕیار درا بۆ رۆژی دوایی، واتە ئەمڕۆ ٣ ی یۆنیۆ، داواکارییەکانیان جێبەجێ بکرێت.

چەند ئەندام پەڕڵەمانێکی ئێستاو چەند دانەیەکی خولی پێشوو، وەک پیشەیی هەمیشەییان خۆیان تێکەڵ بەخۆپیشاندانەکان کرد، لەگەڵ ئەوەشدا سەرۆک حیزبێک خۆی هەڵدایە نێو ئاپۆڕای خۆپیشاندەران، ئالێرەوە خۆپیشاندەران دەرکیان بەوە کرد کە نابێت کەس سواری شەپۆلی ناڕەزایەتییەکان بێت، هەندێک لەوانە فشاریان خستە سەر ئەو کەسانەو لەنێو خۆپیشاندانەکان دەریان کردن، کەمینەیەکی دیکە لەخۆپیشاندەران، بەڕقدا کەوتن و ئەو شوێنەیان چۆڵکرد، بەڵام زۆرینە مایەوە، تا دەهات لەنێو گەڕەک و شوێنە نزیکەکانی ناو شار، خۆپیشاندەران فراوانتر دەبون و خەڵکی زیاتر دەهاتنە نێویان.

هەندێک لەوانەی کە تازە هاتبون، بون بەهۆکاری بزواندنی هەستیان (حەماس گرتن)، و ئەوەش وایکرد بەردوو دەبەی ئاویان دەگرتە پۆلیس و پۆلیسی چالاکی مەدەنی و ئاسایش و هێزی لیوای پاراستنی یەکی سلێمانی، ئەمەش زوو هەستی پێکرا کە خۆپیشاندانەکان بەرەو لارێ دەبرێت و خەڵکی جۆراو جۆر تێکەڵ بەخۆپیشاندانەکان بوە.

لەبەردەم قائیمقامییەت و لەنزیک خودی قائیمقام مامەوە، لەنێو کەسانی پلەداری سەربازی ئەو شوێنەدا بوم، هەموو ئەوانە کۆکبون لەسەر ئەوەی کە بەهیچ شێوەیەک، نەهێڵن خۆپیشاندانەکان بەرەو توندو تیژی بڕوات، چونکە چەند دەمژمێرێکی دیکە خۆر ئاوا دەبێت و بۆ رۆژی دواتر پلانی کردنەوەی دوکان و بازاڕ دەچێتە بواری جێبەجێکردن.

بەڵام بەهۆی فشاری خەڵکێک بۆ سەر هێزە ئەمنییە جۆر بەجۆرەکانی ئەوێ و بەهۆی هەڵەی یەک پۆلیس کە پەلە پیتکەی لەسەر دەمانچەی غاز تەقاندن بوو، فیشەکی تەقاند بۆ نێو خۆپیشاندەران، دۆخەکە شڵەقاو بەرەو گرژی و ئاڵۆزی رۆیشت، لەم بارەدا (حاڵەت)، چەند کەسێک کەلەبەردەستدا بون دەستگیر کران، کە خەڵکی بەتەمەن و خەڵکانی کاسپی بازاڕیشی تیادا بوو، چەند گەنجیک دەستگیر کران، هەندیک کەسانی نێو ئەو هێزانەش نا بەرپرسانە مامەڵەیان لەگەڵ خۆپیشاندەراندا دەکرد و ئازاریاندان و هەندێکی دیکەشیان لێدەستگیر کردن.

هێزە ئەمنییە جۆر بەجۆرەکان خۆیان رێکخستەوە، سەرەتا هەوڵی زۆریاندا کە ئەو کەسانە دوور بخەنەوە هەتا خۆر ئاوابون بەو جۆرە بمێنێتەوە، بەڵام دیسان کەسانی نا بەرپرس لەنێو هێزەکان و کەسانێکی قۆزەرەوەی هەوڵ و ماندوبونی خۆپیشاندەران، دۆخەکایان گەیاندەوە گرژی و ئاڵۆزی و دوبارە پێکدادان رویدا.

ئەوەی من تێبینیم کرد:

یەکهەم: داواکاری خۆپیشاندەران جێبەجێکرا، کەکردنەوەی دوکانەکان بوو، بەڵام کەسانێکی حیزبی و باڵی حیزب و خەڵکێکی خاوەن بەرژەوەندی، خەڵکی خۆیان تێکەڵ بە خۆپیشاندەران و خەڵکانی هەژاری ئەوێکرد، بۆ ئەوەی دۆخەکە بەرەو شێواندن و ئاڵۆزکاندن ببەن.

دوهەم: توندوتیژی بۆ سەر رۆژنامەنوسان هەبوو، ئەوەش لەلایەن کەسانی نابەرپرس بوو، بەبێ ئەوەی کە ئەمری ئەوەیان پێ بێت، مۆبایل و کامێرایان لەو کەسانە وەردەگرت کە ڤیدیۆیان تۆمار دەکرد و چەند کەسێکیان لێ دەستگیر کردن و هەندێکیشیان ئامێرەکانی کاری رۆژنامەنوسییان بردن.

من وەک خۆم چوار جار هەوڵهەبوو کامێراکەم لێ بسەندرێت، بەڵام بەهەوڵی بەرپرسانی ئەمنی ئەوێ بە سوپاسەوە کە چاویان لەسەرمبوو، هەریەکەو لە شوێنێک رێگر بون لەوەی کە کامێراو ئامێرەکانی ئیشکردنی رۆژنامەوانیم لێنەسەندرێت، بەسوپاسەوە بۆ هەریەکەیان، کەلەبەر دۆخی ئەمنی ئەوان ناویان ناهێنم لێرە.

سێهەم: ئەوەندەی من لەنێویاندا بوم، هێزە ئەمنییەکان ئەمری تەقەیان پێنەبوو،تەنانەت بەرپرسەکانی ئەویاش رێگربون لەتەقەکردن لەخۆپیشاندەر، بەڵام هەرچۆن لەنێو هەموو خۆپیشاندانێک کەسانیک نابەرپرسانە مامەڵە دەکەن، لەنێو هێزە ئەمنییەکانیش کەسانێک هەن نابەرپرسانە تەقە دەکەن و کێشەکان بەرەو ئاڵۆزکاندن دەبەن، (ئەمە لایەنگری دەسەڵات نییە، بەڵام من چی ببینم ئەوە دەڵێم)، لەنێو ئەو کەسە نابەرپرسانەدا، لە چەند لایەکەوە تەقە کرا، چی بە ئاسماندا بێت، یاخود روبەڕوی خۆپیشاندەر، هەرچەندە ئەمە نافەرمییە، بەڵام لە شەقامەکانی دیکەوە هەواڵی ئەوە هەبوو کە برینداری خۆپیشاندان بەفیشەک هەبێت و تا ئێستاش ئەم زانیارییە پشتڕاست نەبۆتەوە.

چوارهەم: خۆپیشاندانەکانی دوێنێ، خۆڕسک بوو، هەموو خۆپیشاندانێکی خۆڕسک، دوو ئاراستە وەردەگرێت.
ئاراستەی یەکەم: پەشێوی و شۆڕش و راپەڕین.

ئاراستەی دوهەم: دامرکاندنەوەو چۆڵکردنی شەقام بەخۆپیشاندەران و دەستگیرکردنی کەسانێک لەوان.
خۆپیشاندانەکانی دوێنێ بەرەو ئاراستەی دوهەم رۆیشت، بە چۆڵکردنی شەقام و دەستگیرکردنی هەندێک لەخۆپیشاندەران کۆتایی هات، تا نزیک هەشتی شەویش دەستگیر کراو لەلای هێزە ئەمنییەکان مابون، بەڵام پاش ئەو کاتە ئاگادار نەمام کە چەندیان بەربون و چەندیان ماون.

پێنجهەم: ئامانجی خۆپیشاندانی دوێنێ، گۆڕینی دەسەڵات نەبوو، بەڵکو داواکارییەکان ئابوری و دارایی و مافی ژیانی سەرەتایی تاک بوو، وەک هاوشێوەی خۆپیشاندانەکانی مامۆستایان و فەرمانبەران، جیاواز لەخۆپیشاندانەکانی ٨ی یۆنیۆی ٢٠٠٦ و ١٧ شوباتی ٢٠١١ و خۆپیشاندانی ٢٠١٥ و ٢٠١٧، هەر لەبەر ئەو هۆکارەشبوو کە کاسبکاران و خەڵکانی خاوەن بەرژەوەندی ئابوری تاک، لەخۆپیشاندانەکان کشانەوە، ئەوەی مایەوە، چین و توێژی جیاوازبون، بەڵام زۆرینەیان هەژارو نەداری دڵپڕ و بەجۆشی ئەم هەرێمە.

شەشهەم خاڵ و کۆتایی: بەوپێیەی هێزە ئەمنییەکان ئەمری تەقەکردن و دەستگیر کردن و لێدان لەخۆپیشاندەرانیان پێنەبوو، بەڵام ئەوەی چاوەڕوانی بوین بینیمان کە دۆخەکە بەو جۆرە کەوتەوە، مافی خەڵک و چالاکوانی مەدەنی و ئێمەی رۆژنامەنوس و هاو ووڵاتی و هاو نیشتیمانیانیشە کە داوا بکەین تەقەکاران و ئەوانەی توندوتیژییان کرد بدرێنە دادگا، دەبێت هێزە ئەمنییەکان و بەرپرسانی ئەو هێزانەی کە لەنێو شەقامەکان بون بۆ پارێزگاریکردن لە ئاسایشی و ژیان و گوزەرانی خەڵک، خۆیان لێپرسینەوەو لێپێچینەوە بکەن لەو کەسانەی کە تەقەکار و ئازاردەری خۆپیشاندەران بون.

تێبینی: دوو ووێنە لەنێو خۆپیشاندەران و هێزە ئەمنییەکان.


PM:04:07:03/06/2020






ئه‌م بابه‌ته 9760 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت