ژووری ئۆپەراسیۆنی پارێزگای سلێمانی چەند بڕیارێكی نوێی دەركرد


وێستگە نیوز-

ژووری ئۆپەراسیۆنی كۆرۆنا لەپارێزگای سلێمانی چەند بڕیارێكی نوێی بۆ ئاساییكردنەوەی دۆخی ژیان دەركرد.

ئەمڕۆ د.هەڤاڵ ئەبوبەكر، پارێزگاری سلێمانی و سەرۆكی ژووری ئۆپەراسیۆنی كۆرۆنا لەپارێزگای سلێمانی چەند بڕیارێكی نوێی بۆ ئاساییبوونەوەی ژیان دەركرد كە لەكاتژمێر 6ی ئێوارەی ئەمڕۆوە قەدەغەی هاتووچۆ كۆتایی دێت.

لەبڕیارەكانی پارێزگاری سلێمانیدا هاتووە، لەسەعات (٦)ی ئێوارەی ڕۆژی (٣/ ٦/ ٢٠٢٠)ەوە بەپێی ئەم ڕاگەیەندراوەو ڕێكارو ڕێنماییەكانی پێشتر لەلایەن وەزارەتە پەیوەندیدارەكان‌و لیژنەی باڵای ئۆپراسیۆنەكانی پارێزگای سلێمانی بۆ بەرەنگاربوونەوەی كۆرۆناو قائمقامیەتی قەزای مەڵبەندی سلێمانی‌و بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی سلێمانی‌و فەرمانگە پەیوەندیدارەكانی تر پەیوەست بە بوارە جیاجیاكان دیاریكراون، لەژێر چاودێریی‌و لێپرسینەوەو پشكنینی وردو توندی لیژنەكانی بەدواداچوون‌و لیژنەكانی قائمقامیەتەكان‌و بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستیدا، سێكتەرەكان دەكرێنەوە، هەركەس‌و شوێنێك پابەندی تەواوی ڕێكارو ڕێنماییە تەندروستیی‌و كارگێڕیی‌و ئارامییەكان نەبێت، شوێنەكەی بۆماوەی هەفتەیەك دادەخرێت‌و ڕێكاری یاساییش بەرامبەر خۆی دەگیرێتەبەر.

هەروەها ئاماژە بەوەدراوە "پێویستە هەموو ئەو بوارو سێكتەرو شوێنی كارو دامەزراوانە لە كەرتی گشتی‌و تایبەتدا، پابەندی تەواوی ڕێوشوێنەكانی تەندروستیی‌و خۆپارێزیی بن‌و پێداویستی پاكژكردنەوەو كەلوپەلی خۆپارێزیی بەكاربهێنن و پەیڕەوی ڕێنماییە تەندروستییەكان بكەن".

لەخاڵێكی دیكەش هاتووە "پێویستە دووریی نێوان كەسێك بۆ كەسێكی تر لە هەموو شوێنە گشتیی‌و فەرمانگەو دامەزراوەكان‌و بازاڕو مۆڵ‌و ماركێتەكاندا لە (یەك مەترو نیو) كەمتر نەبێت‌و نابێت لە هیچ شوێنێكدا بەریەككەوتن‌و تێكەڵاوبوون‌و كۆڕو كۆبوونەوەو قەرەباڵغی ڕووبدات، بەپێچەوانەوە ئەو شوێنە دادەخرێت‌و خاوەنەكەی ڕووبەڕووی ڕێكاری یاسایی دەكرێتەوە، لە فەرمانگەكانی دەوڵەتیشدا بەڕێوەبەری فەرمانگەكە ڕووبەڕووی لێپرسینەوەی یاسایی و كارگێڕیی دەكرێتەوە".

بۆ دەوامی فەرمانگەكانیش دەڵێت "لە ڕۆژی (٧/ ٦/ ٢٠٢٠)ەوە بەپێی ئەو بەرنامەیەی پێشتر لەلایەن هەر فەرمانگەیەكەوە دیاریكراوە دەوامی فەرمیی فەرمانگەكانی دەوڵەت دەستپێدەكاتەوە، پێویستە فەرمانبەران پابەندی تەواوی ڕێوشوێن‌و ڕێكارو ڕێنماییە تەندروستیی‌و خۆپارێزییەكان بن‌و پێشوازیی لە هیچ سەردانكەرو هاووڵاتییەك ناكرێت ئەگەر كەلوپەلی خۆپارێزیی (ماسك‌و دەستكێش)ی بەكارنەهێنابێت، لە هەموو فەرمانگەكاندا پێویستە لەڕێی سیستمی یەك پەنجەرەوە مامەڵەكان لە هاووڵاتیان وەربگیرێت‌و لەهەمان شوێنەوە وەڵام بدرێنەوەو هاتنە ناو بەڕێوەبەرێتی‌و بەش‌و ژوورەكانی فەرمانگەكان قەدەغەیە، لە هەر شوێنێكدا سەرپێچی بكرێت بەڕێوەبەری ئەو فەرمانگەیە ڕووبەڕووی لێپرسینەوەو ڕێكاری یاسایی دەكرێتەوە".

هەروەها دەڵێت "تیمی تەندروستی‌و پشكنین لە هەموو دەروازە نێودەوڵەتی‌و بازگە سەرەكییەكانی نێوان سلێمانی‌و شارەكانی تری دەرەوەی هەرێمی كوردستاندا بە جێگیریی دەمێننەوەو پشكنین‌و ڕێنمایی تەندروستیی پێشكەش دەكەن، هەر كەمتەرخەمییەك لەم بوارەدا بەڕێوەبەری دەروازەو مەرزو بازگەكان‌و بەڕێوەبەرێتی گشتیی تەندروستی ڕووبەڕووی لێپرسینەوەی یاسایی‌و كارگێڕیی دەكاتەوە".

لەبەشێكی دیكەی بڕیارەكان هاتووە، دوای تەواوبوونی ماوەی كەرەنتینەكردنی دیاریكراوی دەروازەی نێودەوڵەتی باشماخ وەك لە بڕگەی (دەیەم)ی بەیانی ژمارە (٣٨)ی ساڵی (٢٠٢٠)ی وەزارەتی ناوخۆدا هاتووە، دەروازەكە لەژێر ڕێوشوێن‌و ڕێكارو ڕێنمایی توندی تەندروستیی‌و كارگێڕیی‌و ئارامییدا دەكرێتەوەو هەماهەنگیی لەگەڵ لایەنی كۆماری ئیسلامیی ئێران دەكرێت بۆ كۆنترۆڵكردنی تەواوی لایەنی تەندروستیی لە هەردوولاوە.

بڕیارێكی دیكەش ئاماژە بەوەدراوە، هاتووچۆ لەنێوان سنوری ئیداری پارێزگای سلێمانی‌و پارێزگاكانی تری دەرەوەی هەرێمی كوردستاندا بە ڕاگیراوی دەمێنێتەوەو لەدوای (٧/ ٦ /٢٠٢٠)یشەوە پێویستە تەنها بە ڕەزامەندیی وەزارەتی ناوخۆو بەپێی پشكنین‌و ڕێكاری تەندروستیی‌و كۆرەنتینەكردن هاتووچۆی دیاریكراوی ڕێگەپێدراو هەبێت، بازگەی جێگیرو تیمی گەڕۆك لە هێزەكانی ئاسایشی ناوخۆ ڕاسپێردراون بۆ كۆنترۆڵكردن‌و ناوچەو ڕێگا لاوەكیی‌و نایاساییەكان‌و هەركەس هەوڵی بە نایاسایی هاتنە سنوری ئیداریی پارێزگای سلێمانی بدات ڕووبەڕووی ڕێكاری یاسایی توند دەكرێتەوە.

لەبەشێكی دیكەش دەڵێت، هەموو هۆكانی گواستنەوەی گشتی (تەكسی، پاس، مینی پاس) پێویستە پابەندی ڕێكارو ڕێنماییە تەندروستیی‌و خۆپارێزییەكان بن‌و بەپێچەوانەوە لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی هاتووچۆی پارێزگای سلێمانییەوە بۆماوەی هەفتەیەك دەست بەسەر ئۆتۆمبێلەكانیاندا دەگیرێت.

لەبەشێكی دیكەش دەڵێت "پێویستە بەنزینخانەو كارمەندانی بەنزینخانەكان پابەندی تەواوی ڕێكارو ڕێنماییە تەندروستییەكان بن‌و لەلایەن كارگوزاری بەنزینخانەكانەوە سوتەمەنیی بكەنە ئۆتۆمبێلەكانەوەو نابێت شۆفێر یان سەرنشین لە ئۆتۆمبێلەكانیان بێنە خوارەوە، بەهەموو شێوەیەك سەردانیكردنی نەخۆش لە نەخۆشخانەكاندا قەدەغەیە، پرسەدانان‌و ئاهەنگگێڕان‌و، هەر كۆڕو كۆبوونەوەیەك كە بەریەككەوتن‌و تێكەڵاویی دروست بكات قەدەغەیە".



PM:12:46:03/06/2020


ئه‌م بابه‌ته 3716 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت