سه‌رۆكی هه‌رێم و سه‌رۆكی حكومه‌ت په‌یامێكیان ئاراسته‌ی یه‌كێتی كرد

‌نێچیرڤان بارزانی و مەسرور بارزانی

وێستگه‌ نیوزـ

به‌بۆنه‌ی یادی 45 ساڵه‌ی دامه‌زرانی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستانه‌وه‌ له‌ دوو په‌یامی جیادا هه‌ریه‌ك له‌ سەرۆکی هەرێم و سه‌رۆكی حكومه‌تی کوردستان پەیامی پیرۆزباییان ئاراستەی یه‌كێتی كرد.

نێچیرڤان بارزانی، سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان، په‌یامه‌كه‌ی هاوسەرۆكان و ئەنجومەنی باڵای سیاسی و بەرژەوەندی و مەكتەبی سیاسیی‌ یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان كرد و رایگه‌یاند: "ئێستا لایەنە سیاسییەکان لە هەموو کاتێک زیاتر پێویستییان بە یەکڕیزییە و له‌ رابردوودا هاوكاری‌ و هه‌ماهه‌نگیی‌ سه‌رۆك مام جه‌لال كه‌ ئه‌مڕۆ به رێزه‌وه یادی‌ ده‌كه‌ینه‌وه‌، له‌گه‌ڵ سه‌رۆك مه‌سعود بارزانی‌، سه‌لمێنه‌ری‌ ئه‌و راستییه‌ن."

له‌ په‌یامێكی دیكه‌شدا كه‌ به‌هه‌مان بۆنه‌ ئاراسته‌ی یه‌كێتیی كردوه‌، مه‌سرور بارزانی، سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ده‌ڵێت "یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان هاوبەشێکی گرنگ و سەرەکییە لە حکومەتی هەرێمی کوردستاندا و "ئومێدەوارم بەیەکەوە لە گەڵ بزووتنەوەی گۆڕان و تەواوی لایەنە سیاسی و پێکهاتەکانی هەرێمی کوردستان، هەماهەنگ و هاوکار بین بۆ داکۆکیکردن لە مافە دەستوورییەکانی هەرێمی کوردستان و تێپەڕاندنی ئەم دۆخە سەختەی ئێستا، لە رێگەی پشتیوانیکردن لە کارنامەی حکومەتی هەرێمی کوردستان و ئەنجامدانی پرۆسەی چاکسازی کە داوا و خواستی گشت لایەنەکان و هاوڵاتییانە."

دەقی پەیامەکەی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان:
 
په‌یامی سه‌رۆکی هه‌رێمی کوردستان بۆ یادی دامه‌زراندنی یه‌کێتیی نیشتمانیی کوردستان 
 
به‌ڕێزان هاوسەرۆكان و ئەنجومەنی باڵای سیاسی و بەرژەوەندی و
مەكتەبی سیاسیی‌ یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان
 
له‌ (45)هه‌مین ساڵیادی‌ دامەزراندنی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستاندا، پیرۆزبایی لە ئێوەی بەڕێز و سەركردایەتی و ته‌واوی‌ ئه‌ندامان و جەماوەری یەكێتی دەكه‌م، هیوای‌ سه‌ركه‌وتنتان بۆ ده‌خوازم. 
 
یەكێتیی‌ نیشتمانیی‌ كوردستان، بەشێكی گرنگی‌ بزووتنەوەی ڕزگاریخوازیی كوردستانه‌، لەگەڵ پارتی دیموكراتی‌ كوردستان و لایەنەكانی دیكەدا، هاوبەشی سەرەكی بوونە لە ده‌سكه‌وته‌كان و پرۆسەی سیاسی و بنیاتنانی‌ دامەزراوەكانی هەرێمی كوردستان و لە چەسپاندنی مافەكانی گەلی كوردستان لە دەستووری عێراقدا. 
 
ئێستاش له‌ كاتێكدا هه‌رێمی‌ كوردستان وه‌ك عێراق و ناوچه‌كه‌، ڕووبه‌ڕووی‌ دۆخێكی‌ هه‌ستیار و ته‌حه‌دیاتی‌ گه‌وره بووه‌ته‌وه‌، له‌ هه‌موو كاتێك زیاتر پێویستیمان به‌ ته‌بایی‌، كاری‌ هاوبه‌ش و یه‌كڕیزی‌ هه‌یه‌ كه‌ تاکه‌ ڕێگه‌ی‌ سه‌ركه‌وتن و بنه‌مای‌ هه‌موو ده‌سكه‌وته‌كانه‌‌. له‌ ڕابردوودا هاوكاری‌ و هه‌ماهه‌نگیی‌ سه‌رۆك مام جه‌لال كه‌ ئه‌مڕۆ به ‌ڕێزه‌وه یادی‌ ده‌كه‌ینه‌وه‌، له‌گه‌ڵ سه‌رۆك مه‌سعوود بارزانی‌، سه‌لمێنه‌ری‌ ئه‌و ڕاستییه‌ن.  
 
بۆ سه‌قامگیریی‌ سیاسی‌ و یەكهەڵوێستی‌ لەسەر پرسە سەرەكییەكانی گەلی كوردستان، تێپەڕاندنی‌ سه‌ركه‌وتووانه‌ی‌ دۆخه‌كه‌، پاراستنی‌ قه‌واره‌ی‌ ده‌ستووریی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان و ده‌سته‌به‌ركردنی‌ مافه‌ ده‌ستوورییه‌كانی‌ گه‌لی‌ كوردستان، سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان له‌گه‌ڵ هه‌موو لایه‌ن و پێكهاته‌كان له‌ هه‌وڵه‌كانی‌ به‌رده‌وام ده‌بێت، چاوه‌ڕێی‌ هەڵوێستی كوردستانیانه‌ش له‌ هه‌مووان دەكەین.
 
له‌م یاده‌دا دروود بۆ گیانی‌ شه‌هیدانی‌ یه‌كێتیی‌ نیشتمانیی‌ كوردستان و ته‌واوی‌ شه‌هیدانی‌ كوردستان كه‌ گیانیان له‌پێناو ئازادیی‌ گه‌له‌كه‌یاندا به‌خشی‌، سه‌ری‌ ڕێز و نه‌وازش له‌ به‌رده‌میاندا داده‌نوێنین و سڵاو و ڕێز بۆ خانه‌واده‌ سه‌ربه‌رزه‌كانیان ده‌نێرین.
 
نێچیرڤان بارزانی
سەرۆكی هەرێمی كوردستان
31/5/2020

دەقی پەیامەکەی مەسروور بارزانی، سه‌رۆكی حكومه‌تی هەرێمی کوردستان:
 
پەیامی پیرۆزبایی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە بۆنەی ساڵیادی دامەزراندنی یەکێتی نیشتمانی کوردستان.
 
بە بۆنەی چل و پێنجەمین ساڵیادی دامەزراندنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، پیرۆزبایی لە سەرکردایەتی و سەرجەم ئەندامان و لایەنگرانی یەکێتی دەکەم و هیوای سەرکەوتنیان بۆ دەخوازم .
 
یەکێتی نیشتمانیی کوردستان هاوبەشێکی گرنگ و سەرەکییە لە حکومەتی هەرێمی کوردستاندا و ئومێدەوارم بەیەکەوە لە گەڵ بزووتنەوەی گۆڕان و تەواوی لایەنە سیاسی و پێکهاتەکانی هەرێمی کوردستان، هەماهەنگ و هاوکار بین بۆ داکۆکیکردن لە مافە دەستوورییەکانی هەرێمی کوردستان و تێپەڕاندنی ئەم دۆخە سەختەی ئێستا، لە رێگەی پشتیوانیکردن لە کارنامەی حکومەتی هەرێم و ئەنجامدانی پرۆسەی چاکسازی کە داوا و خواستی گشت لایەنەکان و هاووڵاتییانە.
 
مەسروور بارزانی
سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان
2020/5/31


PM:10:05:31/05/2020


ئه‌م بابه‌ته 3328 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت