قوباد تاڵەبانی: سیاسەت بە كۆنەقین ناكرێت

‌قوباد تاڵەبانی

وێستگە نیوز-
قوباد تاڵەبانی، ئەندامی سەركردایەتی یەكێتی نیشتمانی كوردستان لەساڵیادی دامەزراندنی حیزبەكەیدا رایدەگەیەنێت، سیاسەت بە كۆنەقین ناكرێت، مێژووی دوور ‌و نزیكمان پێمان دەڵێت كە ناتوانین هیچ دەستكەوتێك بۆ كوردستان بەدی بهێنین ئەگەر ‌وەك كورد لەناو ماڵی خۆماندا نا تەبا بین، بەڵام بەداخەوە لەئێستادا رەنگە ئەو تەباییە بەپێی پێویست نەبێت و كاری دڵسۆزانەی زیاتری دەوێ.

قوباد تاڵەبانی، ئەندامی سەركردایەتی یەكێتی نیشتمانی كوردستان لەساڵیادی دامەزراندنی حیزبەكەیدا پەیامێكی بڵاوكردەوە و رایگەیاند "وەك هەڤاڵێكی یەكێتیی، ئامانجم یەكێتیی ناو ریزەكانی یەكێتییە. خۆشبەختانە لەم قۆناغەدا‌ و بە تایبەتیش لە دوای یەكەم كۆنگرە كە لە غیابی سەرۆك ‌و رابەرمان مام جەلال ئەنجامدرا، یەكێتی بەرەو ئەم یەكڕیزییە هەنگاو دەنێت، بەڵام ئەمە بەس نییە و چاوەڕوانی زیاترمان لێ دەكرێت، بۆیە پێویستە رۆحی هەڤاڵانە لەناو خۆماندا بەهێزتر بكەین. لە دەرگای هەموو ئەو هەڤاڵانە بدەین كە رۆژێك لە رۆژان بە هەر هۆكارێك زویر بوون ‌و ئاشتیان بكەینەوە‌ و هەرگیز دەستبەرداری سیاسەتی چەپكە گوڵەكە نەبین‌ و لەژێر سێبەری ماڵە گەورەكەدا هەموومان بەیەكەوە یارمەتیدەر ‌و هاوكاری هەر دوو هەڤاڵی هاوسەرۆك بین".

دەقی پەیامەكە...

هەڤاڵانی خۆشەویست.. هەمێشە لەبری قسەكردن، هەوڵمداوە لە پشتی پەردەوە یارمەتیدەری هێوركردنەوەی دۆخی هەرێمی كوردستان بم، بەڵام ئێستا و لەم بۆنە پیرۆزەی یادی دامەزراندنی حزبی شەهیداندا، مەبەستمە بە كورتی جەخت لەسەر چەند خاڵێك بكەمەوە كە پەیوەندیدارن بە دۆخی ئەمڕۆی یەكێتی و كوردستان و رۆڵی بەندەوە.

یەكەم: وەك هەڤاڵێكی یەكێتیی، ئامانجم یەكێتیی ناو ریزەكانی یەكێتییە. خۆشبەختانە لەم قۆناغەدا‌ و بە تایبەتیش لە دوای یەكەم كۆنگرە كە لە غیابی سەرۆك ‌و رابەرمان مام جەلال ئەنجامدرا، یەكێتی بەرەو ئەم یەكڕیزییە هەنگاو دەنێت، بەڵام ئەمە بەس نییە و چاوەڕوانی زیاترمان لێ دەكرێت، بۆیە پێویستە روحی هەڤاڵانە لەناو خۆماندا بەهێزتر بكەین. لە دەرگای هەموو ئەو هەڤاڵانە بدەین كە رۆژێك لە رۆژان بە هەر هۆكارێك زویر بوون ‌و ئاشتیان بكەینەوە‌ و هەرگیز دەستبەرداری سیاسەتی چەپكە گوڵەكە نەبین‌ و لەژێر سێبەری ماڵە گەورەكەدا هەموومان بەیەكەوە یارمەتیدەر ‌و هاوكاری هەر دوو هەڤاڵی هاوسەرۆك بین.

با بۆ هەموو لایەك روون بێت كە من تەنیا برایەكم نییە، بەڵكو دوو برام هەیە كە كاك بافڵ ‌و كاك لاهورن. هەموو ئەندامانی سەركردایەتی‌ و ئەنجومەنی باڵای سیاسی ‌و كادیران‌ و ئەندامانی یەكێتیش هەڤاڵی ئازیزی منن. بۆیە با كەس هەرگیز رۆژێك لە رۆژان بیر لەوە نەكاتەوە كە دەتوانێت بە بڵاوكردنەوەی درۆ ‌و بوختان ناكۆكی لەناو ئێمەدا دروست بكات.

خاڵی دووەم: نوێبوونەوە كە دروشمی كۆنگرە و ناونیشانی سەرەكی كاری ئێستای یەكێتی ـ یە، بەبێ بەشداری چالاكانەی ژنان لە بڕیاردا بەدی نایەت، بۆیە ئەركی هەموومانە دەرفەت و زەمینەی هاتنە پێشەوەی زیاتری ژنان لەناو یەكێتی بڕەخسێنین. نوێبوونەوە تەنها بە پیاوان ناكرێت و بەشداری ژنان خۆی مەرجی جێبەجێكردنی ئەم دروشمەیە بە كردەوە و مانا پێ بەخشینی راستەقینەیەتی بۆ هێزێكی پێشكەوتنخواز و سەرمەشقی وەك یەكێتی كە بڕوای تەواوی بە توانا و رۆڵی ژنان بەتایبەت و گەنجان بەگشتی هەیە. بۆیە بەندە پێداگری دەكات لەزیادكردنی رۆڵی ژن و بەهێزكردنی بوونیان لەكایەی سیاسی هەرێمی كوردستاندا.

خاڵی سێیەم: مێژووی دوور ‌و نزیكمان پێمان دەڵێت كە ناتوانین هیچ دەستكەوتێك بۆ كوردستان بەدی بهێنین ئەگەر ‌وەك كورد لەناو ماڵی خۆماندا نا تەبا بین، بەڵام بەداخەوە لەئێستادا رەنگە ئەو تەباییە بەپێی پێویست نەبێت و كاری دڵسۆزانەی زیاتری دەوێ.

بە راشكاوی دەڵێم سیاسەت لەسەر كۆنەقین ناكرێت. ئەگەر بمانەوێت حوكمڕانییەكی تەندروست بونیاد بنێین دەبێت دوور بكەوینەوە لە هەر هەنگاوێك كە ناكۆكی ‌و بێ متمانەیی دروست بكات. من لەم پێناوەدا هەوڵی زۆرم داوە و زۆرجاریش بەداخەوە لۆمە كراوم.

خاڵی چوارەم: هەموومان كۆكین لەسەر ئەوەی كە كوردستان پێویستی بە چاكسازیی بنەڕەتی لە حوكمڕانیدا هەیە. بەڵام ئەستەمە بتوانین چاكسازی بكەین، ئەگەر بێتو متمانە دروست نەكەین. چاكسازی بەتەنیا بە لایەنێك ناكرێت، بە هەموومانەوە دەكرێت بە تایبەتیش پێویستە متمانەیەكی تەواو لەنێوان لایەنەكانی بەشدار لە حكومەتدا هەبێت. ئێستا كاتی ئەوەیە بە كۆدەنگی بڕیاری گەورە بدەین لە پێناوی چاكسازی ‌و گەشەپێدان ‌و بونیادنانەوەی ژێرخانی ئابوری ‌و راستكردنەوەی هەڵەكانی حكومڕانی. با هیچ كەس و لایەنێكیشمان پێمان وانەبێت كە بێبەرین لە هەڵەكانی رابردوو، بەتایبەت یەكێتی و پارتی.

بەبێ هیچ زیادەڕۆییەك دەڵێم ئێمە ئەگەر بە دڵسۆزی ‌و بە یەكگرتوویی ‌و بە پلان‌ و بە دوور لە سیاسەتی كۆنەقین هەنگاو بنێین، ئێستاش ئەوەندە سەرمایەی مادی ‌و مرۆیی مەزن لەم وڵاتەدا هەیە كە دەكرێت كارێك بكەین لەماوەی چەند ساڵێكدا بناغە ‌و ژێرخانێكی ئەوەندە پتەو دروست بكەین كە بەدابەزینی نرخی نەوتیش، هەر بتوانین ژیانێكی شایستە بۆ هاوڵاتییەكانمان دابین بكەین.

ئەمەی باسم كرد كورتەیەك بوو لەو سیاسەتەی باوەڕم پێیەتی‌ و لەسەری بەردەوام دەبم، هەموو ژیانی سیاسی خۆشم لەسەر بنەمای ئەم رێبازە بونیاد ناوە كە ئەلفوبێكەی لە باوكم‌ و مامۆستا ئیبراهیم ئەحمەدەوە فێر بووم.
لە كۆتاییدا جارێكی دیكە یادی دامەزراندنی یەكێتی لە هەموو لایەك پیرۆز دەكەم‌ و دڵسۆزانی یەكێتی دڵنیا دەكەمەوە كە یەكێتییەكەتان خوێنێكی تازەی بەبەردا هاتووەتەوە‌ و بە گوڕتر لە جاران و هەمیشە لەپێناو بەدیهێنانی ئامانجە بەرزەكانی گەلەكەماندا تێدەكۆشێت.


PM:04:22:31/05/2020


ئه‌م بابه‌ته 14100 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو