سەرۆك كۆمار و سەرۆك وەزیران: كەسانی بەتوانا و دەستپاك لەپۆستەكان دابنرێن

‌دیمەنێك لەكۆبوونەوەكە

وێستگە نیوز-

سەرۆك كۆماری عێراق و سەرۆكی حكومەت جەختیان لەدانانی كەسایەتی بەتوانا و دەستپاك لەو پۆستانە كرد كە تائێستا پڕ نەكراونەتەوە.

د. بەرهەم ساڵح، سەرۆك كۆماری عێراق لە كۆشكی سەلام لە بەغدا، پێشوازیكرد لە مستەفا كازمی سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران، بەپێی راگەیەندراوی كۆبوونەوەكە لەدیدارەكەدا، دووپاتكرایەوە لە پێویستی پەلەكردن لە تەواوكردنی كابینەی حكومەت و كاندیدكردنی كەسانی بەتوانا و دەستپاك و پشتیوانیكردنی حكومەت لە جێبەجێكردنی كارنامەكەی كە پەرلەمان دەنگی لەسەر داوە بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەخت و دەستەبەركردنی داواكارییە رەواكانی هاوونیشتمانیان و چەسپاندنی چاكسازییە داواكراوەكان. 

هەر بەپێی راگەیەندراوەكە، سەرۆك كۆمار و سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران، جەختیانكردەوە لەگرنگی پیادەكردنی سیاسەتی هاوسەنگ لەگەڵ وڵاتانی ناوچەكە و جیهاندا، لەسەر بنەمای رێزگرتن لە سەروەری عێراق، ھاوكات دووپاتیان لەپێویستی چارەسەركردنی قەیرانەكان كردەوە كە وڵاتی پێدا تێدەپەڕێت و گرنگی دانی زیاتر بەرووبەڕووبوونەوەی پەتای كۆرۆنا و پشتیوانی لایەنە تەندروستییەكان لە جێبەجێكردنی ئەركەكانیاندا و دۆزینەوەی رێگاچارەی گونجاو بۆ ئاڵنگارییە ئابوورییەكان و دابینكردنی بژێوی گشت هاووڵاتیانی عێراق. 

هەر لەمیانەی دیدارەكەدا، تیشك خرایە سەر قۆناغی ئێستای وڵات كە پێویستی بە یەكخستنی هەوڵەكان و پەیوەستبوونی هەمووان هەیە بۆ لەناوبردنی پاشماوەكانی گروپی تیرۆریستی داعش و پارێزگاریكردن لە دەستكەوتەكان و بەردەوامی سەركەوتنەكان، بەجۆرێك كە ئاسایش و ئارامی بۆ ھاووڵاتیان دابین بكات.


PM:04:18:28/05/2020


ئه‌م بابه‌ته 1840 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو