تەندروستی سلێمانی هۆشداری بەپەلە لەبەرزبوونەوەی زیاتری كۆرۆنا دەدات

‌فۆتۆ: ئه‌رشیڤ

وێستگە نیوز- پشتیوان جەمال
تەندروستی سلێمانی هۆشداری بەپەلە لەبەرزبوونەوەی زیاتری ئامارەكانی هەڵكشانی ڤایرۆسی كۆرۆنا دەدات و داوا لە هاوڵاتیان دەكات پابەندی تەواوی رێنماییەكان بن.

سەرچاوەیەك لەتەندروستی سلێمانی بەوێستگە نیوزی راگەیاند، ئامارەكانی تووشبووانی ڤایرۆسی كۆرۆنا لەبەرزبوونەوەدان و دۆخەكە بەرەو مەترسی زیاتر دەڕوات، چونكە تا ئێستا زیاتر لە 55 نەخۆش لەنەخۆشخانەكاندان و ئەو ژمارەیەش وردە وردە زیاد دەبێت>

وتیشی: "ئێستا پلانی تەندروستی ئەوەیە ژمارەكان بەشێوەیەكی بەرچاو زیاد نەكەن بۆ ئەوەی بتوانین بەپێی پێویست چارەسەری نەخۆشەكان بكەین، چونكە ئەگەر بێتوو ژمارەكە بڕواتە سەرووی 100 یان 200 كەس دۆخەكە بەرەو مەترسی زیاتر هەنگاو دەنێت".

ئەو سەرچاوەیە ئاماژەی بەوەكرد، كێشەی گەورەیان لەگەڵ هاوڵاتیانە، چونكە بەهیچ شێوەیەك پابەندی رێنماییەكان نین و وتی: "راستە لەبەر لایەنی ئابووری و دەروونی خەڵك ناتوانرێت قەدەغەی هاتووچۆ جێبەجێ بكرێت، بەڵام لانیكەم هاوڵاتیان دەتوانن خۆیان بپارێزن و هیچ نەبێت زوو زوو دەستیان پاك بشۆن و لەیەك دوور بكەونەوە، چونكە ئەگەر دۆخەكە لەدەست دەربچێت كۆنتڕۆڵ ناكرێت".

ئه‌مه‌ له‌كاتێكدایه‌ شه‌وی رابردوو 16 حاڵه‌تی نوێی تووشبوون به‌ كۆرۆنا له‌ سلێمانی راگه‌یه‌ندرا و تا ئێستا 55 حاڵه‌تی نوێی كۆرۆنا له‌ سنووری سه‌نته‌ری شاره‌كه‌ هه‌یه‌.



AM:11:56:28/05/2020


ئه‌م بابه‌ته 37240 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو