ده‌سته‌ی گشتی گه‌شتوگوزار روونكردنه‌وه‌یه‌كی بڵاوكرده‌وه‌

‌فۆتۆ: ئه‌رشیڤ

وێستگه‌ نیوز ـ
گەشتوگوزاری هەرێم رایگەیاند، داخستن و کردنەوەی شوێنە گەشتیارییەکان و رێگەدان بە کردنەوەی بازگە و دەروازەکان لە دەسەڵاتی ئەواندا نییە و دەسەڵاتی بڕیاردان لای لیژنەی بەرەنگاربوونەوەی کۆرۆنا و ئۆپەراسیۆنی پارێزگاکانە.

دەستەی گشتی گەشتوگوزاری هەرێم روونکردنەوەیەکی بڵاوکردەوە و تیایدا هاتووە، "داخستن و کردنەوەی شوێنەکانی گەشتیاری هەرێمی کوردستان و رێگەدان بە کردنەوەی بازگە و دەروازەکان، لە دەسەڵاتی دەستەی گشتی گەشتوگوزار نەبووە و نییە".

ئەوەش هاتووە، "بابەتەکە پەیوەستە بە بارودۆخی تەندروستی گشتی و کەموزیادبوونی مەترسی ڤایرۆسی کۆرۆنا، بۆیە دەسەڵاتی بڕیاردان لە لای لیژنەی باڵای بەرەنگاربوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا و ژوری ئۆپەراسیۆنی پارێزگاکانی هەرێمی کوردستانە".

ئاماژە بەوەشکراوە، "لە بڵاوکراوەی 27ی ئایار دەستەی گشتی گەشتوگوزار لە هیچ شوێنێک ئاماژە نەدراوە کە دەستەی گەشتوگوزار هیچ بڕیارێکی بۆ کردنەوەی شوێنەکانی گەشتیاری دابێت، تەنیا وەک زانیاری و هەواڵ کە پەیوەندی بە گەشتوگوزارەوە هەیە، لە پەیجی دەستەی گشتی گەشتوگوزار بڵاوکراوەتەوە".

رۆژی 26ی ئەم مانگە، دەستەی گەشتوگوزاری هەرێم لە پۆستێکی فەیسبووکدا ئاماژەی بەوەکرد، 27ی ئەم مانگە قەدەغەی هاتوچۆی نێوان شارۆچکەکان نامێنێ و دۆخەکە وەک پێش جەژن ئاسایی دەبێتەوە و شوێنەکانە گەشتیارییەکان بە رووی هاوڵاتییان و گەشتیاراندا دەکرێنەوە، لە لایەکی دیکەوە، وەزارەتی ناوخۆی هەرێم شەوی رابردوو بڵاویکردەوە، قەدەغەی هاتوچۆ لە نێوان شارەکاندا تا 15ی حوزەیران بەردەوام دەبێت.

هــ. ر


AM:11:42:28/05/2020


ئه‌م بابه‌ته 1792 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو