زیانی گەشتیاری لەمانگی ئازار لەسلێمانی زیاتر لە پێنج ملیۆن دۆلار بووە


وێستگە نیوز- پشتیوان جەمال

بەڕێوەبەرایەتی گشتی گەشت و گوزاری سلێمانی ئاشكرای دەكات تەنها مانگی ئازاری ئەمساڵدا كە سەرەتای بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا بوو زیانی كەرتی گەشتیاری زیاتر لە پێنج ملیۆن دۆلار بووە.

ئارام شوانی، بەڕێوەبەری راگەیاندنی بەڕێوەبەرایەتی گشتی گەشت و گوزاری سلێمانی بەوێستگە نیوزی راگەیاند، ساڵی رابردوو بەگەشتیارانی ناوخۆیی و دەرەكی شاری سلێمانی توانی نزیكەی دوو ملیۆن گەشتیار رابكێشێت كە بووە سەرچاوەی بەدەستهێنانی زیاتر لە نیو ملیار دۆلار بۆ كۆی خاوەنكاران و پڕۆژە گەشتیارییەكان، چونكە ساڵانە لەمانگەكانی (3 و 1)2دا كۆمپانیا گەشتیارییەكان زۆرترین تكت دەفرۆشن بەجۆرێك تەنها مانگی 3ی ساڵی رابردوو زیاتر لە پێنج هەزار تكت فرۆشراوە بۆ گەشتی هاوڵاتیان.

ناوبراو روونیكردەوە، بەڵام ئەمساڵ بەهۆی ڤایرۆسی كۆرۆناوە لە ڕۆژی 26ی شوباتەوە هیچ تكتێك نەفرۆشراوە، بۆیە ئەگەر بەنزیكەیی ئەژماری زیانەكانی نەفرۆشتنی تكت بكرێت بۆ هەر تكتێك نزیكەی 200 دۆلار بووە و تەنها زیانەكانی تكت بۆ مانگی ئازاری ئەمساڵ نزیكەی یەك ملیۆن دۆلار بووە.

شوانی وتی "لەكاتێكدا تەنها مانگی ئازاری ساڵی رابردوو نزیكەی 180 هەزار گەشتیار لەشاری سلێمانیدا بوون و ئەگەر بۆ هەر یەكێكیان بەنزیكەیی 30 دۆلار دابنرێت بۆ مانەوەیان لەئوتێل و گوندە گەشتیارییەكان نزیكەی پێنج ملیۆن و 400 هەزار دۆلار بووە، كەواتە تەنها لەمانگی 3ی ئەمساڵ زیانەكان كە بەر خاوەن شوێنەكانی حەوانەوە كەوتووە نزیكەی پێنج ملیۆن دۆلار و نیو بووە".


PM:04:01:26/05/2020


ئه‌م بابه‌ته 2116 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت