عەلی باپیر: جەژن دەرفەتێكە بۆ ئاشتەوایی و تەبایی و نەهێشتنی تەمومژی نێوانمان

‌عەلی باپیر

وێستگە نیوز-

عەلی باپیر، ئەمیری كۆمەڵی ئیسلامی كوردستان داوا لەدەسەڵاتدارانی هەرێم دەكات جەژنی رەمەزان بكەنە دەرفەتێك بۆ ئاشتەوایی و دەڵێت "جەژن دەرفەتێكە بۆ ئاشتەوایی و تەبایی و نەهێشتنی تەمومژی نێوانمان، بۆیە با حوكمڕان و دەسەڵاتدارانی هەرێم ئەو دەرفەتە بقۆزنەوە بۆ ئاشتەوایی لەگەڵ جەماوەری پەست و بێزارداو".

عەلی باپیر، ئەمیری كۆمەڵی ئیسلامی كوردستان لەپەیامێكدا بەبۆنەی جەژنی رەمەزانەوە لەخوا داواكارە خواپەرستیی و چاكەكاریی هەمووانی بەباشترین شێوە وەرگرتبێ و، لەهەڵەو پەڵەو كەم و كوڕییەكان بوردبێ.

عەلی باپیر دەڵێت "مانگی ڕەمەزانیش وێستگەیەكی یەكجار گرنگ و بایەخدارە لەژیانماندا، كە ساڵانە دووبارە دەبێتەوەو، هەركەس لەو وێستگەیە بەهرەمەندبێ، بۆ بەخۆداچوونەوەو لەخوا نیزیك بوونەوە، بەهۆی خۆپاك و چاككردن".

ناوبراو ئاماژەی بەوەكردووە "ئاشكراشە ئێمە لەهەرێمی كوردستان و عێڕاق و سەرجەم بەشەكانی كوردستان و وڵاتانی دراوسێ و دەورووبەریشماندا، لەبارودۆخێكی سەخت و دژواردا ئەم جەژنە دەكەین، چونكە لەگەڵ گەلێك قەیران و كێشەی جۆراو جۆردا دەستەو یەخەین، كە بەشێكیان دەرهاویشتەی پەتای (كۆڕۆنا)ن و، زۆربەشیان قووڵ و ڕیشەدارو لەمێژینەن".

عەلی باپیر لەپەیامەكەیدا چوار خاڵی بۆ حوكمڕان و بەرپرسانی هەرێم خستۆتەڕوو..

یەكەم: پێویستە هەرچی زووترە هەنگاو بنێن و هیممەت بخەنە گەڕ بۆ گێڕانەوەی شكۆو ئیعتیبار بۆ دامەزراوەكانی هەرێم، بەجۆرێك كە خەڵك و جەماوەر متمانەی پێیان هەبێ و بەهی خۆییان بزانێ، نەك بەهی حیزب و شەخس و گرووپ، كە بێگومان دامەزراوەو دام و دەزگاكانی هەرێمەكەمان نیشانەی پرسیاری زۆریان كەوتۆتە سەرو لەكەدار كراون!

دووەم: چی دیكە لەكەوڵ و قاوغی تەسكی حیزبیی و شەخسیی و بەرژەوەندییە بچووك و تایبەتییەكاندا خۆتان قەتیس مەكەن و، وەرنە نێو بازنەی فراوانی دەوڵەتداریی و خزمەتی كۆمەڵگا بەگشتیی و، دڵنیابن ئامڕازی حوكمڕانیی سینگ فراوانییە، بۆیە هەرگیز‌ بەبێ عەقڵی گەورەو دڵی فراوان، حوكمڕانییەكی سەركەوتوو ناكرێ.

سێیەم: ئەگەر دەتانەوێ ڕەخنەی هەقتان لـێ نەگیرێ "ئەگەرنا هیچ كەس لەڕەخنەو گلەیی ناهەق سەلامەت نابێ" پێویستە عەیب و كەم و كوڕییەكانتان چارەسەر بكەن، ئەگەرنا بێگومان خەڵك هەتا عەقڵ و ویژدانیان زیندووبن، لە بەرانبەر ستەم و قۆرخكاریی و گەندەڵی و قڕیی و پڕیی و چینایەتییدا، كە لەم ڕۆژگارە لە هەرێمدا یەكجار زەقە، بێدەنگ نابن.

با هیچ بەرپرسێكیش پێیوا نەبێ: چونكە خۆی و دەوروبەری تێروپڕن و بارودۆخەكەیان بە كەیفێیە، دنیا شامی شەریفە! تكای دڵسۆزانەتان لێدەكەم لە بورجە عاجییەكانتان وەرنە خوارێ و، بچنە نێو خەڵك و جەماوەر، تاكو بە چاوی سەرتان حاڵ و باڵی شپرزو مەینەتباریی زۆركەس ببینن، نەك دەوروبەری سوود وەرگر، بە ڕاپۆرت و زانیاریی ناڕاست، چەواشەتان بكەن و ڕەشتان بە سپی پێشان بدەن و، دڵنیاشبن ئەم بارودۆخە بەم شێوەیە بەردەوام نابێ.

چوارەم: لە كۆتاییدا دەڵێم جەژن دەرفەتێكە بۆ ئاشتەوایی و تەبایی و نەهێشتنی تەم و مژی نێوانمان، بۆیە با حوكمڕان و دەسەڵاتدارانی هەرێم ئەو دەرفەتە بقۆزنەوە بۆ ئاشتەوایی لەگەڵ جەماوەری پەست و بێزارداو، خەمێكی جیددیی لە ژیان و گوزەرانی خەڵك بە گشتیی و بەتایبەت چینی هەژارو نەدار بخۆن و، گوێیان سووك بێ بۆ بیستنی دەنگی ئاخ و ناڵەو ناسۆریان و، بەرەو بێ ئومێدیی و بێزاریی زیاتریان نەبەن، چونكە بێگومان هەموومان زیانی گەورەی لێدەكەین.


PM:07:28:23/05/2020


ئه‌م بابه‌ته 2296 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت