زانیاری نوێ سەبارەت بەرەوشی تەندروستی كۆرۆنا لەسلێمانی


وێستگە نیوز- پشتیوان جەمال

لەماوەی هەفتەیەكدا 40 كەس لەشاری سلێمانی تووشی ڤایرۆسی كۆرۆنا بوونەوە كە ئەوەش ترسێكی زۆری لەدڵی بەرپرسانی ئیداری و تەندروستی و تەنانەت خەڵكی شارەكەش دروستكردووە، بەڵام بەوتەی بەرپرسانی تەندروستی "تائێستا دۆخەكە لەژێر كۆنتڕۆڵە".

ئێستا 40 نەخۆش و بەركەوتەی ڤایرۆسی كۆرۆنا لەنەخۆشخانەی تاهیر والی بەگ چارەسەر وەردەگرن، بەپێی زانیارییەكانی سەرچاوەیەكی تەندروستی سلێمانی بۆ وێستگە نیوز، لەشاری سلێمانی بەنەخۆشخانە حكومییەكان و نەخۆشخانەی ئاسای دەزگای تەندروستی پێشمەرگە نزیكەی 240 قەرەوێڵە و 50 ئامێری هەناسەدانی دەستكرد هەیە، واتە تائێستا دۆخەكە لەژێر كۆنتڕۆڵە.

هەر بەپێی زانیارییەكانی ئەو سەرچاوەیە، تەندروستی سلێمانی ترسی لەزیادبوونی ژمارەی تووشبووان هەیە، چونكە رەنگە هەر تووشبوویەكی نوێ بەركەوتەی لەگەڵ چەندین كەسی دیكە هەبووبێت و ئەوانەی دیكە تووش بكات، بۆیە هەموو هەوڵیان ئەوەیە لەڕۆژانی جەژندا كە قەدەغەی هاتووچۆی تەواوە زۆرترین پشكنین بكەن بۆ دۆزینەوەی زۆرترین توشبوو و بەركەوتوو، لەبەرئەوەی تا تووشبووانی كۆرۆنا زۆرتر بن دۆخەكە قورستر دەبن، بەڵام دۆخەكە بۆ بەركەوتووان ئاسانترە.
 
ئەمڕۆ د.هەڤاڵ ئەبوبەكر، پارێزگاری سلێمانی لەمیانەی كردنەوەی كارێكی خێرخوازی رایگەیاندووە، لە سێ رۆژی جەژنی رەمەزاندا هاوشێوەی شار و شارۆچەكانی دیكەی هەرێم لە سلێمانی قەدەغەی هاتووچۆ پەیڕەودەكرێت، ئەم بڕیارەش تایبەتە بە جەژن نە پێش جەژن و نە دوای جەژن ناگرێتەوە، هیچ بڕیارێك نیە لە ئێستادا بۆ ئەوەی قەدەغەی هاتووچۆ دوای جەژن درێژبكرێتەوە.

ئەو سەرچاوەیەی تەندروستی سلێمانی روونیكردەوە، تائێستا ئەوانیش پێشبینی ناكەن دۆخەكە گەیشتبێتە ئەوەی دوای جەژنیش قەدەغەی تەواو درێژ بكرێتەوە، بەڵام بەو پێیەی رۆژانە پشكنین دەكرێت و حاڵەتی نوێ رادەگەیەنرێت، بۆیە ئەگەرەكانیش بەپێی رۆژ دەگۆڕێن، رەنگە ئەگەر دۆخەكە خراپتر ببێت، دوای جەژن چەند شوێنێكی دیكە وەك پێشتر دابخرێنەوە.

بڕیارە رۆژی 1ی حوزەیران تاقیكردنەوەی پۆلە ناكۆتاكان لەكوردستان دەست پێبكات و تائێستاش هیچ ئەگەرێك بۆ كۆتایی هێنان بەپڕۆسەی تاقیكردنەوەی ناكۆتاكان نییە وەك ئەوەی بەغداد بڕیاری لێدا.

سەرچاوەكە ئاماژەی بەوەكرد، كۆتایی هێنان بەپڕۆسەی خوێندن پەیوەندی بەزیادبوونی ژمارەی تووشبوان و جێبەجێكردنی رێنماییەكان هەیە، ئەگەر حاڵەتەكان زیاتر نەبن و خوێندكارانیش بەتەواوی پابەندی رێنماییەكان بن ئەوە پڕۆسەكە بەڕێوە دەچێت، بەڵام بەپێچەوانەوە كەمێك زەحمەتە.



PM:02:45:22/05/2020


ئه‌م بابه‌ته 10212 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت