هەر پەرلەمانتارێك دەیەوێت مووچەی خانەنشینی رەتبكاتەوە، دەتوانێت داواكاری پێشكەش بكات

‌پەرلەمانی كوردستان

وێستگە نیوز-

پەرلەمانی كوردستان داوای لەپەرلەمانتارانی خولی ئێستا و پێشتر كردووە، هەر پەرلەمانتارێك ئارەزوومەندانە دەیەوێت دەستبەرداری مووچەی خانەنشینی بێت، دەتوانێت دەست بەڕێوشوێنی یاسایی بكات. 

ئەردەڵان محەمەد ئیسماعیل، سەرۆكی دیوانی سەرۆكایەتی پەرلەمانی كوردستان رۆژی 21ی ئایاری لەگشتاندنێكدا بۆ سەرجەم پەرلەمانتارانی كوردستان رایگەیاندووە "پشتبەستن بەیاسای ژمارە 2ی ساڵی 2020 ماددەی 7 بڕگەی چوارەمی یاسای چاكسازی لەمووچە و دەرماڵە و بەخشین و ئیمتیازاتەكان و خانەنشینی لەهەرێمی كوردستان- عێراق، هەر ئەندامێكی بەڕێزی پەرلەمان لەخولی پێنجەم و پەرلەمانتارانی بەڕێزی خانەنشین لەخولەكانی دیكە، دەیانەوێت ئارەزوومەندانە دەستبەرداری مووچەی خانەنشینی پەرلەمانتاری ببن، دەتوانن لەڕێكەوتی 1ی 7ی 2020ەوە بۆ ماوەی 30 رۆژ سەردانی سەرۆكایەتی دیوانی پەرلەمانی كوردستان بكەن بەمەبەستی وەرگرتنی رێوشوێنی یاسایی".

ئەو نووسراوەی پەرلەمانی كوردستان لەكاتێكدایە بڕیارە لەمانگی داهاتووەوە حكومەتی هەرێم یاسای چاكسازی جێبەجێ بكات بەوەش مانگانە داهاتێكی زیاتر بۆ خەزێنەی حكومەت دەگەڕێتەوە، پێشتریش چەندین فراكسیۆنی پەرلەمانی كوردستان رایانگەیاند كە ئامادەن دەستبەرداری مووچەی خانەنشینییەكەیان ببن.


PM:12:35:22/05/2020




ئه‌م بابه‌ته 1392 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت