وتەبێژی یەكگرتوو: خۆپیشاندانەكەی دهۆك تاوان نییە تا تۆمەت بدەنە پاڵ یەكگرتوو

‌خەلیل ئیبراهیم

وێستگە نیوز-

وتەبێژی یەكگرتووی ئیسلامی رایدەگەیەنێت، خۆپیشاندانەكەی شاری دهۆك تاوان نییە تا تۆمەت بدەن پاڵ حیزبەكەیان و دەڵێت "كەسی ئێمە وەكو خەڵك چووە، ئێمە لە دهۆك جەماوەرمان هەیە مامۆستا و فەرمانبەرن و وەك هەر كەسێكی تر موچەی نییە".

رۆژی شەممە زیاتر لە 150 كەس لەمامۆستا و موچەخۆران و بەشێك لەهاوڵاتیان لەشاری دهۆك گردبوونەوەی ناڕەزاییان دژی دواكەوتنی مووچە ئەنجامدا، بەڵام پێش گردبوونەوەكە بەدەل بەرواری، یەكێك لەڕێكخەرانی گردبوونەوەكە دەستگیركرا، رۆژی خۆپیشاندانەكە زیاتر لە 100 كەس دیكە دەستگیركران لەنێویاندا رۆژنامەنووسانی تێدابوو، پاشان لەلایەن ژمارەیەك بەرپرس و پەرلەمانتاری پارتی، یەكگرتوو بەهاندانی خۆپیشاندان تۆمەتبار كرا.

خەلیل ئیبراهیم, وتەبێژی فەرمی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان سەبارەت بە تۆمەتباركردنی حیزبەكەی بەوەی لەپشت خۆپیشاندانەكەی شاری دهۆكەوەیە بەدەنگی ئەمەریكای راگەیاندووە "جارێ ئەمە تاوانێك نییە تا ناوی بنێین تۆمەت، ئەوەی لە دهۆك شتێكی دیار و ئاشكرایە گردبوونەوەیەك بوو كە پێشتر ڕاگەیەنرابوو، فەرمانبەران و بەتایبەتی مامۆستایان، ئەوان ئەنجومەنێكیان هەبوو بۆ خۆیان ئەو كارەیان كردبوو، ئەو گردبوونەوەیە بۆ ماوەیەكی كورت بوو تا یاداشتێك بدەن كە ئەمەش شتێكی مەدەنی و ئاشتیانە و دیموكراسیانەیە، ڕێگری كردن لێیان شتێكی زۆر خراپە و زۆر ناتەندروستە، ئەو مامەڵەیەی هێزە ئەمنیەكان و حكومەتی خۆجێی دهۆك لەگەڵ خۆپیشاندەران كردیان مامەڵەیەكی تەندروست نەبوو، باش نەبوو".

خەلیل ئیبراهیم ئاماژەی بەوەكردووە، خەڵك خاوەن مافە و مومارەسەی مافی خۆی دەكات و داكۆكی لە مافی خۆی دەكات باسی بژێوی خۆی دەكات كە ئەمە شتێكی زۆر سرشتی و ئاساییە، سەبارەت بە ئێمە وەكو یەكگرتوو پڕەنسیبی ئەخلاقی ئێمە وایە بۆ ئەوە دروست بووین بەرگری لە مافی خەڵك بكەین و بەرگری لە مافە ڕەواكانی خەڵك بكەین.


وتەبێژی یەكگرتوو دەڵێت "ئێمە وەكو یەكگرتوو پشتگیری هەر داوایەكی ڕەوا بەشێوەیەكی دیموكراسی و ئاشتیانە و مەدەنیانە كە لەسنوری یاسا بكرێت ئێمە پشتیوانین، ئەمە شتێكی نەگۆڕە، ئێمە نابینە شتێكی تر، بەڵام ئەوە ناڕاستە و نادروستە كە دەبینین لێدوانی چەند بەرپرس و پەرلەمارنتارێك یان لەملاو لەولا قسە دەكرێن تۆمەت بۆ یەكگرتوو دروست دەكەن، كەسی ئێمە وەكو خەڵك چووە، ئێمە لە دهۆك جەماوەرمان هەیە، مامۆستا و فەرمانبەر هەیە، سروشتی كەسی ئێمەی تێدابێت و خەڵكی تریشی تێدایە، نەخێر ئەو گردبوونەوەیە گردبوونەوەیەكی جەماوەرییە و مافەكانیان ڕەوایە، هیچ شتێكی نایاساییان نەكردووە، ئەو ڕێگرییە لێیان باش نەبوو، ئەمە كەی مەنتیقە مووچەی خەڵكی نەدەن و نەهێڵن خەڵكیش قسە بكات".


ناوبراو روونیكردۆتەوە "لە سكاڵاكردن و هەڵگرتنی پارێزبەندی سەر پەرلەمانتاران-مان ناترسین با سكاڵای خۆیان بكەن، بەڵام دەڵێن دەستی پۆلیسێكیان شكاندووە، چیە خۆ ئەمیتایە، بڕوسلییە یان جاكیشانە دەستی خەڵك دەشكێنێت، ئەو قسانە مرۆڤ پێكەنینی پێی دێت." 


AM:11:33:19/05/2020


ئه‌م بابه‌ته 1664 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو