هه‌ولێر وه‌ڵامی به‌غدا له‌سه‌ر رێككه‌وتنی موچه‌ی فه‌رمانبه‌ران ده‌داته‌وه‌


وێستگه‌ نیوزـ

دوای ئه‌وه‌ی حکومەتی عیراق رایگەیاند، هیچ رێککەوتنێک لەنێوان وه‌فدی هەرێمی کوردستان و وەزارەتی دارایی و ئابوری و ئەمیندارێتیی گشتیی ئەنجومەنی وەزیرانی عیراقدا لەبارەی بودجە و موچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان نەکراوە، وتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە وەڵامدا دەڵێت، "لێکتێگەیشتنی هەولێر و بەغدا لە قسەی بەڕێوەبەرێکی گشتیدا قەتیس ناکرێت."
 
جوتیار عادل، وتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە رووداوی راگەیاند، "ئەو نووسراوەی حکومەتی عیراق لە 5ـی ئەم مانگەدا کراوە و رای مستەفا کازمی نییە، لێکتێگەیشتنی هەولێر و بەغدا لە قسەی بەڕێوەبەرێکی گشتیدا قەتیس ناکرێت".
 
لەبارەی حکومەتەکەی مستەفا کازمییەوە جوتیار عادل وتی: هەولێر لەگەڵ حکومەتی تازەدا بەتایبەتی لێکتێگەیشتنی باشی هەیە و هەولێر پابەندە بە ناردنی 250 هەزار بەرمیل نەوت وەک لە کۆتایی 2019 دا رێککەوتنی لەسەر کراوە و لەبەرامبەردا دەبێت بەغدا شایستە داراییەکان بدات.
 
لە نوسراوێکدا کە رۆژی 2020-05-07 دەرچوە و حەمید غەزی، ئەمینداری گشتیی ئەنجومەنی وەزیران لە 5-5-202 واژۆی کردوە، حکومەتی عیراق باسی لەوە کردوە کە دابینکردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان پەیوەندیی بە حکومەتی عیراقەوە نییە، بەڵکو ئەرکی حکومەتی هەرێمی کوردستانە و دەبێت لە بەشە بودجەی هەرێمی کوردستان دابینی بکات. 

لەو نوسراوەی حکومەتی عیراقدا ئەوەشهاتبوو، بەپێی یاسای بودجە هەرێمی کوردستان دەبێت پابەندبێت بەوەی داهاتی نەوتی و نانەوتی رادەستی گەنجینەی گشتی بکات، بەپێچەوانەوە لە پارەی ساڵانەی هەرێمی کورستان دەبڕدرێت.


PM:09:11:18/05/2020


ئه‌م بابه‌ته 8580 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت