كه‌شناسێكی عیراق یه‌كه‌م رۆژی جه‌ژنی ره‌مه‌زانی دیاری كرد


وێستگه‌ نیوزـ

پێشبینیکارێكی‌ کەشناسی‌ پێشکەوتوو دەڵێت، لە رۆژی هەینی 22ی ئەم مانگەدا، ناتوانرێت مانگ بە چاو ببینرێت و لەو حاڵەتەشدا، رۆژی شەممە تەواوکەری مانگی رەمەزان دەبێت و یەکشەممەش، یەکەم رۆژی جەژن دەبێت.

ئەمڕۆ یەکشەممە، سادق عەتیە پێشبینیکاری‌ کەشناسی‌ پێشکەوتوو لە فڕۆکەخانەی‌ بەسرە لە پێگەی‌ تایبەتی‌ خۆی‌ لە فەیسبوک نوسیویەتی‌، "دوور لە بابەتە فیقهییەکان، لێکدانەوە فەلەکییەکان ئاماژە بەوەدەکەن مانگی‌ ئێستا لە قۆناغی‌ دژیەکی‌ مانگیدایە،  مانگی‌ نوێ رۆژی‌ هەینی‌ 22ی ئایار کاتژمێر 8:39ی‌ شەو بە کاتی‌ عيراق دروست دەبێت و پێویستە ئەوەش بوترێت کە دروستبوونی‌ مانگ بەواتای‌ بینینی‌ نایەت."

ئەو کەشناسە ئەوەشی‌ نوسیووە، "ئەمە واتای‌ ئەوەیە کە ئێوارەی‌ رۆژی‌ هەینی‌ داهاتوو ناتوانرێت مانگ ببێنرێت، چونکە دروستبوونەکەی‌ دەکەوێتە دوای‌ رۆژئاوابوونەوە و ئەگەر هەیە ئێوارەی‌ رۆژی‌ شەممە 23 ی‌ ئایار مانگی‌ جەژن ببینرێت."

عەتیە روونیشیکردووەتەوە، "دەکرێت رۆژی‌ شەممەی‌ داهاتوو دوای‌ خۆرئاوابوون لەرێگەی‌ تەلیسکۆبەوە بە ئاسانی‌ مانگ ببینرێت، دەتوانرێت بە چاویش ببینرێت ئەگەر ئەو کەسە بە ئەزموون بێت، ئەوەش بەو مەرجەی‌ کەسەکە یەکەمجار شوێنەکە بە چاویلکە دیاریبکات و کەش و هەواکەش روونبێت دوور لە رووناکیی شارەکان."

لە کۆتاییدا ئەو کەشناسە ئاماژەی‌ بەوەشکردووە" ئەگەرئێوارەی‌ رۆژی‌ شەممە مانگ ببینرێت ئەوا لە رووی‌ فەلەکییەوە رۆژی‌ یەکشەممەی‌ داهاتوو یەکەم رۆژی‌ جەژنی‌ رەمەزانە."


PM:09:18:17/05/2020


ئه‌م بابه‌ته 24488 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت