هاتوچۆی سلێمانی: مامه‌ڵه‌ی تۆماری یه‌كه‌مجار فۆڕمی ئه‌لكترۆنی پێویسته‌

‌هاتوچۆی سلێمانی

وێستگه‌ نیوز ـ
هاتوچۆی سلێمانی رایگەیاند، بەبێ پڕکردنەوەی فۆڕمی ئەلیکترۆنی، هاوڵاتیان ناتوانن بۆ مامەڵەکانی تۆماری یەکەمجار سەردانی بەڕێوەبەرایەتییەکەیان بکەن.


بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆی سلێمانی لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەکردووە، "بۆ سەرجەم ئەو کەسانەی کە بە نیازن لە رۆژی یەکشەممە 17ی ئایاری 2020ەوە سەردانی بەڕێوەبەرایەتییه‌كه‌یان بکەن بەمەبەستی مامەڵەی تۆماری یەکەمجار (تسجیل اول مرە)، پێویستە پێشوەختە فۆڕمی ئەلیکترۆنی بۆکاتی سەردانیکردن پڕبکەنەوە".

راشیگەیاند: "پێویستە هاوڵاتیان چاوەڕێبکەن تا کاتی سەردانیکردنەکەیان بۆ دیاری دەکرێت و لە هەمان بەشی ماڵپەڕەکەدا دەتوانن ناوەکانیان و کاتی سەردانەکەیان ببینن".

هاتوچۆی سلێمانی دەشڵێت، "پێویستە هاوڵاتیان ئاگاداربن، چونکە بە بێ پڕکردنەوەی ئەو فۆڕمە لە ماڵپەڕی هاتوچۆی سلێمانی ناتوانن سەردانی بەڕێوەبەرایەتییەکە بکەن و مامەڵەکانیان لێ وەرناگیرێت".

لەلایەکی دیکەوە، کاروان محەمەد، وتەبێژی هاتوچۆی سلێمانی رایگه‌یاند، هاوڵاتیان هەفتەی داهاتووشیان لەبەردەستدایە و تەنیا ئەم هەفتەیە نییە کە دەتوانن مامەڵەکەیان ئەنجامبدەن.

راشیگەیاند، هاتوچۆی سلێمانی پێشنیازی داوه‌ته‌ به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی گشتی هاتوچۆی هه‌رێم تا واده‌كه‌ی بۆ زیاتر له‌مانگێك درێژبكرێته‌وه‌.

لە دوێنێ یه‌كشه‌ممه‌ 11ی ئایاری 2020 ەوە، بە فەرمانی وەزارەتی ناوخۆی هەرێم سەرجەم فەرمانگەکانی حکومەت، بە مەرجی تەندروستییەوە، دەستیان بە دەوام کردووەتەوە.

هـ. ر

 


PM:12:58:12/05/2020


ئه‌م بابه‌ته 1344 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو