عه‌بدولڕه‌حمان مسته‌فا: گلەیی زۆرم لە برادەرانی یەکێتی هەیە

‌عه‌بدولڕه‌حمان مسته‌فا

وێستگه‌ نیوز ـ
عەبدورەحمان مستەفا، پارێزگاری پێشووتری كەركووك لە روونكردنەوەیەكدا ئاماژە بۆ ئەوە دەكات، كە وەك كاندیدی كورد بۆ وەزیری داد دەستنیشان كراوە، بەڵام لەكاتی دەنگدان ژمارەیەكی كەم لە پەرلەمانتارانی كورد دەنگیان پێداوە،
دەشڵێت: "زۆربەی پەرلەمانتار و بەرپرسانی یەكێتی برادەری منن دەبوایە بە تەلەفۆنێك منینان ئاگادار كردبایەوە، بۆیە زۆر لێیان بە گلەییم، نەدەبوو ئەوەم لەگەڵ بكەن، چونكە من ھیچ خراپەم بۆ ھیچ لایەنێك نەبووە".

لە گرتە ڤیدیۆیەكدا عەبدورەحمان مستەفا دەڵێت: "من نیازم نەبوو كە خۆم بۆ ھیچ پۆستێك كاندید بكەم، بەڵام لەلایەن د. كەمال كەركووكی پەیوەندیم پێوەكرا كە من كاندیدم بۆ پۆستی وەزیری دادی عیراق بە رەزامەندی ھەموو لایەنەكان، یەكەمجار رەتمكردەوە دواتر رازی بووم".

عەبدولڕەحمان مستەفا دەشڵێت: "پاش ئەوە مستەفا كازمی پەیوەندی پێوەكردم و پێی راگەیاندم كە رەزامەندی ھەموو لایەنەكانم لەسەرە بۆ ئەو پۆستە، ھەروەھا دواتر قوباد تاڵەبانی پەیوەندی پێوەكردم و پێی وتم تۆ نوێنەرانی ھەموومانی و خزمەتی ھەمووانت كردووە".

لە گرتە ڤیدیۆییەکەدا پارێزگاری پێشووتری کەرکوک دەڵێت: "من لەبەر ئەوە قبووڵم كرد كە كاندیدبم، وتم وەك جارەكانی پێشتر بۆ یەكڕیزی و وەك كەسێكی بێ لایەن منیان بۆ ئەو پۆستە دەستنیشان كردووە".

عەبدورەحمان مستەفا، ئاماژەی بەوەكرد: "ئەو شەوەی دەنگ بە پێكھاتەی كابینەكە درا، پێش پرۆسەی دەنگدان ئاگادار كرامەوە كە گۆڕانكارییەك لە كاندید كردن بۆ پۆستی وەزیری داد كراوە، یەكەمجار پێیان وتم چاوەڕێ بكە تا ئاگادار دەكرێیتەوە، دوای ماوەیەك تەلەفۆنم بۆ كرا وتیان كێشەكە چارەسەر كرا، ئیتر بەرەو پەرلەمان رۆیشتین".

ئه‌وه‌شی وت: "پێش پرۆسەی دەنگدان بینیم پەرلەمانتارەكانی یەكێتی زۆر چالاكانە دەسوڕانەوە و لەگەڵ ھەموو لایەنەكان قسەیان دەكرد، من ئەوكات وامزانی كە لەسەر رێككەوتن قسە دەكەن، بەڵام كە دەنگدان گەیشتە ناوی من حاڵەتێكی زۆر نامۆ بوو ھەرگیز بیرم لێ نەكردبووەوە، ژمارەیەكی زۆر كەم پەرلەمانتارەكان دەنگیان بەرز كردەوە، دوای كۆبوونەوەی پەرلەمان چەند پەرلەمانتارێكی عەرەب پێیان وتم لە دژی تۆ كاركراوە، بە كوتلەكان وتراوە دەنگم پێنەدەن".

جەختیكردەوە: "وەك كەسێكی بێ لایەن بۆ ئەو پۆستە كاندید كراوم، ھەمیشە خۆم بە كەسێكی بێ لایەن دەزانم و رێز لە ھەموو لایەنەكان دەگرم، بۆیە ئەو ھەڵوێستەم زۆر پێ سەیر بوو، ئەو پۆستە كە ھی یەكێتیە ئەگەر رازی نەبوون نەدەبوو رێگە بدەن ناوی من بڕواتە پەرلەمان و بخرێتە دەنگدانەوە، چونكە پێشتر لایەنەكان قسەیان لەسەر ھەموو شتێك كردووە، زۆربەی پەرلەمانتار و بەرپرسانی یەكێتی برادەری منن دەبوایە بە تەلەفۆنێك منینان ئاگادار كردبایەوە، بۆیە زۆر لێیان بە گلەییم، نەدەبوو ئەوەم لەگەڵ بكەن، چونكە من ھیچ خراپەم بۆ ھیچ لایەنێك نەبووە".

عەبدولرەحمان مستەفا، ئەوەشی خستەروو: "لەئێستاوە من ھیچ پەیوەندییەكم بە قەوارەی هاوپەمانێتی کوردستانی نەماوە و ئەگەر كاتی ھەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكان دیار كرا، با كەسێكی دیكە لەشوێنی من بۆ سەرۆكی قەوارەی هاوپەمانێتی کوردستان دەستنیشان بكەن".

هــ. ر


PM:01:39:10/05/2020


ئه‌م بابه‌ته 2528 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو