لیزا فه‌له‌كه‌دین كاكه‌یی: به‌ لامه‌ركه‌زی خه‌رجی سلێمانی و هه‌ڵه‌بجه‌ په‌یدا نابێت

‌لیزا فەلەکەدین کاکەیی

وێستگه‌ نیوز ـ
پەرلەمانتارێکی‌ پارتی‌ لە پەرلەمانی‌ کوردستان، رایدەگەیەنێت، پشتگیری لەهەر هەنگاوێک دەکەن کە بۆ خۆشگوزەرانی دۆخی هاوڵاتیان بێت، بەڵام بابەتی لامەرکەزیەت زۆر قوڵترە لەوەی کە باسی لێوە دەکرێت، ده‌شڵێت: "400 ملیۆن دۆلار خەرجی مانگانەی سلێمانی و هەڵەبجەیە کە بەلامەرکەزی بۆی پەیانابێت".


لیزا فەلەکەدین کاکەیی، ئەندامی‌ پەرلەمانی‌ کوردستان لە فراکسیۆنی‌ پارتی‌ لە نووسینێکدا رایگەیاند: " لامەرکەزیەت شۆربوونەوەی دەسەڵاتە بۆ یەکە ئیدارییەکان و ئامانجی سەرەکیش پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری باشترە. خزمەتگوزاری باشتریش پێویستی بە داهاتێکی دیاریکراو هەیە کە بتوانێت تەواوی تێچووە ئیدارییەکانی خۆی پێ دابین بکات، بەڵام ئەوەی لە واقعی دارایی و ئابووری ئێستای هەرێمی کوردستاندا هەیە لەگەڵ ئەوەی کە باس دەکرێت بۆ پرسی لامەرکەزییەت ناگونجێت".

ئه‌وه‌شی نووسیوه‌: ئەو برە پارەیەی لە بەغداوە رەوانەی هەولێر دەکرێت بۆ مانگێک بڕەکەی 383 ملیۆن دۆلارە، کەچی بەتەنها خەرجی مانگانەی سنووری پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجە و ئیدارەکانی گەرمیان و راپەرین 400 ملیۆن دۆلارە کە بەم شێوەیە دابەشبووە:

_  315 ملیۆن دۆلار خەرجی مووچەی یەک مانگی فەرمانبەرانی ئەو سنوورە.

_  36 ملیۆن دۆلار تێچووی کارەبای یەک مانگی ئەو سنوورە.

_ 36.5 ملیۆن دۆلار بریتییە لە بودجەی تەشغیلی یەک مانگی ئەو سنوورە.

_  12.5 ملیۆن دۆلار خەرجییەکانی گەنجینەی هەرێم.

لیزا فەلەکەدین ئاماژە بەوەشدەکات، "هەموومان پشتگیری لەهەر هەنگاوێک دەکەین کە ئامانجەکەی هێنانەدی خۆشگوزەرانی و باشترکردنی دۆخی هاوڵاتیان بێت، جگە لەوەی پرسی لامەرکەزییەت لە بەرنامە سەرەکییەکانی حکومەتی هەرێمە. بەڵام باسکردن لە واقع و بیرکردنەوە لە داهاتوو ئەرکی هەموومانە و بابەتی لامەرکەزیەت زۆر قوڵترە لەوەی کە باسی لێوە دەکرێت و ئەمە جگە لەوەی پێویستی هەموارکردنەوەی چەندین یاسای پێکەوە گرێدراو هەیە لە پەرلەمان".

پەرلەمانتارەکەی‌ پارتی‌ پێشی‌ وایە، ئەم بابەتە جگە لەوەی کارتێکی سیاسییە بۆ چەواشەکاری، هەروەها هەنگاوێکی مەترسیدارە بۆ داهاتووی قەوارەی هەرێم و چارەنوسی خەڵکی سلێمانی و هەڵەبجە و گەرمیان و راپەرین.

هــ. ر


AM:09:26:10/05/2020


ئه‌م بابه‌ته 2248 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو