كه‌ركوك.. پێنج كچ و ژن ده‌ستگیركران كه‌ له‌شفرۆشییان پێ ده‌كرێت


وێستگه‌ نیوزـ

لە گەڕەکی نەسری شاری كه‌ركوك پێنج کچ و ژنی دەستگیرکرد، کە دووانیان بە زنجیر بەسترابوونەوە و شوێنی ئەشکەنجە بە جەستەیانه‌وه‌ دیارە و هەریەکەشیان لە ژورێکی جیادابوون.

كه‌ناڵی ئێن ئاڕ تی له‌ راپۆرتێكدا له‌زاری پۆلیسی کەرکوک بڵاویكرده‌وه‌ كه‌ لە لێکۆڵینەوەکاندا ئەو پێنج کچ و ژنە دانیان بەوەداناوە، کە دایکێک و کوڕەکەی و شۆفێرێک بازرگانیان پێوەدەکەن و لە خواروی عیراقەوە هێناویانن بۆ کەرکوک تا بە لەشفرۆشی پارەیان پێ پەیدابکەن.

دراوسێکانی ئەم ماڵە دەڵێن خانووەکە بەکرێ گیراوە، ساڵێک زیاترە هەستیان بە جموجۆڵی نامۆی ئەو کەسانە کردوە کە هاتوچۆی ماڵەکە دەکەن، بۆیە خاوەن ماڵیان ئاگادارکردوەتەوە بە زووترین کات کرێچیەکەی دەربکات.

قەیس عەلی، بەڕێوەبەری پۆلیسی نەهێشتنی تاوانی كه‌ركوك ڕایگەیاند، "بازرگانەکانی باندەکە بریتین لە ژنێکی تەمەن 62 ساڵ، کە لەگەڵ کوڕەکەی و شۆفێرێک کاریکردووە لایان، بەڵام تەنها ژنەکە دەستگیرکراوە و کوڕەکەی و شۆفێرەکە هەڵاتوون".

بەپێی زانیاریەکانی ئێن ئاڕ تی، کچەکان تەمەنیان لە نێوان 16 بۆ 25 ساڵدایە، هەر یەکێکیان خەڵکی شارێکن و لەماوەی رابردوودا لەلایەن باندەکەی کەرکوکەوە کڕدراون و هێنراون و لەشفرۆشییان پێوەکراوە.

سرود محەمەد، سەرۆکی کۆمەڵەی هیوای عیراق دەڵێت، زانیاریان هەیە کە باندی دیکە لە کەرکوکدا بوونیان هەیە و بازرگانی بە جەستەی کچ و ژنەوە دەکەن، بەڵام پشتگیریان لێدەکرێت و دەزگا ئەمنیەکان وەک پێویست ناتوانن ئەرکەکانیان جێبەجێ بکەن.

بەپێی ئاماری کۆمەڵەی هیوای عیراق بۆ داکۆکی لە مافی ژنان، لە ساڵی ڕابردوودا، هەزار و 905 حاڵەتی توندوتیژی دژ بە ژنان لە لایەن کۆمەڵەکەیانەوە تۆماركراوە، کە توندوتیژییەكان جەستەیی و دەرونی و هەموو جۆرە حاڵەتەكانی دیکەی تێدایە.


PM:11:35:03/05/2020


ئه‌م بابه‌ته 3504 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت