په‌رله‌مانتارێك: مستەفا كازمی دەتوانێت بەزوویی حكومەتی عیراق پێك بهێنێت

‌مستەفا كازمی

وێستگە نیوز- پشتیوان جەمال

پەرلەمانتارێكی یەكێتی لەئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عیراق رایدەگەیەنێت، بەهۆی ئەوەی زۆربەی شیعە لەسەر كاندیدكردنی مستەفا كازمی كۆكن و كورد و سوننەش پشتگیری دەكەن، دەتوانێت بەزوویی حكومەتی عیراق پێكبێنێت.

بڕیارە ئەمڕۆ عەدنان زروفی، لە ڕاسپاردنی بۆ پێكهێنانی حكومەتی نوێی عیراق بكشێتەوە و لەلایەن سەرۆك كۆماریشەوە مستەفا كازمی، سەرۆكی دەزگای هەواڵگیری عیراق بۆ پێكهێنانی حكومەت رابسپێردرێت.
 
شیروان میرزا، پەرلەمانتاری یەكێتی لەئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عیراق بە وێستگە نیوزی راگەیاند، عەدنان زورفی لەبەرئەوەی نەیتوانی نێوماڵی شیعە یەكبخات بۆ پێكهێنانی حكومەتی نوێی عێراق، سوننە و كوردیش چاوەڕوانی رێكخستنەوەی نێوماڵی شیعە بوون، بۆیە سەركەوتوو نەبوو.

ناوبراو روونیكردەوە، زۆربەی شیعەكان لەسەر مستەفا كازمی كۆك بوون بۆ پێكهێنانی حكومەت، بۆیە ئەویش رادەسپێردرێت، ئەگەر بەم شێوەیەش زۆربەی شیعە لەسەری كۆك بن و كورد و سوننەش پشتگیری خۆیان بۆ دەربڕیوە، كەواتە كازمی دەتوانێت بەزوویی حكومەت پێك بهێنێت.

سەبارەت بەوەی مستەفا كازمی بۆ كورد باش دەبێت، میرزا ئاماژەی بەوەكرد، بەهۆی ئەوەی كورد بەزوویی پشتگیری خۆی بۆ دەربڕی، لەو باوەڕەدان كازمی بۆ كورد باش بێت.

هــ. ر


AM:11:12:09/04/2020


ئه‌م بابه‌ته 2820 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو