وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌ راگه‌یه‌ندراوێكی بڵاوكرده‌وه‌


وێستگه‌ نیوز ـ
دوای هێرشەكەی شەوی رابردووی چەكدارانی داعش لە سنووری شارۆچكەی كوڵەجۆ و شەهیدبوونی دوو پێشمەرگەی كوردستان و راوەدوونانی چەكدرانی ئەو رێكخراوە، وەزارەتی پێشمەرگە لە بەیاننامەیەكدا دڵنیایی دەداتە خەڵكی كوردستان، كە چۆن ئەو رێكخراوەیان لەرووی جوگرافییەوە تێكشكاند، بە هەمان شێوە ئەفسانەی سەرهەڵدانەوەشیان پووچەڵ دەكەنەوە.

وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌ی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌ راگه‌یه‌ندراوێكدا رایگه‌یاند: شەوی رابردوو لە ئەنجامی پەلامارێکی ترسنۆکانەی تاریك پەرستان و تیرۆریستانی داعش بۆ سەر سەنگەرەكانی پێشمەرگە، لە شارۆچكەی كوڵەجۆ لە سنووری گەرمیان، لەساتی راوەدوونان و بەرپەرچدانەوەی ئەو تیرۆریستانە، دوو پێشمەرگەی نەبەرد و ئازای سەر بە لیوای 5ی پیادەی وەزارەتی پێشمەرگە بە ناوەكانی (ئیسماعیل فارس رەسول، سووركێو حەمە رەشید) شەهید بوون.

وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌ ده‌شڵێت: "پرسە و سەرخۆشیی خۆمان ئاراستەی خانەوادە و كەسوكاری سەربەرزی شەهیدانی شەوی رابردووی كوڵەجۆ دەکەین و هاوخەمی و هاوسۆزی خۆمانیان بۆ دووپاتدەکەینەوە".

راشیگه‌یاندووه‌: بە خەڵکی کوردستان رادەگەیه‌نین، وێڕای ناهەمواری بارودۆخی هەرێمەکەمان و خراپی دۆخەکە بەهۆی پەتای کۆڕۆناوە، بەڵام وەك هەمیشە، هێزی گیانفیدای پێشمەرگە لە ئامادەسازی و ئامادەباشی تەواودایە بۆ بەرگریکردن لەخاك و خەڵکی کوردستان.

وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌ ئاماژه‌ی به‌وه‌شداوه‌: "لەکاتێکدا، چەندین جار هۆشداریمان داوە لەسەر خۆرێکخستنەوەی شانە نووستووەکانی داعش و سەرهەڵدانەوەیان، بەم کارە چەپەڵ و ترسنۆکانەشیان ناگەنە هیچ ئامانجێك و بە بازووی هێزی پێشمەرگە ئەفسانەی سەرهەڵدانەوەشیان پووچەڵدەکەینەوە، ئەمەش بە هاوکاری و هەماهەنگی لەگەڵ هێزەکانی ئاسایش و سوپای عیراق و هێزەکانی هاوپەیمانی نێوەدەوڵەتی دژ بەداعش".



PM:06:43:08/04/2020


ئه‌م بابه‌ته 3332 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو