بارزانی‌: داعش خۆی‌ ڕێكخستۆته‌وه‌

‌ مەسعود بارزانی سه‌رۆكی‌ پارتی‌ دیموكراتی‌ كوردستان.


وێستگه‌ نیوز-


مەسعود بارزانی  سه‌رۆكی‌ پارتی‌ دیموكراتی‌ كوردستان، ئه‌مرۆ چوارشه‌ممه‌، ڕایگه‌یاند هێرشەکەی شەوی رابردو بەڵگەیەکی رونە تیرۆریستانی داعش خۆیان رێكخستوەتەوە.

شه‌وی‌ ڕابردوو له‌ئه‌نجامی‌ هێرشێكی‌ داعش بۆ سه‌ر سه‌نگه‌ره‌كانی‌ هێزی‌ پێشمه‌رگه‌ی‌ كوردستان له‌سنوری‌ كوڵه‌جۆی‌ سه‌ر به‌ كفری‌، دوو پێشمه‌رگه‌ شه‌هید بوون.

بارزانی‌ له‌په‌یامێكیدا ڕایگه‌یاند "بەداخێكی زۆرەوە شەوی ڕابردوو لە ئەنجامی پەلاماری تیرۆریستان بۆ سەر سەنگەرەكانی پێشمەرگە و ڕووبەڕووبوونەوەی هێزی پێشمەرگە و تیرۆریستانی داعش لە سنووری شارۆچكەی كوڵەجۆ لە گەرمیان دوو پێشمەرگەی سەر بە لیوای پێنجی پیادەی وەزارەتی پێشمەرگە بە ناوەكانی ئیسماعیل فارس ڕەسووڵ و سووركێو حەمەڕەشید پاڕەزانی شەهید بوون."

وێڕای‌ پرسە و سەرەخۆشیی بارزانی‌ له‌په‌یامه‌كه‌یدا ده‌ڵێت: ئەم جۆرە پەلامارانە بەڵگەیەكی ڕوونە لەسەر ئەوەی كە تیرۆریستانی داعش خۆیان ڕێكخستووەتەوە و هەڕەشەیەكی بەردەوامن بۆ سەر ئاساییش و ژیانی هاووڵاتیان. هەر بۆیەش پێویستە لەناوبردن و ڕێشەكێشكردنی تیرۆر وەك ئەولەوییەتێكی سەرەكیی هەرێمی كوردستان و حكوومەتی عێراق و هاوپەیمانان بمێنێتەوە.


PM:03:33:08/04/2020


ئه‌م بابه‌ته 67696 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت