گژوگیای بەھاری، لەنێوان کۆڕۆنا و تەقەمەنی ناوچە کوێستانییەکاندا!

‌مەیدانی گژوگیای بەھاری لە شاری قەڵادزێ، ناوەڕاستی مانگی یەکەمی وەرزی بەھار دەست پێ دەکات



وێستگه‌ نیوز - ڕاپۆرت: محەمەد چاوشین/ قەڵادزێ

ئێرە ناو جەرگەی بازاڕی قەڵادزێیە. پێش بڵاو بوونەوەی کۆڕۆنا ڤایرۆس، ئەو شوێنە یەکێک بوو لە قەرەباڵغ ترین شوێنەکانی ناو شار. 

بەڵام بەھۆی بڵاوبوونەوەی کۆڕۆنا ڤایرۆس و ڕاگەیاندنی قەدەغەی ھاتووچۆ لەلایەن حکوومەتی ھەرێمەوە، ئێستا ئەو شوێنە ھیچ چەشنە جەنجاڵی و قەرەباڵغییەکی پێوە دیار نییە.

بەڵام لەگەڵ ئەو بارودۆخە ناھەموارەشدا کە کۆڕۆنا ڤایرۆس ھێناویەتە کایەوە، ھێشتا خەڵکانێک ھەن ڕوو لەناوچە کوێستانییەکانی دەڤەری پشدەر دەکەن بۆ ھێنانی گژوگیای بەھاری و دواتر لەناو بازاڕ بەسەر موشتەرییەکانی  خۆیاندا ساغی دەکەنەوە.

"مام عەوڵا" تەمەنی زیاتر لە ٥٠ ساڵ دەبێت، باسی وەرزی ھێنانی گیاگۆڵی بەھاری دەکات و دەڵێت"مەیدانی گژوگیای بەھاری لە شاری قەڵادزێ، ناوەڕاستی مانگی یەکەمی وەرزی بەھار دەست پێ دەکات و تاکوو ناوەڕاستی مانگی (ئایار) بەردەوام دەبێت، لێرە زۆر گژوگیای وەكوو ڕێواس، کنگر، کوڕادە، لووشە، پێچووکە، کارگ، ئەسرێلک، سیرمۆکە، قەزوان و … زۆر گژوگیای دیکەش دەست دەکەوێت".

من سەبارەت بە ڕێکارەکانی خۆپارێزی لە کۆڕۆنا و قەدەغەی ھاتووچۆ لە"مام عەوڵا"دەپرسم، ئەویش ھەناسەیەک ھەڵدەکێشێ و بە نیگەرانییەوە دەڵێت" ھیچ چارمان نییە، کار و کاسبیمان نییە، زۆرینەی ئەوانەی گژوگیای بەھاری دێنن لە چینە ھەژار و گیرفان بەتاڵەکانن، خۆ دەبێ پاروە نانێک پەیدا بکەین!".

بە تەنیشت مام عەوڵاوە، کوڕێکی گەنج دانیشتووە، باوەشێک (ڕێواس)ی لەپێش خۆی داناوە و بەدەنگێکی بەرز ھاوار دەکات کە ڕێواسی باش و ناسکی ھەیە، جاروباریش بە دەنگێکی کەمێک بەرزتر بانگەشەی ئەوە بۆ ڕێواسەکانی دەکات کە "ترش و خۆش و بەتامە، دژە ڤایرۆسە و بۆ چەندین نەخۆشی بەسوودە".

ئەو کوڕە ناوی ئامانجە، ئامانج دەیگوت" ئەم ساڵ گژوگیای بەھاری زۆرە، بەڵام موشتەری کەمە، یان  ھەر نییە".

"ساڵانی پێشوو لە ھەولێر و سلێمانی و کەرکووکەوە کڕیار دەھاتن  بۆ بازاڕی قەڵادزێ و گژوگیای بەھارییان دەکڕی، بەڵام ئەو ڤایرۆسە لێمان قوت بۆتەوە و ھیچ کاروکاسبی و جموجۆڵێكی نەھیشتووە". ئامانج وایگوت.

بەشێکی زۆری ناوچەی پشدەر ناوچەیەکی کوێستانییە و  بە چیا و زنجرە شاخی بەرز دەورە دراوە. ھەموو ئەو گژوگیا بەھارییانەش لە ناوچە شاخاوییەکانەوە دەھێنرێن و دواتر لەناو بازاڕەکاندا ساغ دەکرێنەوە.

بەشێکی زۆری ئەو ناوچە شاخاوییانەش کە کەتوونەتە نێوانی سنوورەکانی ڕۆژھەڵات و باشووری کوردستانەوە، کاتی خۆی مەیدانی جەنگی ھەشت ساڵەی نێوان (عێراق - ئێران) بووە. بۆیە تا ھەنووکە بەشێکی زۆری ئەو ناوچانە پڕیەتی لە پاشماوەی تەقەمەنی و مینی جۆراجۆر.

"ئامانج"دەیگوت"ھێنانی ئەو گژوگیا بەھارییانە ھێندەش ئاسان نییە کە کڕیارەکان لێی دەڕوانن!، ئەگەر بە ھەستیاری و وریاییەوە ڕوو لە ناوچە کوێستانییەکان نەکەین، بێگومان مەرگ یان کەم ئەندامی بەدواوەیە".

"ھەندێک جار، ھەژاری و کەم دەرامەتی وا لەمرۆڤ دەکات لە شیرین ترین بەشی جەستەی خۆی ببورێ کە گیانیەتی". ئامانج وایگوت.


PM:08:15:07/04/2020






















ئه‌م بابه‌ته 4884 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو