کێڵگە پەلەوەرییەکان هۆشداری لەوەستانی بەرهەمهێنان ده‌ده‌ن


وێستگەنیوز- پشتیوان جەمال

بەهۆی نەبونی بازاڕ و ڕێگەنەدان بەساغکرنەوەی بەرهەمی مریشکی زیندوو کۆمەڵەی کێڵگە پەلەوەریەکان هۆشداری دەدەن لەکەوتنی ئەو کەرتە.

نازم عەبدوڵا جاف، جێگری سەرۆکی کۆمەڵەی کێڵگە پەلەوەریەکان بە وێستگە نیوزی ڕاگەیاند، لەئێستادا خاون کێڵگە پەلەوەریەکان بێهیوابون لە بەرهەمهێنانی مریشک و دووبارە پڕکردنەوەی هۆڵەکانیان لەجوچک بەهۆی خاوبونەوەی بازاڕ.

ناوبراو ئاماژەی بەوەکرد، لەئێستادا زیاتر لە دوو ملیۆن مریشک لەناو هۆڵەکان ئامادەیە بۆ فرۆشتن کە هەر کیلۆیەک لەم کاتەدا ٤٥٠ دینار لەزەرەردان، گەر بێتوو ئەم زەرەرە هەروا بەردەوام بێت و ڕێگرییا لێ بکرێت خاوەن هۆڵەکان جوچک تێناکەنەوە ئەوکات نرخی مریشک لەسەر هاووڵاتیان گران دەبێت.

نازم عەبدوڵا روونیکردەوە، داوا لەحکومەت و وەزیری کشتوکاڵ و وەزارەتی بازرگانی و وەزارەتی ناوخۆ و پارێزگار و قائیمقامیەت و لایەنە پەیوەندیدارەکان دەکەن گەر خەمخۆری بەرهەمی ناوخۆین بەزوترین کات بێنە سەر خەت و چارەسەرێکی گونجاو بۆ ساغکردنەوەی بەرهەمی مریشکی زیندوو بدۆزنەوە، چونکە خاوەنی هۆڵەکانی لەئێستادا دوودڵن لەوەی جوچک بخەنە ناو هۆڵەکان بۆ بەرهەمهێنان ئەگەر ئەوان ئەو کارە نەکەن ئەو بەدڵنیاییەوە لە دوو مانگی داهاتودا بەرهەمی مریشکی زیندوو زۆر کەم دەبێتەوە و نرخیش بەرز دەبێتەوە.

ئاماژەی بەوەشدا، دەبێت بەهەموان پشتیوانی بەرهەمی ناوخۆی بکەن لەئێستادا لەبەردەم مەترسی زیانێکی گەورەدان کە نرخی هەر تەنێک عەلەف ١٢٠ دۆلار لەسەریان زیادیکردووە.

هەروەها جەختیکردەوە، لەماوەی ڕابردودا بەهۆی داخستنی دوکانەکانەوە نزیکەی پێنج ملیار دینار زیان بەر کەرتی کڵێگە پەلەوەریەکان کەوتووە.


PM:11:32:06/04/2020


ئه‌م بابه‌ته 3840 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو