عه‌دنان زورفی: بەهیچ شێوەیەک لە پێکهێنانی حکومەت پاشەکشە ناکەم

‌فۆتۆ: ئه‌رشیڤ

وێستگه‌ نیوز ـ

عەدنان زورفی، رەتیدەکاتەوە دەست لە پێکهێنانی حکومەت هەڵبگرێت و رایده‌گه‌یه‌نێت، ئه‌مڕۆ کارنامەی کابینەکەی پێشکەشی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق دەکات.

عەدنان زورفی، سه‌رۆك وه‌زیرانی راسپێردراو بۆ پێكهێنانی حكومه‌ت به‌ ئاژانسی هەواڵی فەرمی عیراقی راگه‌یاند، بەهیچ شێوەیەک دەستبەرداری پێکهێنانی حکومەت نابێت و ئەمڕۆش کارنامەی کابینەکەی پێشکەشی ئەنجومەنی نوێنەران دەکات و داواش دەکات، کۆبوونەوەیەک بۆ دەنگدان لەسەر کابینەکەی رێكبخرێت.

زورفی، جەختی لەسەر پێکهێنانی حکومەتێکی نیشتمانی کردەوە، کە شەرعیەتی لە پەرلەمانەوە وەرگرتبێت و وەڵامدەرەوەی داواکارییەکانی شەقامی عیراقی بێت، کاریش بۆ دۆزینەوەی چارەسەری دۆخی ئابووری و سەروەری یاسا و ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەختە و هاوسەنگی لە پەیوەندیییە نێودەوڵەتییەکان دەکات.

رۆژی 17 ئازاری رابردوو، بەرهەم ساڵح، سەرۆک کۆماری عیراق عەدنان زورفی، سەرۆکی هاوپەیمانی نەسری لە پەرلەمانی عیراق بۆ پێکهێنانی حکومەت راسپارد.

بەپێی ماددەی 76ـی دەستووری عیراق، زورفی 30 رۆژی لەبەردەستە لە رۆژی راسپاردنییەوە بۆ پێشکەشکردنی حکومەتەکەی و بەدەستهێنانی متمانەی پەرلەمان.

هــ. ر


AM:09:50:04/04/2020


ئه‌م بابه‌ته 2008 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت