بۆ سەرتاشینێك شەش كاتژمێری بەپێ بڕی

‌فۆتۆ: ئه‌رشیڤ

وێستگە نیوز ـ پشتیوان جەمال
باوان دوای سێ رۆژ لە قەدەغەی هاتوچۆ بەهۆی ڤایرۆسی كۆرۆناوە، سێ كاتژمێری بە پێ بڕی تا لەگەڕەكی بەرانانەوە گەیشتە لای ماڵی سەرتاشەكەی لەگەڕەكی كوردسات بۆ چاككردنی قژی، لەوێش بەهەمانشێوە بە سێ كاتژمێر گەڕایەوە ماڵەوە.

باوان محەمەد، فەرمانبەرێكی تەمەن 35 ساڵە و رۆژی 12ی ئازار كاتێك بڕیاری داخستنی ئارایشتگا و سەرتاشەكان درا بەهۆی ڤایرۆسی كۆرۆنا فریا نەكەوتووە بڕواتە لای سەرتاشەكەی بۆ چاككردنی قژی، بۆیە دوای چەند رۆژێك ناچار بووە شەش كاتژمێر بە پێ بڕوات تا ماڵی سەرتاشەكەی بۆ چاككردنی قژی.

باوان بەزەردەخەنەیەكەوە بە وێستگە نیوزی راگەیاند، قژی زۆر هاتبووەوە و بەهۆی ئەوەشی نەیزانیبوو چ كاتێك قەدەغەی هاتووچۆ هەڵدەگیرێت بۆیە ناچار بووە بە پێی بڕواتە لای سەرتاشەكەی، چونكە تەكسییەكانیش نەیانتوانیوە بیگەیەنن بەهۆی ئەوەی نەك مۆڵەتی شۆفێرییان لێبسەنن.
 
بەهۆی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا لەهەرێمی كوردستان، حكومەتی هەرێم تائێستا چەند جارێك بڕیاری قەدەغەی هاتووچۆی درێژكردەوە بەمەبەستی خۆپارێزی لەو ڤایرۆسە، یەكەمجار رۆژی 14ی ئازار بڕیاری قەدەغەی هاتووچۆ درا، بەڵام لەڕۆژی 12ی ئازارەوە بڕیاری داخستنی سەرتاش و ئارایشتگاكان درا.

بەڵام بەشێك لەگەنجان و پیاوان بەهۆی هاتنە دەرەوەیان چ بە ئوتومبیل یان بەپیادە بەوتەی خۆیان، بەرگەی ئەوە ناگرن بۆ ماوەی چەندین رۆژ قژ یان ریشیان زۆر بێت و نەتوانن بڕۆنە لای سەرتاش بۆ چاككردنی، بۆیە بەهەر رێگەیەك بێت سەرتاشێك دەدۆزنەوە بۆ ئەوەی قژ یان ریشیان بۆ چاك بكات.

پێشەنگ مەحمود، پیاوێكی تەمەن 40 ساڵە و بەوێستگە نیوزی راگەیاند، لەڕۆژانی ئاساییدا هەفتانە سەردانی لای سەرتاشی كردووە بۆ چاككردنی ریش و دەموچاوی، بۆیە ناتوانێت لەسەر ئەو بەرنامەی لابدات و بەهەرچۆن بێت هەفتانەش هەر خۆی دەگەیەنێتە لای سەرتاشەكەی بۆ چاككردنی ریش و دەموچاوی.

ناوبراو ئاماژەی بەوەكرد، سەرتاشەكەی ماڵی لەگەڕەكی كازیوەیە و لەگەڵیدا رێككەوتووە هەفتانە سەردانی بكات، هەندێجار جگە لە خۆی هاوڕێ یان كەسوكاریشی لەگەڵ خۆی دەبات بۆ لای سەرتاشەكەی و وتی "بەڕاستی قورسە نێرینە ئیدارە بكات بۆ ماوەی سێ هەفتە یان مانگێك نەڕواتە لای سەرتاش، چونكە مووی زۆر دەبێت و ناشرینی دەكات".

تەحسین عەلی، یەكێكە لەو سەرتاشانەی جارجارە لەماڵەوە قژ بۆ ئەو كەسانە چاك دەكات كە بەبەردەوامی قژی لای چاك دەكەن بە وێستگە نیوزی راگەیاند، هەندێكجار موشتەرییەكانی خۆی كە ساڵانێكە زۆر سەردانی دەكەن پەیوەندی پێوە دەكەن بۆ ئەوەی قژ یان دەموچاو یان ریشیان بۆ چاك بكات، ئەویش لەهەیوانی ماڵەكەی كاریان بۆ دەكات.

ئەو سەرتاشە روونیكردەوە، رۆژانە رەنگە یەك یان دوو موشتەری سەردانی بكەن، چونكە نایەوێت لەماڵی خۆیدا كار بۆ هەموو كەسێك بكات، نەوەك لایەنە پەیوەندیدارەكان پێێ‌ بزانن و سزای بدەن.

داخستنی دوكان و بازاڕ بەهۆی ڤایرۆسی كۆرۆنا لەڕووی ئابوورییەوە زیانی زۆری لەخاوەن دوكانەكان داوە بەتایبەتیش ئەوانەی هیچ سەرچاوەیەكی دیكەی ژیانیان نییە.

كۆچەر محەمەد، سەرتاشێكی دیكەی شاری سلێمانییە لەنزیك مزگەوتی گەورەی شاری سلێمانی بۆ وێستگە نیوزی روونكردەوە، لەڕۆژی داخستنی سەرتاشەكانەوە دوكانی نەكردۆتەوە كە ئەوەش زیانی لێداوە، هەندێك لەموشتەرییەكانیشی پەیوەندی پێوە دەكەن تا لەماڵەوە كاریان بۆ بكات، بەهۆی نەبوونی شوێنەوە ناتوانێت كار بكات، بۆیە چاوەڕێی باشبوونی دۆخەكە دەكەن بزانن كەی كۆتایی دێت.


PM:10:30:03/04/2020


ئه‌م بابه‌ته 5104 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو