چەند رێنماییەك بۆ خاوەن پێداویستی تایبەت لەڕۆژی وەرگرتنی مووچە


وێستگە نیوز ـ
بەڕێوەبەرایەتی‌ گشتی‌ چاودێری‌‌ و گەشەپێدانی‌ كۆمەڵایەتی‌ لە پارێزگای‌ سلێمانی رایدەگەیەنێت، بۆ وەرگرتنی مووچەی خاوەن پێداویستی تایبەت سەرجەم ئامادەكارییەكان كراون و تەنها لە ئیدارەی راپەڕین سبەینێ مووچە دابەش ناكرێت.

عومەر گوڵپی‌، بەڕێوەبەری‌ گشتی‌ چاودێری‌‌ و گەشەپێدانی‌ كۆمەڵایەتی‌ لە پارێزگای‌ سلێمانی‌ لە راگەیەندراوێكدا كە وێنەی بۆ وێستگە نیوز نێردراوە سەبارەت بە هاوكاری‌ كۆمەڵایەتی‌ خاوەن پێداویستی‌ تایبەت (مووچەی‌ كەمئەندامان)، چەند خاڵێكی خستۆتەڕوو.

عومەر گوڵپی رایگەیاندووە، هاوڵاتیانی‌ خاوەن پێداویستی‌ تایبەت ئاگادار دەكەن كە لە سنوری‌ پارێزگای‌ سلێمانی‌ لە هەردوو رۆژی‌ شەممە و یەكشەممە (4و 5ی‌ 4ی‌ 2020)، هاوكارییە كۆمەڵایەتییەكانیان (مووچەكانیان) دابەش دەكرێت ‌و هیچ كێشەیەك نیەو سەرجەم فەرمانگەكانیان و گەنجینە و بانكەكان كاری‌ پێویستیان ئەنجامداوە و دەزگا پەیوەندیدارەكان ئاگاداركراونەتەوە كە ئاسانكاری‌ پێویست بكەن بۆ ئەو مەبەستە.

ناوبراو روونیكردوه‌تەوە، ئەوانەی لە نێوان شارو شارۆچكەكاندا هاتوچۆ دەكەن بۆ وەرگرتنی‌ مووچەكانیان، بە ناسنامەكانیان كارئاسانیان بۆ دەكرێت‌ و رێگەیان پێدەدرێت لەو دوو رۆژەدا بگەنە ئەو بانكەو فەرمانگەیەی‌ مووچەكەی‌ تیادا دابەش دەكرێت.

عومەر گوڵپی ئاماژەی بەوەكردووە، تەنها لە سنووری ئیدارەی راپەڕین (قەزاكانی‌ رانیەو قەڵادزێ) لە رۆژی‌ شەممە دابەش ناكرێت‌ و هاوڵاتیانی‌ خاوەن پێداویستی‌ تایبەت با رۆژی‌ یەكشەممە، 5ی‌ نیسانی‌ 2020 سەردانی‌ لیژنەكان بكەن بۆ وەرگرتنی‌، داواش دەكەن هەموو لایەك پابەندی‌ رێنماییەكانی‌ خۆپارێزی‌ لە نەخۆشی‌ كۆرۆنابن‌ و قەرەباڵغی‌ دروست نەكەن، ئەوەش بۆ پاراستنی‌ خۆیان‌ و هاوڵاتیانیش.

هــ. ر


PM:08:52:03/04/2020


ئه‌م بابه‌ته 4788 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت