نووسینگه‌ی سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێم وه‌ڵامی سۆران عومه‌ر-ی دایه‌وه‌


وێستگه‌ نیوز ـ
له‌ روونكردنه‌وه‌یه‌كدا نووسینگه‌ی سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان رایگه‌یاند، سۆران عومەر پەرلەمانتاری کۆمەڵی ئیسلامی هەندێ لێدوانی ناڕاست و چەواشەکارانەی داوە و دەشڵێت، "وێڕای رەتکردنەوەی ئەم تۆمەتانە، لە پێناو ئاشکراکردنی راستییەکان بۆ ھاوڵاتییانی خۆشەویستمان رێکاری یاسایی دەگرینە بەر".


ئەمڕۆ چوارشەممە 1ی نیسان، نووسینگەی سەرۆکی حکومەتی هەرێم لە روونکردنەوەیەکدا رایگەیاند، "دوابەدوای ئەوەی لە ناوەوە و دەرەوەی ھەرێم، رێکارەکانی حکومەتی ھەرێم بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی پەتای ڤایرۆسی نوێی کۆرۆنا بووە جێگەی دەستخۆشی، کەسانێک ویستیان بۆ شێواندنی ئەم دەسکەوتە خەڵک چەواشە بکەن و بە ھەواڵی ساختە پێگەی سەرۆکی حکومەت بکەنە ئامانج، لەوانەش سۆران عومەر پەرلەمانتاری سەر بە کۆمەڵی ئیسلامی هەندێ لێدوانی ناڕاست و چەواشەکارانەی داوە، کە گوایە داهاتی حکومەت لە خەرجییەکانی زیاترە و باسی لەوە کردووە، گوایە کە سەرۆکی حکومەت خاوەنداریی بانکێک و کۆمپانیایەکی گەورە دەکات".

لە روونکردنەوەکەدا ئەوەش هاتووە، "لەم کات و ساتەدا کە حکومەتی هەرێم هەموو تواناکانی خۆی بۆ پاراستنی تەندروستیی و گیانی هاونیشتمانیان تەرخان کردووە، چاوەڕوانی ئەوە بووین دوور لە ململانێ سیاسییەکان هەموو لایەک بەشدار و هاوکاربن لە پێناو تێپەڕاندنی ئەم دۆخە سەختە، بەڵام بەداخەوە کەسانێک سەلماندوویانە کە هیچ کاتێک ناتوانن بە ئاڕاستەی بەرژەوەندیی گشتیدا هەنگاوبنێن".

ئەوەش خراوەتەڕوو، "لێرەدا وێڕای رەتکردنەوەی ئەم تۆمەتانە، لە پێناو ئاشکراکردنی راستییەکان بۆ ھاوڵاتییانی خۆشەویستمان رێکاری یاسایی دەگرینەبەر"، ئاماژە بەوەشکراوە، "ئەم کەسە پێویستە بەڵگەکانی ڕادەستی لایەنە یاساییەکان بکات، ئەگەرنا دەبێت بەرپرسیاریەتی یاسایی ئەو چەواشەکاری و ناڕاستییانە لە ئەستۆ بگرێت".

ئەوەش دوایی ئەوەدێت، پێشتر سۆران عومەر پەرلەمانتاری کۆمەڵی ئیسلامی لە پەرلەمانی‌ کوردستان ڕایگەیاند، سەرۆکی حکومەت خاوەنداریی بانکێک و کۆمپانیایەکی گەورە دەکات.

هـ. ر


PM:09:23:01/04/2020


ئه‌م بابه‌ته 3752 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو