بەرپرسێکی‌ ئەمریکا: چاوەڕوان بن بزانن کۆرۆنا چی‌ لە عیراق دەکات


وێستگه‌ نیوزـ

باڵیۆزی‌ پێشووتری ئەمریکا لە بەحرەین رایگەیاند، ئاكامی ڕاستەقینە ڤایرۆسی‌ کۆرۆنا ته‌نها شەش ناوچە له‌ جیهاندا دەگرێتەوە و عیراقیش یەکێکه‌ له‌و ناوچانه‌ كه‌ پێشبینی ده‌كرێت ملیۆنان کەس توشی‌ ڤایرۆسەکە ببن.

ئادەم ئیریل، باڵیۆزی‌ پێشووتری ئەمریکا لە بەحرەین لە هه‌ژماری تایبه‌تیی خۆی له‌ تۆڕی كۆمه‌ڵایه‌تیی تویته‌ر نوسیویه‌تی "ئەگەر پێتانوایە نیویۆرک گرفتی‌ هەیە، تەنها چاوەڕوان بن تا کۆرۆنا هێرشدەکاتە سەر ملیۆنان ئاوارە و پەنابەر لە سوریا و لوبنان و عیراق و یەمەن و کینیا و غەززە".

ده‌شڵێت كه‌ ئەو وڵاتانە زۆرترین چڕیی‌ دانیشتوانیان هه‌یه‌ و له‌و وڵاتانه‌دا دووركه‌ونه‌وه‌ی کۆمەڵایەتی‌ مەحاڵە و دۆخی‌ تەندروستیان لە نزمترین ئاستدایە، ئەوەش وه‌ك بۆمبێکی‌ تەوقیتکراو وایە.

پێشتر ڕێکخرای‌ تەندروستی‌ جیهانی‌ هۆشداریی دابوو لەوەی‌ لەچەند هەفتەی‌ داهاتوودا و دوای ئاشكراكردنی ئه‌نجامی پشكنینه‌كان، ژمارەی‌ توشبوانی‌ کۆرۆنا لە عیراق بەرێژەیەکی‌ زۆر بەرزدەبێتەوە.

بەپێی دواین ئاماری ئەمڕۆ چوارشەممە، 1ی نیسانی 2020، 859 هەزار کەس لە جیهاندا توشی ڤایرۆسەکە بوون و 42 هەزار و 344 کەسیش بەهۆیەوە مردون، له‌ عیراقیش تائێستا 46 كه‌س گیانیانله‌ده‌ستداوه‌ و 630ی دیكه‌ش توشی ڤایرۆسه‌كه‌ بوون.


PM:12:12:01/04/2020


ئه‌م بابه‌ته 23676 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت