حكومه‌تی هه‌رێم له‌سه‌ر چاره‌نوسی خوێندنی ئه‌مساڵ كۆده‌بێته‌وه‌


وێستگه‌ نیوزـ

بریاره‌ ئه‌مڕۆ حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان كۆبونه‌وه‌یه‌ك ساز بكات و گفتوگۆ بكات له‌سه‌ر چەند پرسێكی پەیوەست بە كۆرۆنا و جێبەجێكردنی یاسای چاكسازی و داھاتوی خوێندنی ئەمساڵ.

ئامانج رەحیم، سكرتێری ئەنجومەنی وەزیران، رایگه‌یاند: له‌ كۆبونه‌وه‌كه‌دا چه‌ند پرسێكی تایبه‌ت به‌ رێكاره‌كانی بەرەنگاربونەوەی كۆرۆنا تاوتوێ دەكرێن، لەوانە، چۆنیێتی دابینكردنی موچەی فەرمانبەران و تاوتوێكردنی پڕۆژە بڕیارێك بۆ ھاوكاریكردنی ئەو كاسبكارانەی كە لە ئەنجامی ئەم بارودۆخەدا بەھۆی رێكارەكانی حكومەت زەرەرمەندبوونە و بژێوی ژیانیان لەدەستداوە، وه‌ك كرێی دوكانەكان و كەمكردنەوەی باج.

ئامانج رەحیم، راشیگەیاند: تەوەرێكی دیكەی كۆبوونەوەكە، ئامادەكارییە بۆ خوێندنی ئۆنلاین و وەزیرانی پەروەردە و خوێندنی باڵا پلانی خۆیان دەخەنەڕوو دەربارەی چارەنوسی خوێندنی ئەمساڵ، بۆ ئەوەی حكومەت بەرچاوی روون بێت بۆ خوێندنی ئۆنلاین و ھەنگاوەكانی جێبەجێكردنی و دڵنیابونەوە لەوەی خوێندنی ئەمساڵ نەفەوتێت.

هه‌ر سه‌باره‌ت به‌ یاسای چاكسازی، ئومێد سەباح، سەرۆكی دیوانی ئەنجومەنی وەزیران، ئاشكرایكردوه‌ كه‌ 5ی نیسان یاسای چاكسازی دەكەوێتە بواری جێبەجێكردن و تەوەرێكی كۆبونەوەكەی ئەمڕۆی حكومه‌ت دەركردنی پەیڕەوێكە بۆ جێبەجێكردنی یاسای چاكسازی، بۆ ئەوەی دادپەروەری لە موچە پەیڕەو بكرێت.

ئاشكراشیكرد كه‌ له‌ كۆبونه‌وه‌كه‌دا باس لە كەمكردنەوەی خەرجییەكانی حكومەت و چۆنیێتی زیادكردنی داھات دەكرێت و ھەنگاوەكانی دەستپێكردنەوەی گفتوگۆش لەگەڵ بەغدا تاوتوێ دەكرێن.


AM:08:48:01/04/2020


ئه‌م بابه‌ته 2220 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو