رێكخراوی ته‌ندروستی جیهانی: هیچ واده‌یه‌ك نییه‌ بۆ كۆتایی هاتنی كۆرۆنا

‌فۆتۆ: گێتی

وێستگه‌ نیوز ـ
رێكخراوی تەندروستیی جیهانی هۆشداری دا لە كەمی پێداویستی خۆپاراستن بۆ کارمەندانی تەندروستی كە رووبەڕووی ڤایرۆسی کۆرۆنا بوونەتەوە. بەرپرسی فریاكەوتنی ئەو رێکخراوەش رایگەیاند، کاتی کۆتاییهاتنی کۆرۆنا دیارنییە.
 

مایكڵ رەییان، بەرپرسی فریاكەوتن لە رێكخراوی تەندروستیی جیهانی داوای لە جیهان كرد ئەو رێكارانە بگرنەبەر كە بتوانن لەگەڵ ڤایرۆسەكە بیگوزەرێنن تا پێكوتەی دژە كۆرۆنا دەدۆزرێتەوە، چونکە بۆ ئێستا ئەمە تاكە چارەسەرە.
 
لە كۆنگرەی خولی رێكخراوی تەندروستیی جیهانی رەییان وتی: "لەو قۆناخەدا كەس ناتوانێت پێشبینی بكات كۆرۆنا بۆ ماوەی چەند دەمێنێتەوە، ئێمە لەسەر لێواری ئایندەیەكی نادیارین، پێویستە جیهان رێ و شوێنێك بگرێتەبەر لانیكەم بتوانین لەگەڵ ڤایرۆسەكە بگوزەرێنین تا پێكوتەی بۆ دەدۆزرێتەوە".
 
لەلایەكی دیكەوە رێكخراوی تەندروستیی جیهانی هۆشداری دا لە كەمی پێداویستی خۆپاراستن بۆ کارمەندانی تەندروستی كە رووبەڕووی پەتای كۆڤید ـ 19 بوونەتەوە.
 
تیدروس ئادهانۆم گریبسون، بەڕێوەبەری گشتی رێكخراوەكە رایگه‌یاند: "كەمی پێداویستی خۆپاراستن بووەتە هەڕەشە لە بەرامبەر توانای هاوبەشەكانمان بۆ رزگاركردنی خەڵكی، رێكخراوی تەندروستی جیهانیش نزیكەی نیو ملیۆن پارچەی جۆراوجۆری پێداویستی خۆپاراستنی بۆ 74 وڵات ناردووە، ئێستاش كار لەسەر ناردنی نیو ملیۆنی دیکە بۆ 60 وڵاتی دیكە دەكات".
 
بەپێی ئامارەکان تا ئێستا 786 هەزار و 270 کەس لە جیهان تووشی ڤایرۆسی کۆرۆنا بوون، 37 هەزار و 830 کەس بە ڤایرۆسەکە گیانیان لەدەستداوە و 165 هەزار و 660 نەخۆشیش چاکبوونەتەوە.

هــ. ر


PM:12:00:31/03/2020


ئه‌م بابه‌ته 2364 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت