فرانس پرێس: ئه‌مریكا سیستمی پاتریۆتی ره‌وانه‌ی هه‌رێم و عیراق كردووه‌

‌فۆتۆ: گێتی

وێستگه‌ نیوز ـ
فرانس پرێس بڵاویکردەوە، هەفتەی رابردوو، ئەمریکا سیستمی موشەکی لە جۆری پاتریۆت رەوانەی بنکە سەربازییەکانی هاوپەیمانان لە هەرێم و عیراق کردووە.


ئاژانسی هەواڵی فرانس پرێس بە پشت بەستن بە بەرپرسێک لە وەزارەتی بەرگری ئەمریکا و سەرچاوەیەک لە سوپای عیراق، ئاشکرایکردووە، ئەمریکا سیستمێکی موشەکی پاتریۆتی بۆ بنکەیەکی سەربازی وڵاتەکە لە هەولێر گواستووەتەوە، هاوکات سیستمێکی موشەکێکی دیکەش بۆ بنکەی عەین ئەسەد لە ئەنبار گواستراوەتەوە.

بەرپرسە ئەمریکیەکە راشیگەیاندووە، بڕیارە دوو سیستمی موشەکی دیکەش بۆ بنکە سەربازییەکانی هاوپەیمانان لە عیراق بگوازنەوە، کە لە ئێستادا لە وڵاتی کوەیتن و چاوەڕێی گواستنەوەی دەکەن.

ئەمەش لەکاتێکدایە، کێنیس مەکەنزی، فەرماندەی هێزەکانی ئەمریکا لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دوو هەفتە لەمەوبەر رایگەیاندبوو، لە پێناو پاراستنی هێزەکانی ئەمریکا لە عیراق و بۆ وەڵامدانەوەی هەر هێرشێکی هێزە چەکدارییەکانی نزیک لە ئێران بۆ سەریان، سیستمی بەرگری ئاسمانی پاتریۆت رەوانەی عیراق دەکەن.

پێشتریش پێنتاگۆن رایگەیاندبوو، لەبارەی رەوانەکردنی سیستمی بەرگری پاتریۆت بۆ ئەو وڵاتە داوای مۆڵەتیان لە بەغدا کردووە.

ئەمە لەکاتێکدایە، هەشتی کانوونی دووەمی ئەمساڵ، ئێران لە تۆڵەی کوشتنی‌ قاسم سولەیمانیدا 17 موشەکی ئاراستەی‌ بنکە سەربازییەکانی ئەمریکا لە هەولێر و خوارووی عیراق کرد و بەهۆیەوە دەیان سەربازی ئەمریکی برینداربوون.

هــ. ر


AM:09:42:31/03/2020


ئه‌م بابه‌ته 2340 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو