سه‌ركرده‌یه‌كی‌ سه‌ربازی‌ یه‌كێتی‌: ده‌بێت سه‌ڵاحه‌دین به‌هادین داوای‌ لێبوردن بكات و عه‌لی‌ باپیریش به‌خۆیدا بچێته‌وه‌

‌ عه‌تا سه‌راوی فه‌رمانده‌ی‌ سه‌ربازی‌ و ئه‌ندامی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ سه‌ركردایه‌تی‌ یه‌كێتی‌ نیشتمانی‌ كوردستان



وێستگه‌ نیوز-

سه‌ركرده‌یه‌كی‌ سه‌ربازی‌ یه‌كێتی‌ نیشتیمانی‌ كوردستان، ئه‌مرۆ دووشه‌ممه‌، 29ی‌ ئازاری‌ 2020 له‌سه‌ر ده‌ربڕینی‌ هاوسۆزی‌ هه‌ردوو سه‌ركرده‌ی‌ دیاری‌ ئیسلامی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان بۆ مه‌لا كرێكار ئه‌میری‌ ڕه‌وتی‌ شاخ، داوا ده‌كات ئه‌و دوو سه‌ركرده‌ ئیسلامییه‌ داوای‌ لێبوردن بكه‌ن.

عه‌تا سه‌راوی‌ كه‌ هاوكات ئه‌ندامی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ سه‌ركردایه‌تی‌ یه‌كێتی‌ نیشتیمانی‌ كوردستانه‌ دژی‌ هاوسۆزی‌ عه‌لی‌ باپیر ئه‌میری‌ كۆمه‌ڵی‌ ئیسلامی‌ و سه‌ڵاحه‌دین باپیر ئه‌مینداری‌ گشتی‌ یه‌كگرتووی‌ ئیسلامی‌ ده‌وه‌ستێته‌وه‌.

عه‌تا سه‌راوی‌ له‌ رونكردنه‌وه‌یه‌كدا كه‌ كه‌ وێنه‌یه‌كی‌ بۆ سایتی‌ وێستگه‌ نیوز نێردراوه‌ ده‌ڵێت ده‌بێت سه‌ڵاحه‌دین به‌هادین داوای‌ لێبوردن بكات و عه‌لی‌ باپیریش به‌خۆیدا بچێته‌وه‌.

ئه‌م دوو سه‌ركرده‌یه‌ی‌ هێزه‌ ئیسلامییه‌كان، دوای‌ ئه‌وه‌ی‌ مه‌لا كرێكار له‌ووڵاتی‌ نه‌رویجه‌وه‌ ڕه‌وانه‌ی‌ ئیتاڵیا كرا، به‌توندی‌ ڕه‌خنه‌یان له‌ و بریاره‌ی‌ نه‌رویج گرت و هاوسۆزی‌ خۆیان به‌شێوه‌یه‌ك له‌شێوه‌كان به‌رامبه‌ر مه‌لا كرێكار ده‌ربڕی‌.

عه‌تا سه‌راوی‌ ده‌ڵێت: مخابن دوێنێ مامۆستا سەلاحەدین بەهادین ئەمینداری گشتی یەكگرتوو، هاوسۆزی و پێناخۆشحاڵی خۆی دەربڕی كە لەوەی خەمی ژیانی ئەو گەورە تیرۆریستەیەتی و، رەخنە لە نەرویج و ئیتاڵیا ئەگرێ، نەبادا (كرێكار)، تووشی نەخۆشی كرۆنا بێت و گیان لە دەست بدات.

ناوبراو داوا له‌سه‌ڵاحه‌دین به‌هادین ده‌كات داوای‌ لێبوردن لە كەس وكارو ژن و مناڵی ئەو شەهیدانە بكات.

هه‌روه‌ها ناوبراو به‌ عه‌لی‌ باپیر ئه‌میری‌ كۆمه‌ڵی‌ ئیسلامی‌ كوردستانیش ده‌ڵێت "  ئێستا ئەویش هاوسۆزی دەردەبرێت بۆ كرێكارو ئەنسار كە دەبنە هاوبەش لە كارە تیرۆریستیەكانی ئەنسار و كرێكار، هیوادارم ئەو رۆژە رەشانەیان بیر بێت بە هەڵدانەوەی قەتماغەی برینە كۆنەكانی ئێمە گەرانەوەیە بۆ ئەو مێژوە تاڵەو هەلگری بەرپرسیارییەتی روداوەكانی رابردوو ئایندەش، وە هیوادارم ئەویش بە خۆیدا بچێتەوە و داوای لێبوردن لە كەس و كاری شەهیدەكانی ئیمە بكات، نەك هاوسۆزی دەربرین لەگەڵ ئەمیری بكوژەكانیان".


ده‌قی‌ روونكردنه‌وه‌كه‌

ڕونكردنەوەیەك بۆ ڕای گشتی

كۆمەڵانی خەڵكی كوردستان
كەس و كاری سەربەرزی شەهیدان

لای هەمووان ڕون و ئاشكرایە مرۆڤایەتی و گەلی كورد بە تایبەتی و گەلانی ناوچەكە لە عێراق و سوریاو یەمەن و زۆربەی ووڵاتانی دونیا كە تووشی چی كارەساتێكی ترسناكی دژ بە ژیان و تیكدانی نائارامی و ئاسایشی ووڵاتان بوەنەتەوە، كە ئەویش تیرۆرو تیرۆرستانن، لە هەرشوێن و ووڵاتێك بە ناوی جیا جیاو لە ژێر پەرچەمی ئاینی ئیسلام، چ كارەساتێكیان توشی ووڵاتان و گەلان و ئاینە جیاوازەكانی غەیرە ئیسلام كردوە و چەندین ووڵاتیان خەلتانی خوێن و كاولكاری و قڕكردنی ژیان كردوە، گەلی ئیمەش لە كوردستان پشكی شێرمان بەركەوتووە لەو كوشتن و بڕین و كارەسات، كە كۆتاییەكەیان داعش و شەڕی سێ ساڵەی ئەم گروپە ژیان كوژە بووە، ئەمە جگە لە وێرانكاری عێراق و ئەنفال كردنی برا یەزیدییەكانمان، شەهیدبوونی (1750) هەزارو حەوت سەدو پەنجا، پیشمەرگەو(15000) هەزار بریندار، بەلێ زۆر بەداخەوە هەموان ئەزانن كە یەكێتی نیشتیمانی كوردستان و رۆڵەكانی ئێمە زۆر دەمێكە ڕوبەروی تیرۆرستان بونەتەوە ، كەسیك نییە لە كوردستان و عێراق و ناوچەكەو بگرە جیهانیش نەزانێت كە جوندل ئیسلام و ئەنسار ئیسلام چ بوون و كێن و چۆن لە هەناوی بزوتنەوەی ئیسلامییەوە دروست بوون، لای هەمووان رون و ئاشكرایە كە جگە لە شەری بزوتنەوەی ئیسلامی بە فیتی دوژمنانی كورد لە سالی (1993- 199)، ئەو دوو گروپە كە گەورە تیرۆریست مەلا كریكار ئەمیریان بوو، كە لە ساڵی (2001-2002)، یەكەمیان سەربڕین و شەهیدكردنی پەنجا پێشمەرگە لە خێڵی حەمەو دووەمیان كە 4/12 2002 لە شەڕێكی نابەرامبەر و دوای شەرێكی قورسی چەند سەعاتی، شەهیدكردنی حەمە سەراوی فەرماندەی فەرماندەی شارەزور و جێگرەكانی و ئەفسەرو پێشمەرگەكانی كە (45)، پێشمەرگە بوون، بەڵێ سەرجەم كۆمەڵانی خەلكی كوردستان چاك دەزانن، دوای پرۆسەی ئازادكردنی ناوچەی هەورامان و خورماڵ لە ساڵی 2003 گەورە تیرۆریست مەلا كریكار هەڵهات و دوای ئەوەی كە گەشتە ووڵاتی نەرویج لەو ووڵاتە چەندین مەلەفی تیرۆری لە سەر بوو، وە چەندینجار حوكم دراو لە سەر كارە قێزەون و تیرۆریستیەكانی لە چەندین ووڵات داواكراو لە ئیتالیاش هەر بە هۆی كاری قێزەونی تیرۆریستییەوە دوازدە ساڵ حوكمی غیابی هەبووە، بەڵێ دوینێ ووڵاتی نەرویج لە سەر داوای ئەو ووڵاتە رەوانەی ئیتاڵیای كرد، تا سزای كارە قێزەوونە تیرۆرستی پیاو كوژییەكانی وەرگرێ.

مخابن دوێنێ مامۆستا سەلاحەدین بەهادین ئەمینداری گشتی یەكگرتوو، هاوسۆزی و پێناخۆشحاڵی خۆی دەربڕی كە لەوەی خەمی ژیانی ئەو گەورە تیرۆریستەیەتی و، رەخنە لە نەرویج و ئیتاڵیا ئەگرێ، نەبادا (كرێكار)، تووشی نەخۆشی كرۆنا بێت و گیان لە دەست بدات؟؟؟؟!!!!!!!
بەندە وەكو عەتا سەراوی وەك نوێنەرو وارسی زیاد لە (360) شەهید، زۆر بەداخەوەم لەوەی لای كەمی ئێمەو كەس و كاری ئەو هەموو شەهیدە كە زۆربەیان خەلكی هەڵەبجەو شارەزورو پینجوین و سەیدسادق و گەرمیان و راپەرین و چەمچەمال و ناوچەكانی ترو كوری فەقیرو هەژارن، هەرگیز پێمان وانەبوو كەسی یەكەمی یەكگرتوی ئیسلامی كە هەر لە سالی 1993 و دامەزراندنی حیزبەكەیەوە و لە لایەن بەرێز سەرۆكی كۆچكردوو سەرۆك مام جەلال و حیزبی ئەو شەهیدانە ریزی لێگیراو و گوێ لێگیراو بوو، وە بۆ جاریكیش لە زۆرنی سەوز خۆی و حیزبەكەی جگە لە رێز هیچ هەڵە یان دەست درێژییان نەكراوەتە سەر، جەنابیشی ئەزانێ كە خۆیشی و قیادییەكانی لە دهۆك و هەولێر حاڵیان چۆن بوو.
مەخابن ئێستا دوای 17 سال لەو كارەساتەی جوندوئەنسارئیسلام بەرامبەر ئێمە كردی (كرێكار بكوژ و بەرپرسیاری هەموو ئەو كارەساتانە و داواكراو لە عیراق و كوردستان)، جەنابی مامۆستا سەلاحەدینیش هاوخەمی و هاوسۆزی بۆ بكوژی كەس و كاری ئێمە دەردەبڕێت.

كەس وكاری شەهیدە نەمرەكان، تێكۆشەران ئەی ئەوانەی تا ئێستاش خاوەنی پیاوەتی و جوامێری جارانن، بڕوانن و بزانن كە چی كارەساتێكە لە بەرچاوی هەموومان و لە نێو شارو ووڵاتی خۆمان بە دەنگی بەرزو بە ئاشكرا كەسی یەكەمی یەكگرتووهاوسۆزی و هاوخەمی بۆ بكوژی رۆڵەكانتان دەردەبرێ.

بۆیە بەندە داوا لە بەرێز مامۆستا سەڵاحەدین ئەكەم یان داوای لیبوردن لە كەس وكارو ژن و مناڵی ئەو شەهیدانە بكات، وە هیوادارم نەچێتە ڕیزی عیرفان و بزوتنەوەی ئیسلامی یان لای كەم بیری بوایە كە بكوژی 360 پێشمەرگە كوری خەڵك بوون و خاوەنی خێزان و باوك و دایك و خوشك و برا حەقی ژیانیان هەبوو، نەك لە عارفەی هەردوو جەژنی ڕەمەزان و قوربان، جندو ئەنسارو كرێكار قەتڵ و عامی كردن.

وە بەداخەوە مامۆستا عەلی باپیریش كە خۆی و كۆمەڵی ئیسلامی یەكێك بوون لەوانەی كە هەر لە جیابونەوەی جوندو ئەنسار تا كۆمەڵی ئیسلامیش زەحییەی دەستی گروپەكەی عیرفان و كریكار بوون، وە ئەوەش بوە هۆی هۆكاری ئەوە كە لە ساڵی 2003 بەر گورزی هاوپەیمانان بكەون و بە هۆی نزیكی بارەگانیان لە ئەنسارو گروپەكەی مەلا كرێكار، وە دەیان كەسیان لێ كوژراو هەر لە گیرانی خۆی لە لایەن هاوپەیمانانەوە وە ئازادكردنی لە لایەن سەرۆكی كۆچكردوو مام جەلال، وە ئێستا ئەویش هاوسۆزی دەردەبرێت بۆ كرێكارو ئەنسار كە دەبنە هاوبەش لە كارە تیرۆریستیەكانی ئەنسار و كرێكار، هیوادارم ئەو رۆژە رەشانەیان بیر بێت بە هەڵدانەوەی قەتماغەی برینە كۆنەكانی ئێمە گەرانەوەیە بۆ ئەو مێژوە تاڵەو هەلگری بەرپرسیارییەتی روداوەكانی رابردوو ئایندەش، وە هیوادارم ئەویش بە خۆیدا بچێتەوە و داوای لێبوردن لە كەس و كاری شەهیدەكانی ئیمە بكات، نەك هاوسۆزی دەربرین لەگەڵ ئەمیری بكوژەكانیان.

لێرەوە دوبارە بە ناوی كەس و كاری هەموو ئەو شەهدانەوە بە مەلا عیرفان رادەگەیەنین دەمێكە ئاگاداری جێبەجێكردنی پلانی دوژمنانی گەلەكەمانین خۆت و تاقمە سەرلیشێواوەكەت، بۆیە حاڵی گروپەكەت جوانە، حیزبەكەت دوای چەندین شەرو گێچەڵ و خەڵك كوشتن و بە كوشتدان لە هیزێكی گەورەوە لە سالی 1987 تا ساڵی 2001 بوی بە پەندی زەمانە و جگە لە خۆت و چەند كاسە لێسێك كە خزاونەتە كونی ژوری ماڵەكانتان لە هەڵەبجە و بوونی بەناو نوسینگەیەك لە گەرەكی ئاشتی لە سلێمانی كە نوسینگەی فیتنەو ئاشوبە، هەر لە سەردانیكردن و تەلەفون كردنت لە چەند ساڵی رابردوو بۆ گەورە تیروریستی هاوپیشەت كرێكار ئاگادارین و دڵنیابە خەونی گڵاوتان ئەبەنە گۆڕی تاریكتان ئێوەو هاوشێوەكانتان و (مەلا كرێكار)ش، لەگەڵ ڤایرۆسی كرۆنا كۆتایتان پێ دێت.

كەس وكاری شەهیدانی دەستی تیرۆر، لەمڕۆوە ئەبێت ئیتر خۆمان كۆبكەینەوەو خۆمان سزای بكوژان و هاوسۆزانی تیرۆرستان بدەین و چیتر لە هیچ تاقم و دەستەو گروپێك قبوڵ نەكەین كە بە رۆژی روناك و زۆر بێ شەرمانە پشتیوانی و هاوسۆزی و هاوكاری تیرۆریستان بكەن و بە بەرچاوی كەس و كاری شەهیدانی ئەم ووڵاتەشدا بسوڕێنەوە و بنكەو بارەگای سیخوری و پەروەردەكرن و گەرای جوندو ئەنسارو داعش بن و نە بایان دیبێ و نە بۆران.

هیزو لایەنە سیاسی و كۆمەلایەتی و ڕێكخراوەكانی كۆمەڵگەی مەدەنی ئەی ئێوە لە كوێن؟!

پەرلەمان و حكومەت و سەرۆكایەتی هەرێم ئەی ئێوە بۆ فزەتان لێوە نایەو مەگەر كور و باوك برای ئیمە لە پێناوی بەرگری لەم حكومەت و پەرلەمانە خۆیان بە كوشت نەدا؟!

مەگەر لە سەر خوێنی كەس و كاری ئێمە تا دوا شەری داعشی تیرۆریستیش ئیمە كوردستان كورسییەكانی ئێوەمان نەپاراست؟!

لە كۆتاییدا زۆر بەداخەوە ناچارین ئێمە خۆمان دەمی ناحەزان و دوژمنان و بەكرێگیراوان و هاسۆزەكانیان دابخەین، وە خۆشمان تەحەمولی هەموو بەرپرسیارییەتیەك دەكەین.

عەتا سەراوی
لە جیاتی بنەماڵەو كەس و كاری شەهیدان
29/3/2020

PM:03:46:29/03/2020


ئه‌م بابه‌ته 460 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



PM:03:46:29/03/2020


ئه‌م بابه‌ته 11524 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو