ئه‌حمه‌دی حاجی ره‌شید: وه‌زیری دارایی هه‌رێم پێی راگه‌یاندم كه‌ ده‌ستكاریی موچه‌ ناكه‌ن


وێستگه‌ نیوزـ

ئه‌ندامێكی كوردی لیژنه‌ی دارایی له‌ په‌رله‌مانی عیراق رایگه‌یاند، وەزیری دارایی حکومەتی ھەرێم پێی راگەیاندووه‌ حكومه‌ت دەستکاری موچەی فەرمانبەران ناکات، وتیشی: بەغدا موچەی مانگی دوو و سێی‌ ئه‌مساڵی ناردووە، بەڵام حکومەتی ھەرێم دابەشی ناکات.

لە میانەی بەرنامەی تاوتوێی كه‌ناڵی ئێن ئاڕ تی، ئەحمەدی حاجی رەشید، ئەندامی لیژنه‌ی دارایی له‌ پەرلەمانی عیراق په‌رله‌مانتاری فراکسیۆنی کۆمەڵی ئیسلامی وتی: "وەزیری دارایی ھەرێم پێی راگەیاندووم دەستکاریی موچەی فەرمانبەران ناکات"، ئه‌وه‌شی رونكرده‌وه‌ كه‌ "ھەرێم بە بێ پرسی بەغدا ناتوانێت قەرز لە ھیچ وڵاتێکی دیکە وەربگرێت".

به‌وته‌ی ئه‌حمه‌دی حاجی ره‌شید، عیراق مانگانە بایی یەک ملیار دۆلار نەوت نافرۆشێت لە کاتێکدا بەپێی بودجە دەبێت سێ ملیار بفرۆشێت"، باسی لەوەشکرد، "ئەگەر نرخی نەوت بەم جۆرە دابەزێت عیراق مانگانە توشی کورتھێنانی بودجە به‌ به‌های دوو ملیار دۆلار دەبێت، ھەرچەندە نرخی نەوتیش دابەزێت ھیچ بڕگەیەک نییە، کە عیراق دەستکاریی موچەی فەرمانبەرانی ھەرێم بکات".

باسی لەوەشکرد، "تائێستا ھیچ جۆرە بڕیارێک نییە، نە لە عیراق و ھەرێمیش بۆ ئەوەی موچە بکرێتە 45 رۆژ جارێک، ئەگەر کورتھێنانیش رووبدات لە بودجەی عیراق دەتوانرێت پڕ بکرێتەوە"، راشیگه‌یاند كه‌ "عیراق پێویستی بە سێ ملیار دۆلارە بۆ موچەی فەرمانبەرانی، بەڵام ئەم مانگە دەستی نەکەوتووە و گرفتی دابینکردنی موچەی فەرمانبەرانی ھەیە لە مانگی چواردا".

ئه‌ندامه‌كه‌ی لیژنه‌ی داراییدەشڵێت، "عیراق ناتوانێت قەرز لە بانکی نێودەوڵەتی بکات، چونکە وڵاتێکی ھەژار نییە و دەتوانێت تەنھا لە رێگەی پەیوەندی دیبلۆماسییەوە قەرز لە وڵاتانی دیکەوە وەربگرێت"، ئاماژەی بەوەشكرد، "عیراق بەو گەندەڵییەوە داھاتی نەوتی شەفافە، بەڵام لە ھەرێم کەس نازانێیت داھاتی نەوت چەندە".


PM:11:51:28/03/2020


ئه‌م بابه‌ته 3164 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت