گه‌نجێك به‌هۆی كه‌وتنه‌ خواره‌وه‌ی له‌ شاخ گیانی له‌ ده‌ستدا


وێستگه‌ نیوز ـ
بەڕێوەبەرایەتی‌ بەرگری‌ شارستانی‌ سۆران رایگەیاند، خوێندکارێکی‌ دانیشتووی‌ دێرای سەر بە شارەدێی مەزنێ لە قەزای مێرگەسور لە پارێزگای‌ هەولێر لە کاتی‌ گەڕان بەدوای‌ ئاژەڵێکی‌ ونبوودا بەهۆی کەوتنەخوارەوەی‌ لەشاخ گیانی لەدەستدا.

کاروان میراودەلی، ئەفسەری سەرپەرشتیاری تیمەکانی رزگارکردنەکان لە بەرگری شارستانی‌ سۆران لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی‌ بەوەکردووە: خوێندکارەکە تەمەنی‌ 17 ساڵە و بە مەبەستی‌ هاوکاریکردنی‌ باوکی کە شوانکارە، بەدوای‌ ئاژەڵێکیاندا لە شوێنە چۆڵ و پێدەشت و ناوچە سەختە شاخاوییەکاندا گەڕاوە و دواتر پەیوەندی تەلەفۆنی نەماوە.

روونیشیکردووەتەوە، دوای درککردنی باوکی بە نەگەڕانەوەی کاتژمێر10ی‌ شەوی‌ رابردوو ژووری کۆنتڕۆڵی بەرێوەبەرایەتییانی لێئاگادار دەکرێتەوە بۆئەم مەبەستە دەستبەجێ دەرچوونیان کرد بۆ شوێنی‌ رووداو تا کاتژمێر چواری‌ بەربەیانی ئەمڕۆ تیمەکانیان وەک تیمی رزگارکردن و تیمی بنەی مەزنێ بەهاوکاری خەڵکێکی زۆر لە گەڕان بوون بەمەبەستی دۆزینەوەی چارەنوسی ئەم مێردمنداڵە، دواتر بەیانی‌ ئەمڕۆ توانرا تەرمەکەی بدۆزرێتەوە کە بەهۆی هەڵدێران (کەوتنەخوارەوە لەسەر شاخ)ە وە گیانی لەدەستدابوو.

باسی لەوەشکردووە، لەرێگەی ئێمەی بەرگری شارستانیەوە تەرمەکەی رەوانەی‌ پزیشکی دادی سۆران و دوای ڕێکارە یاساییەکان درایەوە کەسوکاری.

سەرپەرشتیاری تیمەکانی رزگارکردنەکان لە بەرگری شارستانی‌ سۆران ئاشکراشیکردووە، ئەمە پێنجەمین رووداوی کەوتنەخوارەوەیە لەسەر شاخ کە سێ کەس گیانیان لەدەستداوە و سێ کەسیش رزگارکراون.

هــ. ر


 


PM:01:09:28/03/2020


ئه‌م بابه‌ته 6540 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو