نیۆرك تایمز: پنتاگۆن هێرش ده‌كاته‌ سه‌ر گروپه‌ چه‌كدارییه‌كانی عیراق

‌فۆتۆ: گێتی

وێستگه‌ نیوز ـ
رۆژنامەی‌ نیویۆرک تایمز بڵاویکردەوە، وەزارەتی‌ بەرگری‌ ئەمریکا "پنتاگۆن" پلانی‌ هێرشکردنە سەر گروپە چەکدارییەکانی‌ عیراقی هەیە.


رۆژنامەی‌ نیویۆرک تایمزی‌ ئەمریکی‌ بڵاویکردووتەوە، هەفتەی‌ رابردوو، پنتاگۆن فەرماندە سەربازییەکانی‌ ئاگادارکردووەتەوە کە ئامادەکاری‌ بۆ ئۆپراسیۆنێکی‌ سەربازی‌ لە عیراقدا بکەن. دەشڵێت، لە ئۆپراسیۆنەکەدا بۆردومانی ئەو گروپە چەکدارییانەی سەر بە ئێران دەکرێت کە هەڕەشەی کردەوەی‌ چەکدارییان دژی هێزە ئەمریکییەکان کردووە.

ڕۆژنامەکە ئاماژەی‌ بەوەکردووە، فەرماندە باڵاکانی‌ ئەمریکا لە عیراق هۆشداریانداوە کە ئۆپراسیۆنەکە خوێناوی‌ دەبێت بەهۆی‌ کاردانەوەی‌ گروپە چەکدارییەکانی‌ سەر بە ئێران و هەڕەشەی‌ دەستپێکردنی‌ شەڕ دژی‌ ئێران دەبێت.

هاوکات، یەکێک لە فەرماندە سەربازییەکانی‌ ناو سوپای‌ ئەمریکا بە رۆژنامەکەی راگەیاندووە، بۆ رووبەڕووبوونەوەی‌ هێرشی‌ گروپە چەکدارییەکان، و ئەنجامدانی ئۆپراسیۆنەکە، پێویستە هەزاران سەربازی‌ ئەمریکا رەوانەی‌ عیراق بکرێت.

رۆژنامەکە ئاماژەی‌ بەوەکردووە، وەزیری‌ دەرەوە و راوێژکاری‌ ئاسایشی‌ نیشتمانی‌ ئەمریکا لەگەڵ ئەوەن هێرش بکرێتە سەر ئێران و گروپە چەکدارییەکانی‌ سەر بە ئێران لە عیراق.

هاوکات، وەزیری‌ بەرگری‌ و فەرماندەی‌ فەرماندەیی‌ هاوبەشی‌ ئەمریکا نیگەرانن لە بەکارهێنانی‌ هێزی‌ سەربازی‌ و لە هەمان کاتدا وەزیری‌ بەرگری‌ پلانی‌ هێرشکردنەکەی‌ خستووەتە بەردەستی‌ ترەمپ کە لە چەند بژاردەیەک پێکهاتووە.

رۆژنامەکە ئەوەی‌ روونکردووەتەوە، تا ئێستا ترەمپ بڕیاری‌ هێرشکردنەکەی‌ نەداوە، بەڵام فەرمانی‌ کردووە کە پلانەکان لەوبارەوە بەردەوامبن.

لەلایەکی دیکەوە، جۆن هایتن، سەرۆک ئەرکانی‌ هێزە هاوبەشەکانی‌ ئەمریکا دوێنێ هەینی‌ رایگەیاند، سەرەڕای‌ بڵاوبوونەوەی‌ ڤایرۆسی‌ کۆرۆنا بەڵام پرۆسە سەربازییەکانیان لەدەرەوەی‌ ئەمریکا بەردەوامدەبێت.

لە کۆتایی ساڵی رابردوو، دوای چەند هێرشیك بۆ سەر بنکە سەربازییەکانی ئەمریکا و کوژرانی بەڵێندەرێکی ئەمریکی لە سەربازگەی کەی وەنی کەرکوک، لە 3ی‌ کانونی‌ دووەمی‌ 2020 دا، قاسم سولەیمانی‌، فەرماندەی‌ سوپای‌ فەیلەقی‌ قودسی ئێران و ئەبو مەهدی‌ موهەندیس جێگری‌ سەرۆکی‌ دەستەی‌ حەشدی‌ شەعبی و هەشت فەرماندەی‌ باڵای‌ سەربازی‌ ئێران و حەشدی‌ شەعبی‌ بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی ئەمریکی لە نزیک فرۆکەخانەی‌ بەغدا کوژران و لەو کاتەوە ئاڵۆزییەکانی‌ نێوان ئەمریکا و ئێران لە عێراقدا بەردەوامە.

هــ. ر


AM:11:01:28/03/2020


ئه‌م بابه‌ته 2064 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو