پارەی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم گەیشتە هەولێر



وێستگە نیوز- 

بەڕێوەبەری لقی هەولێری بانکی ناوەندی عیراق رایگەیاند، بڕی 453 ملیار دینار کە پارەی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمە ئەمڕۆ گەیشتووەتە هەولێر. 

عابد مزوری،بەڕێوەبەری لقی هەولێری بانکی ناوەندی عیراق بە وێستگە نیوزی راگەیاند، بڕی 453 ملیار دینار کە پارەی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمە ئەمڕۆ پێنجشەممە گەیشتووەتە هەولێر، وەزارەتی دارایی هەرێم سبەی دەتوانێت پارەکە وەربگرێت. 

عابد مزوری رەتیشیکردەوە لە رۆژی ١٨ ی ئەم مانگەدا هیچ بڕە پارەیەکی دیکە گەیشتبێتە هەرێم و رادەستی حکومەتی هەرێم کرابێت.

ئەمە لەکاتێکدایە نیوەڕۆ ئەمڕۆ ئەمڕۆ پێنجشەممە وته‌بێژی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان روونكردنه‌وه‌یه‌كی له‌سه‌ر مووچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی هه‌رێم بڵاوكرده‌وه‌ و رایگه‌یاند، چه‌ند وه‌زاره‌تێك له‌ بودجه‌ی هه‌رێم مووچه‌یان وه‌رگرتووه‌ و بۆ مووچه‌ی وه‌زاره‌ته‌كانی تریش چاوه‌ڕوانی هاتنی پاره‌كه‌ی به‌غدا ده‌كه‌ن.

د. جوتیار عادل، وته‌بێژی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌ روونكردنه‌وه‌یه‌كدا رایگه‌یاند: بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە زۆربەی وڵاتانی دونیادا، کۆمەڵگای مرۆڤایەتی رووبەرووی دۆخێکی قورسی تەندروستی و ئابووری کرد و هەرێمی کوردستانیش بەدەر نیە لەو دۆخە نەخوازراوە.

راشیگه‌یاندووه‌: "حکومەتی هەرێمی کوردستان لە پێناو سەلامەتی تەندروستی هاوڵاتیاندا هەموو توانەکانی لە پێناو رووبەرووبونەوەی ئەم پەتایە خستوه‌تەگەڕ و هاوڵاتیان دڵنیادەکاتەوە کە پاراستنی گیانیان و دابینکردنی گوزەرانی ژیانیان لە پێشینەی ئەرکەکەنیدایە".

ئه‌وه‌شی وتووه‌: "سەبارەت بە دابەشکردنی مووچە، وەزارەتەکانی (پێشمەرگە، تەندروستی، دارایی و ئابووری، ناوخۆ) مووچەیان وەرگرتووە و لە گوژمەی پێویست لە داهاتی هەرێم دابین کرابوو، بۆ وەزارەت و دامەزراوەکانی تر چاوەرێی هاتنی تەمویلەکەی بەغداین، هەرکاتێک گەیشت، راستەوخۆ دەست دەکەین بەدابەشکردنی مووچەی سەرجەم وەزارەت و دامەزراوەکانی تر بە میکانیزمێک کە رەچاوی رێنماییە تەندروستییەکان بکرێت".

وته‌بێژی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ئه‌وه‌ش ده‌ڵێت: "سەرجەمی مووچەی مووچەخۆران بۆ هەر مانگێک لە هەرێمی کوردستاندا بریتییە لە 894 ملیار دینار، لەو بڕە 453 ملیار دینار لە بەغداوە تەمویل دەکرێت، کە دەکاتە نزیکەی 51٪ کۆی پارەی پێویست بۆ دابەشکردنی مووچە، بەڵام بەهۆی ئەو دۆخە تەندروستیەو راگیرانی دەوامەوە لە بەغدا، هاتنی ئەو تەمویلە دواکەوتوە، بۆ ئەو مەبەستە بەرێز وەزیری دارایی و ئابووری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە پەیوەندی بەردەوامدایە لەگەڵ وەزارەتی دارایی حکومەتی فیدرال بۆ چارەسەرکردنی ئەو گرفتە، بۆیە ئێمە چاوەڕێین لە چەند رۆژی داهاتوودا ئەو تەمویلەمان بەدەست بگات بۆ تەواوکردنی دابەشکردنی خشتەی مووچەی سەرجەم وەزارەت و دامەزراوەکان".

ئه‌وه‌شی وتووه‌: "حکومەتی هەرێم بەردەوامە لە هەنگاوەکانی بۆ رووبەرووبونەوەی ئەم پەتایەو کاریگەرییەکانی لەسەر ئابووری هەرێمی کوردستان، سوپاسی هاوڵاتیان و دانیشتووانی هەرێم دەکەین کە تا ئێستا بە سەبر بوونە لەگەڵمان".

د. جوتیار عادل ئه‌وه‌شی خستووه‌ته‌ڕوو: "ئەمرۆ رۆژی ئەوەیە هەموو تاکەکانی کۆمەڵگا هاوکاری یەکتر بین تا هەموو پێکەوە بەسەر مەترسیی ئەم پەتایە و کاریگەرییەکانی زاڵ ببین، بۆیە چاوەڕوانین گشت لایەنەکان واقعیانە دۆخەکە لێکبدەنەوە و ئەم رەوشەی هاتووەتە پێش نەکرێتە کەرستەی موزایەداتی سیاسی، ئەم هەرەشەیە تەنیا لەسەر حکومەت یان لایەنێکی سیاسی نیە، گشتمان پێکەوە ئامانجی ئەم پەتایە و لێکەوتە نەرێنیەکانین، بۆیە پێکەوەش دەتوانین بەسەر ئەم مەترسیە زاڵ ببین".


PM:03:53:26/03/2020


ئه‌م بابه‌ته 5936 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو