منداڵێكی تازە لەدایکبوو لە سۆران دۆزرایەوە
وێستگە نیوز-
ئێوارەی ئەمڕۆ هەینی لە خانوویێکی تەواونەکراوی گەڕەکێکی سۆران منداڵێکی تازەلەدایکبوو دۆزرایەوە، منداڵەکە بۆ نەخۆشخانە گوێزراوەتەوە و باری تەندروستیی جێگیرە.
رێزان باڵەك، بەرپرسی راگەیاندنی نەخۆشخانەی لەدایکبوونی سۆران رایگەیاند، "منداڵەکە لەنێو خانوویێکی کەلاوەدا لەلایەن چەند منداڵێك كە بۆ یاریکردن چوونەتە ئەوێ دۆزراوەتەوە، منداڵەکان گوێبیستی گریانی کۆرپەلەکە بوونە و ماڵێكی دراوسێیان لێ ئاگادارکردووەتەوە".
بەگوتەی بەرپرسی راگەیاندنی نەخۆشخانەی لەدایکبوونی سۆران، خێزانەکە پۆلیسیان ئاگادارکردووەتەوە و بردوویانەتە نەخۆشخانەی لەدایکبوون. منداڵەكە لەنێو نایلۆنێکی رەش پێچرابوو و پێدەچێ مامان لەگەڵ ژنەکە بووبێت کە منداڵەکەی بووە، چونکە ناوکی بڕدرابوو و پێچرابووەوە.
لەبارەی تەندروستی منداڵەکە، رێزان باڵەك گوتی، تەندروستی باشە، بەڵام تاوەکو دۆزینەوەی کە رەنگە سێ کاژێری پێچووبێت سەرمای بووە.
کۆرپەکە کوڕە و کاژێر 04:00ـی ئێوارەی ئەمڕۆ دۆزراوەتە، بەرپرسی راگەیاندنی نەخۆشخانەی لەدایکبوونی سۆران دەڵێت، ئەو خێزانەی کە ھێناویانە بۆ نەخۆشخانە ژن و مێردێکن کە منداڵیان نابێت و زۆر داوایان کرد بدرێت بەوان، بەڵام بێ دادگا نەخۆشخانە ناتوانێ ئەو کارە بکات.
سەرچاوە: ڕووداو
PM:07:37:28/02/2020
ئهم بابهته 5212
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت