سەنتەری میترۆ: با میدیاكان هاوبەش بن لە رووبەروبوونەوەی كۆرۆنا


وێستگە نیوز ـ
سەنتەری میترۆ بۆ داكۆكی له‌ مافی رۆژنامه‌نووسان داوا دەكات میدیاكانی هەرێمی كوردستان لە قۆناغی خۆپاراستن لە نەخۆشی "كۆرۆنا" پاڵپشتی ئەو هەڵمەتە نیشتیمانییە بكەن بۆ بڵاوكردنەوەی رێنمایی و هۆشیاری خۆپارێزی تەندروستی، نەبنە سەكۆیەك بۆ بەرهەمهێنانی ترس و پروپاگەندە، پشت بە سەرچاوەی رەسمی ببەستن.


سه‌نته‌ری میترۆ له‌ راگه‌یه‌ندراوێ:دا ده‌ڵێت: "لەپاش بڵاوبونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا، حكومەتی هەرێمی كوردستان لە رێگەی وەزارەتەكانی ناوخۆ و و تەندروستی و پەروەردە پلانەكانیان بۆ رووبەروبوونەوەی قۆناغی خۆپاراستن لە نەخۆشییەكە راگەیاند، كارێكی باشە رۆژانە وەزیرەكانی تەندروستنی و ناوخۆ زانیاری و رێوشوێنی تازە بۆ رووبەروبوونەوە دەدەنە رای گشتی، لەپاڵ ئەو هەوڵانەیان، هاوڵاتیان چاویان لەو دوو وەزارەتەیە لە چالاككردنی چاودێری نەخۆشخانە و بازاڕ، بە ئامانجی پاراستنی تەندروستی گشتی".

سەنتەری میترۆ رایدەگەیەنێت: لەم قۆناغەدا ڤایرۆس ناپرسێت كوڕی كێیت، سەر بەكام حزبیت و ئایینەكەت چییە؟ مەترسییە بۆ سەر هەمووان، هەمووان دەبێت هاوبەش بین، لە رووبەرووبوونەوەی، بە تایبەتیش پێویستە میدیاكان لە رێگەی بەرنامەی هۆشیاری تەندروستی هاوبەش بن لە پلانی قۆناغی خۆپاراستن، رۆڵی بەرچاوتریان هەبێت لە هۆشیاركردنەوەی تەندروستی.
 
ئاماژه‌ی به‌وه‌شداوه‌: بڵاوكردنەوەی راپۆرت و هەواڵ سەبارەت بە تەندروستی گشتی، رووبەڕووبونەوەی پەتا و نەخۆشییە گواستراوەكان، هاوكاری هاوڵاتیان دەكات لە پاراستنی ژیانیان، ئەمەش پەیامێكی پیرۆزە، ئەم پەیامە دەبێت پشتببەستێت بە زانیاری روون وردبینی و راستگۆیی.

سەنتەری میترۆ داوا لە میدیاكانی هەرێمی كوردستان دەكات:
•    هەموو ئامرازەكانی پەیوەندیكردن بخەنە خزمەتی قۆناغی خۆپاراستن.
•    بەردەوام بن لەهۆشیاركردنەوەی هاوڵاتیان بە گرنگی خۆپاراستن.
•    گرنگی تەواو بدرێت بە ئاگادارییەكانی وەزارەتەكانی تەندروستی و ناخۆ.
•    پسپۆرانی تایبەتمەند بهێننە ناو بەرنامەكان، "كۆرۆنا" تێكەڵی سیاسەت مەكەن.
•    وێنە، ناو، ناونیشانی ماڵی نەخۆش ئاشكرا مەكەن، رێز لە مافی نەخۆش بگرن.
•    پروپاگەندە مەكەن بە هەواڵ، مەبنە سەكۆی بڵاوكردنەوەی ترس.
•    مەترسییەكان (بچوك) یان (گەورە) مەكەن، با سەرچاوەكانتان رەسمی بن.
•    پشت بەئامارەكانی وەزارەتی تەندروستی و رێكخراوی تەندروستی جیهانی ببەستن.
•    بە ووریاییەوە مامەڵە لەگەڵ سەرچاوەی تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان بكەن.
•    هۆشیاری زیاتر بدرێت لەسەر رێنماییەكانی وەزارەتی ناوخۆ و تەندروستی.
میترۆ چاودێری ئەوەی كردووە كە بەشێكی بەرچاوی میدیاكان، لەو قۆناغەدا رۆڵی گرنگیان هەبووە لە بڵاوكردنەوەی هۆشیاری تەندروستی، بەردەوام زانیاری دروست بڵاودەكەنەوە ئەركی پیشەیی خۆیان جیبەجێكردوە، هەر سەركەوتووبن.

هــ. ر


PM:03:05:27/02/2020


ئه‌م بابه‌ته 2644 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو