ئاڵا تاڵه‌بانی: کورد و عەلاوی لەسەر مووچە و شایستە داراییەکان رێکنەکەوتن


وێستگه‌ نیوزـ

په‌رله‌مانتارێكی یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان رایگه‌یاند كه‌ وه‌فدی حزبه‌ كوردستانییه‌كان له‌گه‌ڵ عه‌لاوی نه‌گه‌یشتونه‌ته‌ ئه‌نجام و ئاشكرایكرد كه‌ زۆر له‌ كێشه‌كان له‌ حكومه‌ته‌كه‌ی عه‌لاویدا جێگه‌ی نه‌كراوه‌ته‌وه‌.

ئاڵا تاڵه‌بانی، په‌رله‌مانتاری یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان له‌ په‌رله‌مانی عیراق له‌لاپه‌ڕه‌ی تایبه‌تیی خۆی له‌ تۆری كۆمه‌ڵایه‌تیی فه‌یسبوك رایگه‌یاندوه‌ كه‌ "پاش زنجیرەیەک لە دیدار کۆبونەوە و چاوپێکەوتن لەگەڵ ھێز و لایەنە سیاسیەکانی شیعە و سوننە و پەرلەمان و محەمەد تۆفیق عەلاوی، سەرۆک وەزیرانی راسپێرداروە بۆ پێکھێنانی حکومەتی نوێی عیراق، وەفدی حزبە کوردستانیەکان لە بەغدا گەڕانەوە بێ ئەوەی بگەنە ھیچ دەرئەنجامێک".

ئاڵا تاڵه‌بانی راشیگه‌یاندووه‌ كه‌ وه‌فدی حزبه‌ كوردستانییه‌كان کۆمەڵێک تێبینی ھەبوو لەسەر میكانیزم وبەرنامەی حکومەت له‌سه‌ر ناوچە جێناکۆکەکان هه‌بوو، بە تایبەت پارێزگای کەرکوک لە رووی کێشەی ئەمنی و ئیداری و مووچە و بودجە و شایسته‌كانی کورد لە حکومەتی نوێی عیراق.

ئاڵا تاڵه‌بانی رایگه‌یاندوه‌ كه‌ "ھیچ کام لەمانە لە نێو حکومەتەکەی محەمەد تۆفیق عەلاویدا جێگای نەکراوەتەوە، ھەر بۆیەوە وەفدی حزبە کوردستانیەکان گەڕاونەتەوە ھەرێم و سبەی سەرۆکی هه‌رێم له‌گه‌ڵ حزبە کوردستانیەکان لە سەرۆكایەتی هەرێم لەسەر ئەو پرسە کۆدەبنەوە و دەبێت حکومەتی ھەرێم بڕیاری چارەنوس ساز بدات."

ماوه‌ی چه‌ند رۆژێكه‌ وه‌فدێكی باڵای حزبه‌ سیاسییەكانی كوردستان بۆ گفتوگۆكردن لەسەر كابینەی نوێی حكومەتی عیراق و شایسته‌ داراییه‌كان و مافه‌كانی كورد لە بەغدان و چه‌ند جارێك له‌گه‌ڵ سه‌رۆك وه‌زیرانی راسپێردراوی عیراق كۆبونه‌وه‌.

دوای كۆبوونه‌وه‌كانیش ئه‌مشه‌و دووشه‌ممه‌ وه‌فده‌كه‌ گه‌ڕایه‌وه‌ هه‌رێمی كوردستان و بڕیاره‌ سبه‌ینێ له‌گه‌ڵ نیچیرڤان بارزانی، سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان كۆببنه‌وه‌ و تاوتوێی ئه‌نجامی گفتوگۆكان بكه‌ن.

چاوه‌ڕوانیش ده‌كرێت له‌ماوه‌ی ئه‌م هه‌فته‌یه‌دا سه‌رۆك وه‌زیرانی راسپێردراوی عێراق كابینه‌كه‌ی پێشكه‌شی په‌رله‌مان بكات و متمانه‌ بۆ پێكهێنانی حكومه‌ت وه‌ربگرێت.


PM:10:58:23/02/2020


ئه‌م بابه‌ته 5480 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو