بەوێنە...لەھەولێر 12شوێنی پێداویستی پزیشکی داخران


وێستگە نیوز- 
بەسەرپەرشتی قایمقامی هەولێر و لێژنەی پشکنین وبەدواداچوون لە وەزارەتی تەندروستی و بەشی پۆلیسی شارەوانی بەشێوەیەکی مەیدانی لەنێو بازاڕی هەولێر بەدواداچوونیان بۆ گرانبوونی پێداویستییە پزیشکییەکان و دەمامک کرد و لێپێچینەوە لەو فرۆشیارانە کرا کە نرخی کاڵاکان زیاد دەکەن. قایمقامی هەولێر ئاماژەی بەوە کرد، لە هەرێمی کوردستان هیچ حاڵەتێکی تووشبوون بە ڤایرۆسی کۆرۆنا تۆمار نەکراوە و هەرکەسێک دەمامک گران بکات، سزادەدرێت.

بەڕێز (نەبەز عەبدولحەمید)قایمقامی قەزای ناوەندیی هەولێر رایگەیاند، "دوای ئەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە ئێران سەری هەڵدا، ئەمڕۆ لیژنەی باڵای بەرەنگاربوونەوەی نەخۆشیی کۆرۆنا لە هەرێمی کوردستان کۆبووەوە. یەکێک لە راسپاردەکانی ئەوە بوو کە لیژنەکان لە بازاڕەکاندا بەدواداچوونی مەیدانی بکەن، لەبەر ئەوەی لەلایەن هاونیشتمانییانەوە خواستێکی زۆر لەسەر دەمامک هەبوو.لەکاتی گەڕان وبەدواداچوونەکانی ئەمڕۆ 18 شوێن پشکنینیان بۆئەنجام درا 12شوێن داخران کە پێداویستیی تەندروستی و دەمامکیان گران فرۆشتووە و سەرپێچیی رێنماییەکانیان کردووە. ئەوەش بۆ ئەوەیە رێگە لەو کەسانە بگرین کە دەیانەوێت ئەو بارودۆخە بقۆزنەوە".

قایمقامی هەولێر ئاماژەی بەوە کرد لێرەوە هاونیشتمانییان دڵنیا دەکەینەوە کە تیمەکان بەدواداچوونی پێویست دەکەن وە ڕێگانادرێت بەھیچ کەس وبازرگانێک قۆرغکاری بکات بەپێچەوانەوە بەتوندترین شێوە بەپێی یاسا سزا دەدرێن". 


AM:12:32:23/02/2020






















ئه‌م بابه‌ته 2332 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو