ته‌ندروستی سۆران له‌ باره‌ی هاوڵاتیه‌ گه‌ڕاوه‌كانی هه‌رێم روونكردنه‌وه‌ ده‌دات


وێستگه‌ نیوز ـ
بەڕێوەبەرایەتی نەخۆشخانەی ئاشتی لە سۆران رایگەیاند، "لەناو ئەو كەسانەی لە ئێران گەڕاونەتەوە بۆ سۆران، هیچ حاڵەتێكی گوماناوی بۆ توشبوون بە کۆرۆنا تۆمارنەكراوە".

بەشی راگەیاندنی نەخۆشخانەی ئاشتی لە قەزای سۆران رایگەیاند، "بۆ پشكنینی ئەو هاوڵاتییانەی لە ئێرانەوە گەڕاونەتەوە و لە دوو هۆتێلی شاری سۆران نیشتەجێكراون، دوو تیمی پزیشكی پێكهێنراون و تائێستا هیچ حاڵەتێكی گوماناوی تۆمارنەكراوە".

راشیگەیاند، "دوای گەڕانەوەی سەدان هاوڵاتی بە دەروازەی سنوری نێودەوڵەتی حاجی ئۆمەراندا، دوو تیمی پسپۆڕی پزیشكی، لەژێر سەرپشتی بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی ئاشتیدا پێكهێنراون، پشكنین بۆ هەموو ئەو كەسانە كراوە كە لە ئێران گەڕاونەتەوە".

ئاماژەی بەوەشکردووە، "خۆشبەختانە لە پشكنینەكاندا هیچ حاڵەتێكی گوماناوی تۆمار نەكراوەو پێویست بەهیچ دڵەڕاوكێیەک ناكات."

لەلایەکی دیکەوە، سەدان هاوڵاتی دیکە لە رێگەی مەرزی باشماخەوە گەڕاونەتەوە و لەلایەن بەرپرسانی مەرزەکەوە راگیراون.

بەڕێوەبەرایەتی مەرزی باشماخیش رایگەیاند، "شوێنی شیاویان بۆ گەشتیارە گەڕاوەکانی هەرێم دابینکردووە و لە چاوەڕوانی وەزارەتی تەندروستی و لایەنە پەیوەندیدارەکانی دیکە دان کە جێگایان لە سلێمانی بۆ دابین بکەن."

ئەمەش لەکاتێکدایە، بە گیانلەدەستدانی چوار کەس، ئێران بووە شەشەم وڵات کە لە دوای چینەوە گیانلەدەستدانی بەهۆی کۆرۆناوە تێدا تۆمارکرا.

بە مەبەستی رێگریكردن لە بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا، وەزارەتی ناوخۆی حكومەتی هەرێم بڕیاریداوە سەرجەم گەشتەكانی نێوان ئێران و هەرێم رابگرێت و داواش لە هاوڵاتیانی هەرێم  دەكات گەشتەكانیان بۆ ئەو وڵاتە بۆ ماوەیەكی كاتی دوابخەن.

هــ. ر


AM:12:03:22/02/2020


ئه‌م بابه‌ته 2268 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو