فراكسیۆنی گۆڕان چه‌ند ئه‌نجامێكی به‌دواداچوونیان بۆ كه‌یسی منداڵه‌ حه‌وت ساڵانه‌كه‌ ده‌خاته‌ڕوو


وێستگه‌ نیوز ـ
فراکسیۆنی‌ گۆران لە پەرلەمانی‌ کوردستان، بەدواداچوون بۆ کەیسی‌ دەستدرێژیکردنە سەر منداڵە حەوت ساڵانە دەکات و چەند ئەنجامێکی‌ بەدواداچوونەکە دەخاتە ڕوو.


فراکسیۆنی‌ گۆڕان لە راگەیەراوێکدا ئاماژە بەوەدەکات، پاش بەدواداچون و کۆکردنەوەی زانیاری و سەردانیکردن گفتوگۆ لەگەڵ باوکی منداڵەکەو لایەنی پەیوەندیدار گەیشتنە ئەوەی‌ ئەم منداڵە لە بەردەم دادوەردا دەستی لەسەر وێنەی یەکێک لەوانە داناوە کە دەستدرێژیەکەی کردووەتە سەری، بەپێی وتەی پارێزگاری ھەولێر ئەو کەسە ئازادنەکراوە.

بە پێی‌ بەدواداچوونەکانی‌ فراکسیۆنی‌ گۆڕان، یەکێک لە تۆمەتبارەکانی ئەم تاوانە زڕدایکی منداڵەکەیە کە لەگەڵ چەند کەسێکی دیکەدا تۆمەتبارن و ئێستا دەستگیرنەکراون.

دەقی‌ راگەیەنراوەکە:

 
ئەنجامی بەدوداچون بۆ دۆسیەی لاڤانی حەوت ساڵان
ماوەی دوو ڕۆژە لە بە دواداچونداین بۆ دۆسیەی لاڤانی حەوت ساڵان...
دەستدرێژی کردنە سەر منداڵیکی حەوت ساڵانە و دواتر فڕێدانی تاوانێکی قیزەونەو چاوپۆشی لێکردن و داخستنی ئەم دۆسێیە قبوڵکراو نیە...

بەدڵنیایی ئەوەی پێویست بێت بۆ بەرگری لەم منداڵە دەیکەین، لە ئاستی پەرلەمانی دا بەدواداچون دەکەین ، بۆ دادگاش پارێزەر ی بۆ دابین دەکەین.

پاش بەدواداچون و کۆکردنەوەی زانیاری و سەردانیکردن گفتوگۆ لەگەڵ باوکی منداڵەکەو لایەنی پەیوەندیدار گەیشتینە ئەم ئەنجامە.

- ئەم تاوانە لە مانگی نیسانی ساڵی ڕابردودا ئەنجامدراوە.

- ئەم منداڵە لە بەردەم دادوەردا دەستی لەسەر وێنەی یەکێک لەوانە داناوە کە دەستدرێژیەکەی کردووەتە سەری، بەپێی گوتەی پارێزگاری ھەولێر ئەو کەسە ئازادنەکراوە.

- سزای ئەوانەی ئەم تاوانەیان کردوە زیندانی ھەتا ھەتایی بۆ لە سێدارەدانە، بەداخەوە ئەوەی کەمتەرخەمی کردوەو بەرپرسیارە دەزگاوھێزەکانی پۆلیسە، کە لەکاتی روداوەکەدا دەیانتوانی بەدواداچونی تەواوبکەن بۆ ئەم ڕوداوەو بەڵگەکان بخەنە بەردەست دادوەر.

- پاش گفتوگۆو بەدواداچون لەگەڵ پارێزگاری ھەولێرو وەزارەتی ناوخۆ، بڕیارە لە سبەینێوە لێکۆڵینەوە لە ڕوداوەکە بکرێتەوەو بەڵگەی پێویست کۆبکرێتەوە لەسەر تۆمەتباران و بخرێتە بەردەست دادگا.

- بەپێی ئەو بەدواداچونانەی کردومانە زانیاری و سەرەداوی پێویست ھەیە بۆ دەستگیکردنی سەرجەم تۆمەتباران و کۆکردنەوەی بەڵگە، پاشان دادگاییکردنیان و سزادانیان.

- یەکێک لە تۆمەتبارەکانی ئەم تاوانە زڕدایکی منداڵەکەیە کە لەگەڵ چەند کەسێکی دیکەدا تۆمەتبارن و ئێستا دەستگیرنەکراون!!

- دڵنیاییمان دابە باوکی منداڵەکە بەھەموو شێوەیەک پشتیوانی دەبین.

- کەس و کاری ئەم منداڵەو خەڵکی کوردستانیش دڵنیادەکەینەوە لە بەدواداچونمان بۆ ئەم دۆسێیە بەردەوام دەبین، ئاگاداری وردەکاری دۆسیەکەین، نابێت چاوپۆشی لە ھیچ کەس بکرێت لەژێر ھیچ ناوێکدا تاوەکو تاوانباران سزای یاسایی وەردەگرن.

فراکسیۆنی گۆڕان لە پەرلەمانی کوردستان
٢٠٢٠/٢/٢١


PM:09:05:21/02/2020


ئه‌م بابه‌ته 3552 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

زۆرترین خوێندراو