ئه‌نجومه‌نی دادوه‌ری: تۆمه‌تبارانی ده‌ستدرێژی بۆ سه‌ر كچه‌ منداڵه‌كه‌ به‌ ده‌سته‌به‌ری ئازاد كراون

‌کچەکە لە ئامێزی باوکیدا..

وێستگه‌ نیوز ـ
به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی راگه‌یاندنی ئه‌نجومه‌نی دادوه‌ری هه‌رێمی كوردستان زانیاری نوێ له‌ باره‌ی رووداوی ده‌ستدرێژی كردنه‌ سه‌ر كچه‌ حه‌وت ساڵانه‌كه‌ ده‌خاته‌ڕوو و رایده‌گه‌یه‌نێت: "تۆمه‌تبارانی رووداوه‌كه‌ به‌ ده‌ستبه‌سه‌ركراوی ئازاد كراون".


له‌ روونكردنه‌وه‌كه‌دا هاتووه‌: "دوای ئه‌وه‌ی تۆمه‌تباران كه‌ دوو ئافره‌ت و پیاوێك بوون به‌ راگیراوی له‌ دادگای لێكۆڵینه‌وه‌ ره‌وانه‌ی دادگای تاوانه‌كان كران له‌ قۆناغی دادگایی كردن له‌ دادگای تاوانه‌كان به‌ پێی یاساو ده‌سه‌ڵاته‌ رێپێدراوه‌كان تۆمه‌تباره‌كان به‌ ده‌سته‌به‌ری ئازاد كراون تا ئه‌نجامی دادگاییكردنیان یه‌كلا ده‌بێته‌وه‌".

هاوكات ئه‌مڕۆ سه‌میر هه‌ورامی، وته‌بێژی قوباد تاڵه‌بانی، جێگری سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێم رایگه‌یاند، "قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆک وەزیران بەدواداچوونی بۆ دۆسیەکە کردووە و لەلایەن پارێزگاری هەولێر و لایەنە پەیوەندیدارەکانی دیکەوە دڵنیا کراوەتەوە کە رێکاری یاسایی پێویست گیراوەتەبەر".

ئه‌وه‌شی وتووه‌: "تا ئێستا تاوانبارێک گیراوە و چاوەڕێی بڕیاری دادگا دەکات و لێکۆڵینەوەش لەگەڵ چەند گومانلێکراوێکی دیکە لە دۆسیەکەدا بەردەوامە".

وته‌بێژه‌كه‌ی قوباد تاڵه‌بانی ته‌كئیدی كردووه‌ته‌وه‌، "هاوڵاتیان دڵنیا دەکەینەوە کە هیچ نەرمی نواندن و چاوپۆشیکردنێک بەرامبەر تێوەگلاوانی ئەم تاوانە قێزەونە کە لە نیسانی ساڵی 2019 دا روویداوە‌ قبوڵ ناکرێت".


ده‌قی روونكردنه‌وه‌كه‌ی ئەنجومەنی دادوەری:

روونكردنه‌وه‌یه‌ك له‌ به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی راگه‌یاندنی ئه‌نجومه‌نی دادوه‌ری هه‌رێمی كوردستان

ماوه‌ی چه‌ند ڕۆژێكه‌ له‌ ده‌زگاكانی ڕاگه‌یاندن و تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كان هه‌واڵ و زانیاری نادروست سه‌باره‌ت به‌ دۆسیه‌ی ده‌ستدرێژی كردنه‌ سه‌ر كچێكی ته‌مه‌ن حه‌وت ساڵان بڵاو بۆته‌وه‌ گوایه‌ تۆمه‌تبارانی ئه‌و دۆسیه‌یه‌ ئازادكراون.

ئێمه‌ له‌ ئه‌نجومه‌نی دادوه‌ری له‌كاتێكدا سه‌رله‌به‌ری ئه‌و ده‌نگۆیانه‌ ره‌ت ده‌كه‌ینه‌وه‌ رایده‌گه‌یه‌نین كه‌ ئه‌و دۆسیه‌یه‌ له‌ قۆناغی لێكۆڵینه‌وه‌دا تاكو بۆ دادگای تاوانه‌كان ره‌وانه‌ كراوه‌ به‌ وردی كاری له‌سه‌ر كراوه‌و دوای ئه‌وه‌ی تۆمه‌تباران كه‌ دوو ئافره‌ت و پیاوێك بوون به‌ راگیراوی له‌ دادگای لێكۆڵینه‌وه‌ ره‌وانه‌ی دادگای تاوانه‌كان كران له‌ قۆناغی دادگایی كردن له‌ دادگای تاوانه‌كان به‌ پێی یاساو ده‌سه‌ڵاته‌ رێپێدراوه‌كان  تۆمه‌تباره‌كان به‌ ده‌سته‌به‌ری ئازاد كراون تاكو ئه‌نجامی دادگاییكردنیان یه‌كلا ده‌بێته‌وه‌.

 ئێستاش پرۆسه‌ی دادبینی له‌م دۆسیه‌یه‌ له‌ دادگای تاوانه‌كانی هه‌ولێر به‌رده‌وامه‌و هه‌ر بڕیارێكیش ده‌ركرابێت قابیلی تانه‌لێدانه‌ به‌ رێگه‌ یاساییه‌كانه‌وه‌. ئێمه‌ له‌ ئه‌نجومه‌نی دادوه‌ری راده‌گه‌یه‌نین كه‌ پرۆسه‌ی دادبینی ئه‌و دۆسیه‌یه‌ به‌ رێڕه‌وی یاسایی خۆیدا تێپه‌ڕ بووه‌ه‌و دادگا به‌ هیچ شێوه‌یه‌ك به‌ تێڕوانینی حزبایه‌تی یان لایه‌نگری بۆ لایه‌نێكی دیاریكراو كار ناكات.

هه‌روه‌ها هه‌ر كه‌سێك تێبینی یان رخنه‌ی له‌ بڕیاره‌كانی دادگا هه‌یه‌ ده‌توانێ به‌ رێگه‌ی یاسایی خۆی تانه‌ له‌ بڕیاره‌كه‌ بدات . هه‌روه‌ها سكاڵاكار له‌گه‌ل بریكاره‌كه‌ی ده‌توانێ سه‌ردانی دادگای تاوانه‌كان بكات بۆ دڵنیابوون له‌ چۆنیه‌تی به‌ڕیوه‌چوونی پرۆسه‌ی دادگاییكردنه‌كه‌.

به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی راگه‌یاندنی ئه‌نجومه‌نی دادوه‌ری هه‌رێمی كوردستان

21/2/2020

هــ. ر


PM:08:49:21/02/2020


ئه‌م بابه‌ته 3516 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

زۆرترین خوێندراو