غالب محه‌مه‌د: پارتی و یه‌كێتی كه‌ی به‌رژه‌وه‌ندییان ده‌كه‌وێته مه‌ترسیه‌وه داوای یه‌كڕیزی ده‌كه‌ن
غالب محه‌مه‌د
وێستگه نیوز ـ
غالب محه‌مه‌د، په‌رله‌مانتاری فراكسیۆنی گۆڕان له ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عیراق باس له لاوازبوونی رۆڵی گروپی 15 ده‌كات له به‌غدا و ده‌شڵێت: "وه‌ك خۆم ده‌نگ به هیچ وه‌زیرێكی حزبی و گه‌نده‌ڵ ناده‌م".
غالب محه‌مه‌د، به وێستگه نیوزی راگه‌یاند: گروپی 15 كه‌له فراكسیۆنه‌كانی (گۆڕان، یه‌كگرتوو، كۆمه‌ڵ و نه‌وه‌ی نوێ پێكهاتبوو) رۆڵێكی باشیان هه‌بوو بۆ ئه‌وه‌ی رێگه نه‌ده‌ن پارتی و یه‌كێتی به‌ناوی یه‌كڕیزی و ته‌بایی ماڵی كورده‌وه چی كارێك بیانه‌وێت له به‌غدا ئه‌نجامی بده‌ن و له كوردستانیش گوێ له كه‌س نه‌گرن.
ئاماژه‌ی به‌وه‌شدا: به‌ڵام دوای سه‌ردانی شانده‌كه‌ی پارتی و یه‌كێتی، كه گۆڕان و كۆمه‌ڵ و یه‌كگرتووشیان له‌گه‌ڵدابوو، رۆڵی گروپه‌كه زۆر لاواز بووه و كاریگه‌ری كه‌مبووه‌ته‌وه.
محه‌مه‌د تۆفیق گه‌للاوی، سه‌رۆك وه‌زیرانی راسپێردراوی عیراق له وتارێكدا ئێواره‌ی ئه‌مڕۆ رایگه‌یاند: رۆژی دووشه‌ممه‌ی داهاتوو پێكهاته‌ی كابینه‌ی نوێی حكومه‌تی عیراق پێشكه‌شی په‌رله‌مان ده‌كرێت بۆ ده‌نگدان له‌سه‌ری.
هاوكات شاندێكی پارتی و یه‌كێتی، به هاوبه‌شی له‌گه‌ڵ گۆڕان و كۆمه‌ڵ و یه‌كگرتوو بۆ دانووستاندن له‌گه‌ڵ به‌رپرسانی عیراق له به‌غدان.
غالب محه‌مه‌د، په‌رله‌مانتاره‌كه‌ی فراكسیۆنی گۆڕان راشیگه‌یاند: پارتی و یه‌كێتی كه‌ی ده‌زانن به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانیان ده‌كه‌وێته مه‌ترسیه‌وه داوای یه‌كڕیزی له لایه‌نه كوردستانیان ده‌كه‌ن، كه مه‌ترسیش نامێنێت حساب بۆ هیچ كام له حزبه‌كان ناكه‌ن.
ئه‌وه‌شی خسته‌ڕوو: "به‌ڵام ئه‌مجاره ئیدی بڕوایان پێناكه‌ین و من وه‌ك خۆم رۆژی دووشه‌ممه 24ی شوباتی 2020، له په‌رله‌مانی عیراق ده‌نگ به هیچ وه‌زیرێكی حزبی و گه‌نده‌ڵ ناده‌م، یان وه‌زیرێك كه دووباره بێت و پێشتر تاقی كرابێته‌وه و سه‌ركه‌وتوو نه‌بووبێت".
له پێكهێنانی حكومه‌تی عیراقدا جگه له پارتی و یه‌كێتی، هیچ كام له حزبه‌كانی تر وه‌زاره‌تیان له كابینه‌كه‌ی عادڵ عه‌بدولمه‌هدی پێنه‌درا، له كابینه‌كه‌ی عه‌للاویش، هێشتا شانده‌كه‌ی پارتی و یه‌كێتی، كه نوێنه‌ری گۆڕان و كۆمه‌ڵ و یه‌كگرتووشی تیایه نه‌گه‌یشتوونه‌ته رێككه‌وتن له‌سه‌ر دانانی وه‌زیری كورد له كابینه‌كه‌ی، به‌وپێیه‌ی عه‌للاوی وه‌زیری حزبی ره‌تده‌كاته‌وه.
هــ. ر
PM:09:38:19/02/2020
ئه‌م بابه‌ته 5304
جار خوێنراوه‌ته‌وه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت